465 جیهان

سینات ئەنتۆنی بلینکن بۆ پـۆستی وەزیری دەرەوە پەسەند كرد

10:32 - 26/01/2021

زه‌مه‌ن_جیهانی


ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا كاندیدی سەرۆک جۆو بایدنی پەسەندکرد بۆ پـۆستی وەزیری دەرەوە، ئەمەش شەشەمین کاربەدەستی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی بایدنە کە متمانەی سینات بەدەستبهێنێت.

 

ئەنجومەنەکە ئەمڕۆ سێشەممە لە دەنگدانێکدا بە دەنگی 78 بەرامبەر 22 ئەنتۆنی بلینکنی تەمەن 58 ساڵی بۆ ئەم پـۆستە گرنگەی وڵات پەسەندکرد.

 

بلینکن خاوەن ئەزمونێکی زۆرە لە بواری سیاسەتدا، یەکێک بووە لە ڕاوێژکارە سەرەکیـیەکانی جۆو بایدن لەو کاتەی سیناتۆر بوو و سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری دەروەوە بوو لە ئەنجومەنی سینات. ساڵی 2009 کاتێک جۆو بایدن بوو بە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، پـۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی جێگری سەرۆکی گرتەدەست و پاشان لە 2014 بوو بە جێگری جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەو کاتە.

 

ئەم وەزیرە نوێـیەی دەرەوەی ئەمەریکا لە زانکۆی هارڤەرد بڕوانامەی بەکالۆریۆسی وەرگرتووە و لە زانکۆی کۆلۆمبیاش بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسای بەدەستهێناوە. بەشێکی تەمەنی گەنجی لە فەڕەنسا بردووەتەسەر، بۆیە زمانی فەڕەنسی بە باشی دەزانێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن