704 کوردستان

كاتی ناڕەزاییە دژ بە پێدانی بەرتیل بۆ دەستگیركردنی سەركردە كوردەكان

05:06 - 18/05/2021

زه‌مه‌ن
نوسینی: مێردیس تاكس
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: فەلاح حەسەن


لە 20ی مانگی رابردو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا جارێكی دیكە خەڵاتێكی چەند ملیۆن دۆلاری تەرخانكرد لە بەرامبەر دەستگیركردنی سیان لە سەركردە باڵاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) كە ئەوانیش بریتی بون لە: جەمیل بایك، دوران كاڵكان و موراد قەرەیلان. بایك و قەرەیلان ئەندامی دامەزرێنەری پەكەكەن و كاڵكانیش فەرماندەی باڵای ئەو پارتەیە.

بزوتنەوە كوردییە ئازادیخوازەكان ئەو سێ سەركردەیە وەك بەشداری سەرەكی دەبیین لە شكستپێهێنانی داعش، بەڵام هەندێكی تر ئەو بۆچونەیان پێ راست نیە. رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا زیاتر هێرشی كردوەتە سەر كورد وەك لە داعش. لەو ئۆفەری خەڵاتە نوێیەی لەبەرمابەر دەستگیركردنی ئەو سێ سەركردەیە تەرخان كراوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا مۆڵەتێكی نهێنی و بێدەنگی داوەتە ئەردۆغان بۆ هێرشكردنە سەر چەند پارتێكی تر لە عێراق و سوریا و توركیا ئەمەش بەبیانوی ئەوەی كە بە بۆچونی ئەردۆغان ئەو پارتانە گرێدراوی پەكەكەن.

نوێكردنەوە و تەرخانكردنی ئەو بەرتیل و خەڵاتانە بەشێكن لە مێژوی لەمێژینەی ئەمەریكا كە بۆ توركیای تەرخان دەكات لەڕێی ئاسانكاری بۆ هێرشەكانی ئەو وڵاتە بۆ سەر كورد. ئەو خەڵاتانە لەبنەڕەتدا بەشێكن لەو رێككەوتنە رون و ئاشكرایەی لە 2018 لەبەرامبەر ئازادكردن و گێڕانەوە و قەشە ئەندرۆ برۆنسنۆن، كە واعیزێكی مەسیحی بو لە توركیا دەستگیركرابو، دواتر ئازادكرا و بەرلە هەڵبژاردنەكانی نیوەی یەكەمی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا، لەبەردەم كۆشكی سپی و لەتەلەفزینەوە پیشاندرا. بەمانایەكی تر، ترەمپ خوازیار بو كە مامەڵە و بازرگانی بە ژیانی سەركردە كوردەكانەوە بكات لەبەرامبەر دەنگی مەسیحییەكان.

ئەردۆغان كە سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدانە (ئاكپارتی)، پێویستی بە پشتیوانی ئەمەریكایە. ئەو بەهەمان شێوە رابەرایەتی ئابورییەكی داتەپیوی وڵاتەكەی دەكات، هەزاران نەیار و رەخنەگری پارتەكەی خستوەتە كونجی زیندانەوە و لە هەمان كاتدا لە هەردو وڵاتی لیبیا و عێراق رۆچوەتە ناو شەڕەوە. سەرەڕای ناڕەزایی و خۆپیشاندانەكان لە بەغدا، توركیا ژمارەیەكی زۆر بنكە و بارەگای لە عێراق بنیاتناوە هێشتاكە لەو شوێنانەوە ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵو دژبە پەكەكە بەردەوامی هەیە و تاوەكو ئێستا زۆرێك لە هاوڵاتیانی مەدەنی كوشتوە. لەنێو توركیاشدا، كە پارتەكەی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019دا تاڕادەیەكی زۆر شكستی هێنا بەتایبەت لە ئەنقەرە و ئیستەنبوڵ، ئەردۆغان خوازیارە لە لوتكەی دەسەڵاتدا بمێنێتەوە ئەویش لەڕێی وروژاندنی رق و دوبەرەكیی ئیتنی و بەكارهێنانی دەستەواژەی هەڕەشەی تیرۆر لەسەر وڵات.

ئەوە رون و ئاشكرایە كە تموح و چاوچنۆكییەكانی ئەردۆغان سەقامگریی ناوچەكە تێكدەدات و لە بەرژەوەندیی ویلایەتە یەكگرتوەكان نیە. كەواتە، بۆچی ئیدارەی جۆ بایدنی سەرۆكی ئێستای ئەمەریكا یارمەتیی ئەردۆغان دەدات؟ ئەو نەهجەی ئێستا پەیڕەو دەكرێت دەكرێت ناوی لێبنرێت (رازیكردن). وتەكانی بایدن لەبارەی سیاسەتی دەرەوە و دەستنیشانكردنی برێت مەكگۆرك وەك رێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفەریقا، وا دەردەكەوێت كە زیاتر بەڵێنێك بوبێت. بەBم تەرخانكردنی پارە لە بەرامبەر دەستگیركردنی سەركردەكانی پەكەكە زۆر دورە لەو سیاسەتەی دەرەوەی ئەمەریكا كە بایدن رایگەیاند و گوایە لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ بنیات نراوە. ئەو بەرتیلەی ئەمەریكا لە بنەڕەتدا پێشێلی مافەكانی مرۆڤە، بەوپێیەی كە مادەی 10ی جاڕنامەی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ دەڵێت: "هەمو كەس دەبێ مافی یەكسانیی تەواوی هەبێت لەبەرامبەر داد و گوێلێگرتنی لەلایەن دادگایەكی سەربەخۆ و بێلایەنەوە."

نوێكردنەوەی بەرتیلەكان بونەتە هۆی دابڕان و خستنەبەر مەترسیی گرنگترین و متمانەپێكراوترین هاوپەیمانی ئێمە لە شەڕی دژبە داعش لەكاتێكدا كە شەڕەكە زۆر دور لە سەركەوتن تێیدا. شەڕڤانە كوردەكان رۆڵی گەورەیان هەبو لە سەركەوتنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، هەروەك مەكگۆرك لە لێدوانێكیدا لەكاتی دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی نوێنەری ئەمەریكا لە هاوپەیمانێتی شەڕی دژبە داعش لە ئیدارەی ترەمپ رونیكردەوە كە "تەنها هەسەدە سەقامگیری دابین دەكات لەو ناوچانەی سەردەمانێك داعش لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا دروستی كردبون. هێز و توانای هەسەدە ناتوانرێت شوێنی پڕ بكرێتەوە." ئەو زیاتر لە وەسفی هەسەدەدا دەڵێت، بنەماكانی فرەیی و دیموكراتی لە سیستمی خۆسەریی رۆژاڤا مۆدێلێكی گرنگی نوێ دێنێتە كایە بۆ تەواوی ناوچەكە، بەپێچەوانەی رژێمە سەركوتكارەكانی كە واشنتۆن ئێستا پشتیوانییان لێ دەكات كە زۆرێكیان لەسەر بنەمای جیاكاری ئاینی و ئیتنی بنیات نراون.

لەنێو بزوتنەوە رزگاریخوازە كوردییەكاندا، نوێكردنەوەی ئەو بەرتیلە لەبەرامبەر دەستگیركردنی سەركردەكانی پەكەكە، توڕەیی و نادڵنیایی زیاتری لێكەوتوەتەوە و بوەتە هۆی نەبونی متمانە بە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا. ئەو هەنگاوە نوێیە بوە هۆی كۆكردنەوە هەموان لە نێو كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) كە كوردی هەرچوار پارچە و هەروەها كوردانی تاراوگە لەخۆ دەگرێت. رێكخراوە ئەندامەكانی كەجەكە چەند گروپێك لەخۆ دەگرن هەر لە پارتی سیاسیی هاوشێوەی پەكەكەو پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە)وە تاوەكو گروپەكانی كۆمەڵی مەدەنی و گروپی چەكدار و تۆڕی ژنانی سەربەخۆ. لە بەیاننامەیەكدا كە لە 21ی كانگی رابردو بڵاوكرایەوە، كەجەكە ئۆفەرە نوێیەكەی ئەمەریكای بۆ دەستگیركردنە سەركردەكانی پەكەكە گرێدایەوە بە بەشداریكردنی ئەمەریكا لە پلانی دەستگیركردن و زیندانیكردنی عەبدولا ئۆجەلانی سەرۆكی پەكەكە لە 1999. هەر لە بەیاننامەكەدا جەخت لەوە كراوەتەوە كە ئەگەر بیرو تێڕوانینەكانی ئۆجەلان لەگەڵ ئەو سێ سەركردەیەی كە بەرتیل تەرخان كراوە لە بەرامبەر دەستگیركردنیان و هەروەها لەگەڵ گیانلەدەستدانی هەزاران گەریلای پەكەكە نەبونایە، ئەوا داش هەرگیز نەدەڕوخا و ئەكەریكا رەنگ بو دانوستانی لەگەڵ ئەو گروپە بكردایە هەروەك چۆن پێشتر لەگەڵ تاڵیبان كردی.

تیرۆریزم وەك پێناسەی هەمیشەیی خۆی بریتییە لە هێرش بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لەپێناو ئامانجە سیاسیەكان. ئەگەر وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بیەوێت توركیا رازی بكات لەڕێی داگیرسانی گڵۆپی سەوز بۆ هێرشكردنە سەر كورد، ئەوە بیانویەك دەدا بەدەستەوە بەوەی كە پەكەكە لەنێو لیستی تیرۆری ئەمەریكادایە. پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی پەكەكە لەلیستی تیرۆردایە لەكاتێكدا دو ساڵ بەرلە دانانی لیستی تیرۆر، پەكەكە دەستبەرداری هێرشكردنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی بو.

تاكو بەستنی كۆنگرەی پێنجەم، پەكەكە ستراتیژێكی پەیڕەو دەكرد كە بریتی بو لە شەڕی خەڵكی لەدژی توركیا لەپێناو بنیاتنانی دەوڵەتی كوردی. بەڵام لە 1995 و لەژێر سەركردایەتی عەبدوڵا ئۆجەلاندا بەشێوەیەكی یەكلاكەرەوە و بە یەكجاری رێزەكەی خۆی گۆڕی و دەستبەرداری خەباتی چەكداری بو جگە لە بەرگریكردن لەخۆ و هەروەها ئیمزای لەسەر رێككەوتننامەی جنێف كرد. هاوشێوەی گروپەكانی تری ژێر چەتری كەجەكە، ئێستا پەكەكە یتراتیژی رێكخستنی دیموكراسیی راستەوخۆ و بەڕێوەبردنی كۆمەڵگا پەیڕەو دەكات لەناوچە كوردییەكاندا و هاوكات لەنێو دەوڵەتی فیدراڵی توركیادا كار بۆ ئۆتۆنۆمی و مافەكانی مرۆڤ دەكات. پەكەكە هەرگیز لەنێو لیستی تیرۆری نەتەوە یەكگرتوەكاندا نەبوە، هەروەها دادگا ئەوروپییەكان دەستیانكردوە بەوەی كە برَیارێك دەربكەن بۆ ئەوەی كە چیتر ئەو رێكخراوە گروپێكی تیرۆریستی نیە. لە دادگایەكدا كە لە 2010 دەستی پێكرد و لە 2019دا بڕیاری كۆتایی لەبارەوە درا، دادگاكانی بەلجیكا بەردەوام رایاندەگەیاند كە پەكەكە رێكخراوی تیرۆریستی نیە.

دور لە پەیڕەوكردنی ستراتیژی سەربازی لەپێناو دەوڵەتی سەربەخۆ لەلایەن پەكەكەوە كە توركیا باسی لێوە دەكات، پەكەكە چەندین ساڵە هەوڵدەدات بۆ دانوستانی ئاشتییانە لەگەڵ حكومەتی توركیا گرنگترین ئاگربەست لە ساڵی 2013دا هاتەكایەوە، بەڵام لە سێپتەمبەری 2014دا ئەو ئاگربەستە شكێنرا لەو كاتەی كە ئەردۆغان هەستی بە هەڕەشەی سەركەوتنەكانی كورد كرد شەڕی كۆبانی. ئەردۆغان بەیەكجاری لە مانگی حوزەیرانی 2015دا كۆتایی بە ئاگربەستەكە هێنا پاش ئەوەی پارتەكەی (ئاكپارتی) نەیتوانی زۆرینەی رەهای دەنگەكان بەدەستبهێنێت لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا. لەو هەڵبژاردنەدا، سەركەوتنی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە پارتێكی پێشكەوتوە و بەرگری لە مافی كورد و ژنان و كەمینەكان دەكات، ئەردۆغانیان ناچار كرد كە حكومەتێكی هاوپەیمانی پێكبهێنێت ئەگەر داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت نەكات و هەروەها ئەویش شەڕێكی نوێی لەدژی كورد دەستپێكرد. لەوكاتەوە ئەردۆغان دەسەڵاتەكانی چڕكردوەتەوە و هەروەها تاوان بەرامبەر بە ئەندامانی هەدەپە ئەندام دەدات و خودی پارتەكەی وەك پارتێكی نایاسایی ناساندوە.

ئەگەر وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بە راستی بیەوێت دژی تیرۆر بوەستێتەوە لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست، ئەوا پێویستە پێداچونەوەیەكی باش بكات بەتوركیا كە ئەندام و شەریكی ئێمەیە لە هاوپەیمانی ناتۆ. تەواوی پشتیوانییەكانی توركیا بۆ داعش لەكاتی شەڕی دژبە داعشدا تۆمار كراون نەك بەتەنها لەلایەن كوردەوە، بەڵكو لەلایەن توێژە ئەمەریكییەكانی وەك دەیڤد فلیپس و ئان سپیخارد. كاتێك توركیا پەلاماری رۆژاڤای دا لە كانونی دوەمی 2019، چەكدارە ئیسلامییە بەكرێگیراوەكانی لەدژی كورد بەكارهێنا كە بەناوبان بون بە وەحشیگەرێتییان، ئەو گروپانەش بریتی بون لە: جیش الاسلام، كە لەڕێی سزا و ئەشكەنج و زیندانیكردنەوە شاری دەوما و غەوتەی رۆژهەڵاتیان بەڕێوە دەبرد تا ئەو كاتەی توركیا پێی چۆڵكردن، هەروەها لیواكانی سوڵتان موراد كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتوەكانەوە تۆمەتبار كران بە تاوانی جەنگ دژبە كورد لە حەڵەب، لەگەڵ باڵی سوریای رێكخراوی ئەلقاعیدە، مەكگۆرگ لە ساڵی 2019 باسی لەوە كرد كە "زۆرێك لە گروپە چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا لەلایەن توركیاوە پشتیوانییان دەكرێت بەو گروە تیرۆریستیانەشەوە كە بە ئاشكرا نیازی خۆیان دەرخستوە بۆ شەڕ لەدژی كورد نەك دژبە داعش."


لەبری ئەوەی هەوڵەكانی ئەردۆغان بۆ مانەوەی لە دەسەڵات پەردەپۆش بكرێت لەڕێی تەرخانكردن و نوێكردنەوەی بەرتیل لەبەرمبەر دەستگیركردنی سەركردەكانی پەكەكە، پێویستە ئەمەریكا پشتیوانی دانوستانی ئاشتیانە بكات لەنێوان توركیا و پەكەكە و رێگە بدات بەوەی عەبدولا ئۆجەلانی سەركردەی دەستگیركراوی پەكەكە سەركردایەتی ئەو دانوستانانە بكات هاوشێوەی نیڵسۆن ماندێلا كە دانوستانەكانی نێوان كۆنگرەی نیشتمانی ئەفەریق و حكومەتی باشوری سودانی بەڕێوەبرد، هەروەها ئەمەریكا پێویستە پەكەكە لە لیستی تیرۆردا دەربهێنێت.

سەرچاوە: زە نەیشن
https://www.thenation.com/article/world/kurdish-turkey-bounties-erdogan/

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن