1298 کوردستان

وردەكاریی جێگیركردنی ئاسایشی یەكێتی لە زینی وەرتێ

09:24 - 04/05/2021

ئامانج ئەحمەد_ هەولێر


لیوای حەوتی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە هێزەکانی لەسەر زینی وەرتێ دەکشێنێتەوە، لەبەرامبەریشدا یەکێتی بازگەیەکی ئاسایش لەوێ دادەنێت.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بازگایەکی ئاسایش لەسەر لوتکەی زینی وەرتێ جێگیردەکات، بڕیاریشە هێزەکانی پێشمەرگە زینی وەرتێ چۆڵ بکەن و ئەرکەکانیان لەوێ کۆتایی پێ دێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە شەماڵ وەرتی جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شەشی سۆران، بە "زەمەن" دراون، یەکێتی دەیەوێت ئەمنیەتی سنورەکە کۆنتڕۆڵ بکات و زینی وەرتێ بخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی.

بۆئەم مەبەستەش بنکەی ئاسایشی وەرتێ کەلەناو کۆمیتەی دۆڵی خانەقاو وەرتێ دەوامیان دەکرد، لەگەڵ بازگەی ئاسایشی دۆڵی پڵینگان دەهێننە سەر لوتکەی زینی وەرتێ، لەگەڵ جێگیربونی ئەو هێزە ئەمنیەش بڕیارە هێزەکانی پێشمەرگە لەوێ بکشێنەوە کە ماوەی ساڵێکە لیوای حەوتی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە لەسەر زینی وەرتێن.

 زینی وەرتێ لەڕوی جوگرافی و سیاسی و ئیداری سنوری جارانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیە، بەڵام لەڕووی سەربازیەوە لەژێر دەسەڵاتی گەریلاکانی پەکەکەدایە، بەڵام یەکێتی دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ پارتی دواجار توانی هێزە ئەمنیەکانی خۆیەتی لەسەر زینی وەرتێ جێگر بكات.

ئەو بەرپرسەی یەکێتی، وتیشی: ئەمڕۆ خێمەو هەندێ پێداویستی سەرەتاییمان بردووە بۆ سەر زینی وەرتێ، لە هەفتەی داهاتووش تەواوی پێدوایستیەکانی پێویست بەبازگەکە دەبەن و مەبەستیانە ئەمنیەتی ناوچەکە بپارێزن و دەیانەوێت کۆنتڕۆڵی سنورەکە لەدەست خۆیان بێت.

دانانی بازگەی ئاسایشی یەکێتی لەسەر زینی وەرتێ لەکاتكێدایە، لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوو لیوای حەوتی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر خواست و داوای پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر زینی وەرتێ جێگیرکرا، ئەگەرچی بڕیاربوو ئەو هێزەی پێشمەرگە بۆ ماوەیەکی کاتی لەوێ بمێننەوە، بەڵام ڕۆژ بەڕۆژ سەنگەرەکانیان قایمکردو تاکو ئێستاش لەوێن کە چوار بنکەی سەربازیان دروستکردووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن