4659 کوردستان

هاوڕێیەكی جوانڕۆی باڵەبان زانیاری نوێ سەبارەت بە رووداوی كوشتنەكەی ئاشکرا دەکات

02:16 - 23/06/2021

زەمەن- پشتیوان جەمال

هاوڕێیەكی نزیكی هونەرمەندی میللی جوانڕۆی باڵەبان رووداوی كوشتنی ئەو هونەرمەندە بە كارێكی "تیرۆر" دادەنێت و رایدەگەیەنێت "ئەو تاوانە كتوپڕ رووینەداوە، بەڵكو نەخشە بۆ كێشراوە و هیچ بە دووری نازانم چەند رۆژێك لەمەوپێش ئەو كەس و لایەنەی ئەم تاوانەى كردووە نەخشەی بۆ كێشابێت".


پاشنیوەڕۆی دوێنێ پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، تەرمی هونەرمەندی میللی جوانڕۆی باڵەبان لەنزیك شاری هەولێر بە كوژراوی دۆزراوەتەوە، جوانڕۆ ئەندامی تیپی جوقی وەزارەتی پێشمەرگە بووە و لەڕۆژانی رابردوودا بەمەبەستی دەوامكردن چووە بۆ شاری هەولێر، شەوی رابردووش تەرمەكەی گەڕێنرایەوە بۆ شاری سلێمانی و بەخاك سپێردرا، بەڵام تائێستا كەس لەسەر ئەو روداوە دەستگیر نەكراوە.

هاوڕێ پەنا، ئەندامی كۆمەڵەی كەلەپوری كورد و هاوڕێی جوانڕۆی باڵەبان بە "زەمەن"ی راگەیاند "تاوانی رفاندن و خنكاندنی هونەرمەند جوانڕۆی باڵەبان تاوانێكی قێزەونە، هەر كەس و لایەك لەپشت ئەو تاوانەوە بێت ئیدانەی دەكەین و كارێكی تیرۆریستییە، بۆیە داوا لە حكومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و د.خەسرەو گوڵ محەمەد، سەرۆكی دەزگای ئاسایش و وەزیرانی رۆشنبیری و پێشمەرگە دەكەین هەوڵ بدەن بەدواداچوون بكەن بۆ ئاشكراكردنی ئەو تاوانە".

ناوبراو روونیكردەوە "پێموایە ئەم جۆرە تاوانانە بۆیە زوو زوو دووبارە دەبنەوە، چونكە چاوپۆشییان لێدەكرێت و دیزەبەدەرخۆنە دەكرێن بەتایبەتی هەست دەكەین بۆ بەرژەوەندی لایەك بەتایبەتی لەدژی نووسەران و چالاكانی مەدەنی، چونكە كاتێك دەتەوێت بزانێت ئەو كەسانە بۆچی تیرۆركراون دەبینیت پەیوەندی بە هەڵوێستەكانیانەوە هەبووە، نزیكەی چوار ساڵە جوانڕۆ دەیناسم و كاری لەگەڵ دەكەم باوەڕ ناكەم كێشەی لەگەڵ كەسدا هەبووبێت، كەسوكاریشی بەهەمانشێوە دەڵێن كێشەیان لەگەڵ كەسدا نییە".

بەوتەی هاوڕێ پەنا "كەسە نزیكەكانی جوانڕۆ لەوەزارەتی پێشمەرگە وتویانە ئەو رۆژە تا ئێوارە و شەوەكەشی لەگەڵ هاوڕێكانیدا لەكاتی ئەركدا بووە و دەمەقاڵێی لەگەڵ كەسدا نەبووە، پاشان وتویەتی برسیەتی و دەیەوێت بڕوات نان بخوات، دواتر رووداوەكە نادیارە".

ئەو هاوڕێیەی جوانڕۆی باڵەبان ئاماژەی بەوەكرد "بەبۆچوونی خۆم، ئەو تاوانە كتوپڕ رووینەداوە، بەڵكو نەخشە بۆ كێشراوە و هیچ بە دووری نازانم چەند رۆژێك لەمەوپێش ئەو كەس و لایەنەی ئەم تاوانەوە كردووە نەخشەی بۆ كێشاوە، بۆیە دەكرێت لایەنی پەیوەندیدار لێكۆڵینەوە بكەن".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن