کوردستان

هەوڵ و شكستی میلیشیا عێراقییەكان لە ترساندنی حكومەت

03:43 - 29/05/2021 77 جار خوێندراوەتەوە

زه‌مه‌ن

نوسینی: مایكڵ نایتس
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: فەلاح حەسەن


لە 26ی ئەم مانگە (ئایار)، دەسەڵاتدارانی عێراق قاسم موسڵیح فەرماندەی سەربازییان دەستگیركرد بەتۆمەتی هەبونی پەیوەندی لە دۆسیەی كوشتنی ئیهاب وەزنی رێكخەری خۆپیشاندانەكان لە 9ی ئەم مانگە. 

موسڵیح فەرماندەیەكی دیار بو لە هەوڵەكانی ئێران بۆ كۆنترۆڵكردنی سنورەكانی عێراق و سوریا لەڕێی میلیشیا عێراقییە بەكرێگیراوەكانی ئێرانەوە و لە نزیكیشەوە كاری دەكرد لەگەڵ كەتائیبی حیزبوڵا كە ئەمەریكا وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی ناساندویەتی و هەروەها لەگەڵ حەشدی شەعبیش كاری دەكرد.

 لە كاتی دەستگیركرنیدا، موسڵیح گواسترایەوە بۆ بنكەی سەرەكی سەربازی لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەكانی عێراق كە پێگەیەكە دەكەوێتە بەغدای پایتەخت و زۆر سەلامەت و پارێزراوە بەتایبەت لەبەرامبەر هێرشی میلیشیاكان و بەهەمان شێوە پێگەی هاوپەیمانە سەرەكییەكان و هەروەها ناتۆیە. 


هاوشێوەی دەستگیركردنێكی دیكەی هاوشێوە لە حوزەیرانی 2020، میلیشیا چەكدارەكان هەوڵیاندا هێرش بكەنە سەربنكە حكومییەكان و هەڕەشەكردن لە دەسەڵاتداران بۆ ئازادكردنی موسڵیح.


 بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم جارەیان حكومەت رەتیكردەوە كە دەرەنجامێكی ئابڕوبەرانەی هاوشێوەی ساڵی رابردو بێتە كایەوە لەبەرامبەر ئازادكردنی ئەو دەستگیركراوە و روبەڕوبونەوەدا لەگەڵ میلیشیاكان لەو كاتەی كە گەمارۆی شوێنی نیشتەجێبونی سەرۆك وەزیران درا و دواتر دەستگیركراون لەماوەیەكی كەمدا ئازاد كران. موسڵیح هێشتاكە و تاوەكو نوسینی ئەم بابەتە، لەنێو گرتوخانەكانی عێراقدایە و ئازاد نەكراوە وەك ئەوەی بانگەشە و پڕوپاگەندەی بۆ دەكرێت. ئەو روداوە دەریخست كە حكومەت و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانی هەندێك وانە (نەك زۆر) فێر بون لە روداوەكەی حوزەیرانی ساڵی رابردو. 

چیرۆكی دو دەستگیركردنەكە

هەرچەندە هەردو ئۆپەراسیۆنی دەستگیركردنەكەی ئەمساڵ و ساڵی رابردو كە لە سەرەوە ئاماژەیان پێكرا تاكە ئۆپەراسیۆن نەبون كە لەلایەن مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانەوە فەرمانی ئەنجامدانیان درا، بەڵام ئەو دو ئۆپەراسیۆنە بەتایبەت زۆر گەورە كران و ئاماژەی بەرچاویان پێدرا، هەربۆیە بەراوردكردنیان بە ئۆپەراسیۆنەكانی دیكە بەهادارە. 

حوزەیرانی 2020: پاشەكشەیەكی ئابڕوبەرانە

لە 25ی حوزەیرانی 2020، هێزی دژەتیرۆری عێراق 14 ئەندامی كەتائیبی حیزبوڵایان دەستگیركرد كە سەقاڵی ئامادەكاری بون بۆ هەڵدانی موشەك بە ئاراستەی فڕۆكەخانەی بەغدا و باڵیۆزخانەی ئەمەریكا. 


وەك كاردانەوەیەك لە بەرامبەر ئەو دەستگیركردنە، كەتائیبی حیزبوڵا قۆڵی لێ هەڵماڵی بە ئاراستەی زۆنی نێودەوڵەتی (ناوچەی سەوز)و لەو چوارچێوەیەشدا ئەبو فەدەكی فەرماندەی ئەو گروپە بە خۆی و 150 چەكدار و ئوتومبیلی سەربازییەوە بەرەو كازمیە بەڕێ كەوتن و داوای ئازادكردنی دەستگیركراوەكانیان كرد. 13 لەو دەستگیركراوانە بە ماوەیەكی كەم ئازاد كران و لە كەناڵەكانی ئەو گروپە چەكدارەوە هەڵایەكی گەورەیان بەدوادا هات و دەستگیركراوەكانی دیكەش كە بۆ ماوەیەكی درێژتر لەگرتوخانەكاندا هێڵرانەوە دواتر لەلایەن دادگا و بەفشار سیاسەییە لایەنگرەكانی میلیشیا چەكدارەكانەو ئازاد كران (تەنها یەك دانەیان بە فەرمی فەرمانی دسەتگیركردنی هەبو). 

دیمەنی گروپە چەكدارەكان كە گەمارۆی سەرۆك وەزیرانیان دا و داوای ئازادكردنی بەپەلەی دەستگیركراوەكانیان دەكرد، سەلمێنەری متمانەیەكی تێكشكا و وێرانە لەنێوان كازمی و فەرماندە ئەمنییەكانی و خەڵكی عێراق و هاوپەیمانان. 

ئایاری 2021: سەروەریی یاسا بەرقەرارە:

پاش ئەوەی لە 9ی ئایاردا وەزنی لە كەربەلا كوژرا، خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەرفراوان لە بەردەم كونسوڵخانەی ئێران لەو شارە رێكخرا و خۆپیشاندەران حكومەتی تاران و میلیشیا چەكدارە بەكرێگراوەكانی ئێرانیان تۆمەتبار دەكرد بە كوشتنی ناوبراو. پاش لێكۆڵینەوە لە روداوەكە، دەسەڵاتداران فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ موسڵیح دەركرد كە فەرماندەی لیوای 13ی سەربە حەشدی شەعبی بو و هەروەها لایەنگرێكی نزیكی كەتائیبی حیزبوڵا بو. 

جارێكی دیكە، هێزی دژە تیرۆری عێراق ئۆپەراسیۆنێكی ئەنجامدا بۆ رەوانەكردنی ئەو دەستگیركراوە بەرەو بەغدا. پێچەوانەی دەستگیركردنەكەی ساڵی رابردو، ناوچەی سەوز بەتوندی بەرگری لێكرا و پارێزرا لە ئەگەری هەر كاردانەوەیەكی توندی میلیشیاكان. 

هەرچەندە چەند چەكدارێك لەنێو ناوچەی سەوز هەوڵیاندا خۆتوندكردنەوە (كە لەوێ چەكداران بەناوی جیاوازەوە رێگەیان پێ دەدرێت بۆ مانەوە)، بەڵام ئەو چەكدارانە هیچ پشتیوانییەكیان لەدەرەوەی ناوچەی سەوز پێ نەگەیشت چونكە ناوچەكە و هەروەها هەریەك لە سەرۆك وەزیران و لەهەمان كاتدا دەستگیركراوەكەش پارێزراو بون. 

چەند فاكتەرێكی دیكە بەهەمان شێوە بەشدار بون لە هێنانەكایەی دەرەنجامی باش لەم دەستگیركردنەی ئەمساڵدا. پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ جموجۆڵ و چالاكییەكانی حكومەت لەمساڵد زۆر بەهێزتر بو لە ئۆپەراسیۆنی دەستگیركردنەكەی ساڵی رابردو كە بوە هۆی بەرزڕاگرتنی شكۆی بەغدا لەبری ئەوەی كە لە كازمیە جێی بهێڵن و تەنها لە ناوچەی سەوزدا قەتیسی بدەن. لەوەش زیاتر، بە دەستگیركردنی موسڵیح، لەبری ئەوەی حكومەت پەنا بەرێتە بەر تۆمەتبارەكانی تر بەبێ فەرمانی دەستگیركردن، حكومەت توانی رێگری لە میلیشیا چەكدارەكان بكات لە بەدەستهێنانی ئامانجی ئازادكردنی بەپەلەی دستگیركراوان و بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندەی سەركەوتن. 


ئەگەر ئەو لاوازییە بەردەوام بوایە، ئەوا دەبو حكومەت بەردەوام هەوڵی بەرپەرچدانەوەی پڕوپاگەندەی میلیشیاكانی بدایەتەوە كە وا وێنایان دەكرد ناوچەی سەوزیان كۆنترۆڵ كردوە و ئازادكردنی دەستگیركراوەكانیشیان مسۆگەر كردوە. 

هەوڵی میلیشیاكان بۆ پاراستنی پێگە و ناوبانگی خۆیان


دەستگیركردنی موسڵیح تەنها یەكێكە لە پاشەكشە زۆرەكانی میلیشیا چەكدارە بەكیرێگیراوەكانی ئێران كە لە ساڵی رابردوەوە بەدەست كشانەوە دەناڵێنن. 

لە كانونی دوەمی 2020 ئەو میلیشیایانە قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسداران و هەروەها ئەبو مەهدی موهەندیس باوكی رۆحییان بەهۆی بۆردومانی ئەمەریكاوە لەدەستدا. پێنج مانگ دواتر مستەفا كازمی كە نەیارێكی هەرە سەرسەختی میلیشیاكان بو بوە سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرەڕای رێگرییەكانیان. 

تەنانەت سەركەوتنی میلیشیاكان لە حوزەیرانی 2020 بەسەر حكومەتدا سەلماندی كە ئەوە خەسارەتێكی تەواوەتی بو چونكە بەغدای هاندا كە پەرە بە رێكارەكانی خۆی بدات لە كۆت و بەندكردنی جموجۆڵی میلیشیاكان لەنێو فڕۆكەخانەكان و بنكە سەربازیەكان و كۆگاكان و سیستمە بانكییەكان. هاوكات داواكارییە زۆر و زەبەندەكانی ئێرانییەكان و میلیشیاكان بۆ كشانەوەی سوپای ئەمەریكا خرانە دەست لیژنەیەكی پسپۆڕی عێراقی بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەوە بدرێت لەسەربنەمای پێویستی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ناوخۆ زیاتر لەوەی كە بەرژەوەندی تاران بپارێزرێت.

 لەسەرو هەمو ئەوانەشەوە، پارتە سیاسییەكان بە ئیتنی  تایەفییەكانەوە گفتوگۆی كاریگەرییەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن كە دەبنە هۆی لاوازكردنی رۆڵی ئێران لە هەڵبژاردنی حكومەتێكی نوێ لەدوای هەڵبژاردنەكەی مانگی ئۆكتۆبەری داهاتو. 

نیگەرانی بەردەوامی میلیشیاكان و بێهیوابونیان لەو كشانەوانە لە جموجۆلچەكانی پێشوتریاندا بە ئاشكرا بەدەركەوت. ئەوان لە مانگی ئازاری رابردوەوە ناچار بون كە هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان زیاد بكەن و هێرشی نایاساییانە ئەنجام بدەن بۆ سەر چوار بنكەی ئەمەریكی، ئەمە جگە لە گێچەڵی كەمتر كاریگەر و فڕینی نایاساییانە بەسەر ناوچە كوردیەكاندا. 

هەندێ لەو گروپانە تەنانەت چەند هەوڵێكی پێكەنیناوییاندا بۆ چێژوەرگرتن لە هێرشەكانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لەڕێی بانگەشەی هەڵدانی موشەك لە خاكی سوریاوە بۆ سەر ئیسرائیل. هەروەها لە كاردانەوەی دەستگیركردنی موسڵیح، فەرماندەی میلیشیاكان هەوڵیانداوە هێڵێكی راست بگرنە بەر لەنێوان ترساندنی كازمی بۆ ئەوەی بە فەرمی تەبریئەی بكەن و هەروەها لەهەمان كاتدارێگری بكەن لە دەستگیركردنی نایاسایینەی ناڕون كە لەبەردەم چاوی گشتیدا وەك نایاسایی لێی دەڕوانرێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كە دوایین دەرەنجام رەنگە وایان لێ بكات وەك دەستگیركراوی خراپ سەیر بكرێن. 

بەو هۆیەوە، دەستی كردوە بە گرتنەبەری رێوشوێنی لێپێچینەوە، هەربۆیە ئەم خولەی گرژییەكانی نێوان حكومەت و میلیشیاكان تەنها سەرەتایەكە. لەبەرئەوەی موسلیح فەرماندەیەكی سەربازیی میلیشیاكانە، هیچ كام لە ئێران و گروپە میلیشیا بەكرێگیراوەكانی هەروا بە ئاسانی دەستبەرداری نابن. فشاری میلیشیاكان لەئێستادا چوەتە سەر دەسەڵاتی دادوەری بە ئامانجی دەستوەردان لە دادگاكان بۆ رەتكردنەوەی تۆمەتەكانی كە ئاراستەی موسڵیح كراون. 

راسپاردەكانی سیاسەت

دوای روداوەكانی حوزەیرانی 2020 ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا پشتیوانی ئەمنی زیاتری دابین كردوە بۆ ئەو هێزانەی كە ناوچەی سەوز دەپارێزن، ئەو هەنگاوەش هێز و توانای داوەتە بەغدا بۆ ئەوەی بڕیاری بەهێزتر بدات هاوكات لەگەڵ بەدەستهێنانی متمانەی ئەمەریكا لەبارەی پرسەكانی تایبەت بە سەروەری یاسا. ئەم پشتیوانییە بەهۆی زەماناتی تایبەت و گشتییەوە لەلایەن هاوبەشەكانی عێراق لە نەتەوە یەكگرتوەكان بەهێزتر كرا، كە ئەویش بریتی بو لە پشتیوانی یەكێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانان و ناتۆ. 


ئەم بەهێزبونە كە پێشتر وێنەی نەبوە بەتایبەت لەڕێی تۆڕێكی بەرفراوانی پەیوەندییەوە، زۆر بەنرخە و پێویستە بەردەوام بێت بەتایبەت لەكاتێكدا كە میلیشیاكان شێوازی نوێیان داهێناوە بۆ سزادانی حكومەت لەبەرامبەر هێشتنەوەی سەروەری یاسا لە بەرمابەر كەیسی دەستگیركردنی موسڵیح. 

پاش روداوەكەی حوزەیرانی 2020، سەركردە عێراقیەیكان زۆر توشی شۆك بون بەوەی كە لە بەهای دەستگیركردنەكانی دواتری ئەندامانی میلیشیكانیان كەمكردەوە و وایانكرد زۆرێك لە هاوڵاتیان متمانەی كەمتریان هەبێت بەوەی كە سەرۆك وەزیرانەكەیان دەتوانێت بیانپارێزێت یان پشتیوانیان بێت دژبە میلیشیاكان.

 لەپێناو بەردەوامبوندا، بەغدا پێویستە سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنی 26ی مانگی ئایار بە رادەیەكی بەرفراوان رابگەیەنێت و هەروەها هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانیش پێویستە بە دەنگێكی بەرز ئەو پەیامە بڵاوبكەنەوە. 

واشنتۆن بەهەمان شێوە پێویستە داوا لە حكومەتی عێراق بكات كە هیچ هەلێك نەدات بەدەستەوە بۆ رزگاربونی ناوبانگ و پێگەی میلیشیاكان: بەنمونە، نابێت كامیچرا رێگەپێدراو بێت لە هەر شوێنێكی نزیك لە موسڵیح، هەروەها نابێت رێگە بە هیچ بەرپرسێك بدرێت بۆ ئەوەی موسڵیح بەرێتەوە ماڵی خۆی یان نوسینگەكەی خۆی بۆ رەسمگرتن. ئازادكردنی بەمەرج و كاتیی لەم جۆە كارێكی بەربڵاوە بەتایبەت كاتێك كە بەرپرسە باڵاكانی عێراق دەستوەردان لە كەیسە تایبەتەكان دەكەن بەمەبەستی سیاسی، بەڵام ئەنجامدانی ئەم كارە لە دۆخێكی وەك ئێستادا تەواوی هاوكێشەكەی گرتنی موسڵیح پوچەڵ دەكاتەوە. بەوپێیەش، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا و هاوبەشكانی تر پێویستە فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی عێراق ئاگادار بكەنەوە بەوەی كە جیهان چاودێریی كەیسەكەی موسڵیح دەكات و متمانە و راستگۆیی دەسەڵاتی دادوەری لە مەحەكدایە. 

زۆر گرنگە كە ئەوەمان لەبیر بێت كە دو رێكخەری دیكەی خۆپیشاندانەكان كە لەم مانگەدا كوژران جگە لە وەزنی، هەربۆیە حكومەتی پێویستە بەپەلە هەڵمەتی دەستگیركردنی دیكە ئەنجام بدات. بەپێی مادەی 29ی جاڕنامەی مافەكانی مرۆڤ، دامەزراوەی تایبەت بە لێكۆڵینەوە بەرپرسە گەیشتن بە راستی و ناوەرۆكی ئەم پێشێلكارییانە و پێویستە لە كارەكانی بەردەوام بێت، كازمی پێویستە هان بدرێت بۆ بەكارهێنانی هەركام لە هێزەكان لەژێر فەرمانی ئەودا بۆ دڵنیاییدان لە دەستگیركردنی ئەوانەی فەرمانیا بۆ دەرچوە. پێویستە میلیشیاكان لە پێگەی لاوازتردا بهێڵرێنەوە بەرلە هەڵبژاردنەكان بۆ ئەوەی دژیەك نەبن لەگەڵ ئامانجی عێراق و ئەمەریكا لەهێنانەدیی پڕۆسەیەكی دەنگدانی ئازاد و بێخەوش، كە ئەمەش ئامانجێكی ئەستەمە ئەگەر بێتو میلیشیاكان هەست بە ئازادی بكەن لە كوشتن و دەستوەردان لە كاوباری دامەزراوەكان. 

لەكۆتاییدا، پێویستە واشنتۆن نوسینگە باشەكانی خۆی بەكاربهێنێت بۆ یارمەتیدانی سەركردە عێراقییەكانی دیكەی وەك بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و سیاسییە باڵاكانی دیكەی وەك مەسعود بارزانی و حەیدەر عەبادی و عەمار حەكیم و ئەیاد عەلاوی. بەتایبەتتر، ئەمەریكییەكان پێویستە هانبدرێن بۆ ئەوەی لەكاتی گونجاودا بەیاننامەی تەلەفزیۆنی بڵاو بكەنەوە بۆ پشتیوانیكردنی حكومەت لەماوەی قەیرانەكاندا هاوشێوەی هەوڵی روبەڕوبونەوە سەربازیەكەی ناوچەی سەوز، نەك لە كاتێكی دواتردا كە بونە جێی باس و خواس. 

سەرچاوە: واشنتۆن ئینستیتیوت
https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/iraqi-militias-try-and-fail-intimidate-government

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement