له بهریتانیا به شهوان ڤاكسین له بهشێك له موسڵمانان دهدرێت
09:31 - 18/04/2021
زهمهن_جیهانی
لە بەریتانیا، بەشێکی ناوەندە
تەندروستییەکان بەشەو ڤاکسین لە خەڵک دەدەن، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی
موسڵمانان پێیانوایە ڤاکسین رۆژوو دەشکێنێت و لەبەر ئەوە دەیانەوێت دوای بەربانگ
ڤاکسین بەکاربهێنن.
کۆنسەی موسڵمانانی بەڕیتانیا
و یەکێتی پزیشکە موسڵمانەکانی بەریتانیا هەڵمەتێکیان بۆ هاندانی بەکارهێنانی
ڤاکسین دەستپێکردوە.
لەم چوارچێوەیەشدا ئەو
ناوچانەی بەریتانیا کە ژمارەیەکی زۆر موسوڵمانیان لێدەژی، لە چەند بەروارێکی دیاری
کراودا بەشەو کراوە دەبن و ڤاکسین لە خەڵک دەدەن.
د. کاشیف عەزیز، پزیشکی یەکێک
لەو ناوەندانەیە و لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە
زۆرینەی زانایانی ئیسلام پێیانوایە کە ڤاکسین رۆژوو ناشکێنێت چونکە لەڕێی
ڤاکسینەوە هیچ خواردنێک ناچێتە ناو جەستە، بەڵام لەبەر ئەوەی رای هەندێک زانای
ئاینی پێچەوانەی ئەم رایەیە، بەشێکی موسڵمانان نایانەوێت کاتێک بەڕۆژوون ڤاکسین
بەکاربهێنن.
عەزیز، باسی لەوەش کرد کە ئامانجیان
لە کردنەوەی ئەم ناوەندا خزمەت کردنە بەو موسوڵمانانەی پێیان وایە کە ڤاکسین رۆژوو
دەشکێنێت و رایگەیاند: "لەبەر ئەوەی هەندێک کەس لە شکانی رۆژووەکەیان دەترسن،
ئێمە ئەم ناوەندە تەندروستییەمان کردەوە، چونکە نامانەوێت موسوڵمانان کوتانەکانیان
بۆ دوای رەمەزان دوابخەن و بەم شێوەیەش لە هەڵمەتە گشتییەکانی کوتان دوابکەون".
عەبدولـلەتیف عوسمان، یەکێکە
لەو موسوڵمانانەی دانیشتووی بەڕیتانیا-یە و ڤاکسینی بەکارهێناوە، ئەو باس لەوە
دەکات کە ڤاکسین رۆژوو ناشکێنێت و ئەو کەسانەشی پێیانوایە ڤاکسین رۆژووەکەیان
بەتاڵ دەکاتەوە خاوەن پەروەردەیەکی ئیسلامی باش نین.
لە بەریتانیا بەهۆی پەتای
کۆرۆنا تا ئێستا زیاتر لە ١٢٧ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و بەهۆی بڵاوبوونەوەی
ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو، ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسەکە زۆر زیادی کردوە.
هەربۆیە داوا لە هاوڵاتییانی بەریتانی
دەکرێت کە خۆیان بکوتن، تا ئێستا زیاتر لە ٣٢ ملیۆن کەسی سەرو ٤٥ ساڵ ژەمی یەکەمی
ڤاکسین و زیاتر لە ٨،٥ ملیۆن کەس ژەمی دووەمی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە. پلان وایە تا مانگی تەمووز
تەواوی کەسانی پێگەیشتوو لەو وڵاتە بکوترێن.