هەرێمى کوردستان؛ ڕێڕهوی "کەوانەى زێڕینى تلیاک"
10:29 - 29/12/2020
سەرچین ساڵح
ژمارەو داتاکان بۆ خۆیان قسە دەکەن کە بازرگانیکردن
و بەکارهێنانى ماددەى هۆشبەر لە هەڵکشاندایە، لە ماوەى چوار ساڵدا بازرگانیکردن بە
ماددە هۆشبەرەکانەوە ٤٠٠% زیادی کردووە، هەڵکەوتەى جوگرافی هەرێم و بۆشایی یاسایی
و بازرگانیکردنى ئەو ماددانە لەلایەن کەسانى باڵا دەستەوە، لە هۆکارە سەرەکییەکان.
بەپێى ئاماری کار و چالاکیەکانی ساڵی ۲٠۲٠ بەڕێوەبەرایەتی
گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرکان، هەزارو ١١٣ تۆمەتبارى ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراوە،
ئەو تاوانبارانەی پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان لەدادگا یەکلایی بۆتەوە و سزادراون ٩١٦
تاوانبارن، ئەوانەی بەدەستەبەر ئازادکراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان لەدادگا بەردەوامە ۸۸ تۆمەتبارن، ئەوانەی لەدادگا ئازاد کراون لەبەر کەمی بەڵگەی تاوان لە
دژیان ٥۸ تۆمەتبارن، ٧١ تۆمەتباریش بەفەرمانی دادگا سنوور بەدەر کراون.
بەپێى ئامارەکان لە ساڵى ٢٠٢٠ دا، بڕی ٥٥٥ کیلۆ
و٧٤٠ گرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە، کە پێکهاتوون لە بڕى ٤٠٥ کیلۆ و ٢٣
گرام هێرۆین، ٨٦ کیلۆ و ٥٢٣ گرام تلیاک، ٥٢ کیلۆ و ٥٤١ گرام کریستاڵ، نۆ کیلۆ و
٨٣٤ گرام حەشیش، لەگەڵ کیلۆیەک و ٧١٩ گرام جامایکا.
بەشێکى تر لەو ماددانەى دەستى بەسەردا گیراوە
دوو هەزار و ٧٣٤ شیت حەبی پزیشکى هۆشبەر بووە کە پێکهاتوون لە هەزار و ٢١٩ شیت حەبی
هۆشبەرى کلۆنازپام، هەزار و ٤٧ شیت حەبی ترامادۆڵ، ٨٨ شیت حەبی هۆشبەرى بی دوو، ٧٩
شیت حەبی هۆشبەری میتادۆن، ۳۱ شیت حەبی هۆشبەری پرازولام، ۲۷٠ شیت حەبی هۆشبەری جۆراو جۆر.
عەمید کەیوان میرزا تۆفیق، بەڕیوەبەری گشتی
نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان بە "زەمەن"ى وت: "بەپێى ئارمارەکان
بازرگانیکردن و بەکارهێنانى ماددەى هۆشبەر بەراورد بە ساڵى رابردوو کەمیکردووە".
بەڕێوەبەری گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان پێى
وایە، ئەوانەى بەکارهێنەرى ماددەى هۆشبەرن تەنها فێربونیان لە رێگەى جۆراوجۆرەوە ئەگینا
هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەى پەنا ببەنە بەر بەکارهێنانى ئەو ماددانە.
هەرێمى کوردستان، بە زیاتر لە ٥٠٠ کیلۆمەتر
هاوسنورە لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێراندا کە سهرچاوهی بەکارهێنان و بازرگانى کردنە
بە ماددەى هۆشبەرە، ئەمەش وایکردووە بازرگانیکردن و بەکارهێنانى مادەەى هۆشبەر لە
هەرێمى کوردستاندا تەشەنە بکات.
جەختکردنەوەى بەرپرسانى باڵاى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکان
لە کەمبونەوەى بازرگانى کردن و بەکارهێنانى ماددەى هۆشبەر، بەڵام ئامارەکان دەریدەخەن
کە بازرگانیکردن و بەکارهێنانى ماددەى هۆشبەر ساڵ لە دواى ساڵ لە زیادبوون دایە، تەنها
ئەمساڵ نەبێت ژمارەى ئەوانەى دەستگیرکراون کەمیکردووە، بەپێى ئامارى بەڕێوەبەرایەتیی
نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ساڵی ٢٠١٩دا هەزار و ٧١٢ تۆمەتبار دەستگیرکراون و دەستبەسەر
٢٠٣ کیلۆ و ١٦ گرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە، بەڵام لە ساڵى ٢٠٢٠ دا زیاتر لە ٥٥٥ کیلۆ
ماددەى هۆشبەردا گیراوە.
ئامارەکان ئەوە دهخهنهڕوو کە بەکارهێنان و
بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر لە هەرێمى کوردستاندا روو لە هەڵکشانە، لە ساڵى
٢٠١٩ بەپێى ئامارە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی دە هەزار بەکارهێنەری مادەی
هۆشبەر هەبوون.
ئەوانەى بەتۆمەتى بازرگانى کردن بە ماددەى هۆشبەر
لە ساڵى ٢٠١٧ دەستگیر کراون ٤٣٦ کەس بوون، لە ساڵى ٢٠١٨ دا رێژەکە بەرزبوەتەوە بۆ
٩٤١ كەس، لە ساڵى ٢٠١٩ دا گەیشتوەتە هەزار و ٧١٢ کەس، لەم ساڵیشدا هەزار و ١١٣ کەس
دەستگیرکراوە، ئەمەش دەریدەخات بازرگانانى ماددەى هۆشبەر کەمبونەتەوە بەڵام قەبارەى
بازرگانییەکە زیادى کردووە.
قایمقامى پشدەر کە ئەزمونى نزیکەى ٢٠ ساڵى لە
رووبەڕووبونەوەى ماددەى هۆشبەردا هەیە و مەترسی هەیە توشبوون بە ماددەى هۆشبەر لە
کۆنترۆڵ دەربچێت لە هەرێمى کوردستان، نایشارێتەوە کەسانى باڵا دەست بازرگانى بە
ماددەى هۆشبەرەوە دەکەن و بوون بە مافیا.
بەکر بایز، قایمقامى پشدەر هۆکارەکانى هەڵکشانى ئامارەکانى بازرگانى کردن و بەکارهێنانى
ماددەى هۆشبەر بۆ"زەمەن"روون
دەکاتەوە و وتى: "هۆکارەکان زۆرن بەڵام چەند هۆکارێکى سەرەکی هەن لەوانە، هۆکارى جوگرافی، هەرێمى
کوردستان کەوتوەتە نێوان وڵاتانى بەرهەمهێن و بەکارهێنەرى ماددەى هۆشبەرەوە کە ئێران
و پاکستان و ئەفغانستانە، ئەم وڵاتانە پێیان دەوترێت کەوانى
زێڕینى تلیاک، هەرێمى کوردستان بووە بە سەرە رێى خەتى ترانزێتى ماددەى هۆشبەر،
هەم لە ئێرانەوە بەرەو عێراق و تورکیا و سوریا و لەوێوە بۆ وڵاتانى ئەوروپا، هەندێک
موادى ئەوەلی لێرەوە دەڕواتە ئێران و لەوێ کارلێکى پێدەکەن و جارێکى تر وەکو و شیشە
و کریستاڵ بەرهەمەکەى دێننەوە، بۆیە هۆکارى سەرەکى بڵاوبونەوەى ماددەى هۆشبەر لە هەرێم
مەوقیعی جوگرافی هەرێمى کوردستانە".
تیشک
دەخاتەسەر بەکارهێنانى ماددەى هۆشبەر لە ئێران و دەڵێت: "بەکارهێنانى ماددەى هۆشبەر لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ٥٠٠ ساڵ لەمەوپێش،
لە ئێستادا بە مەلاین خەڵک وەک ئالودەبوو تۆمار کراوە، هەرێمى کوردستان دراوسێى ئەو
مێژوو جوگرافیایەیە، سەرەتاى ساڵى ٩٠ کان لە شارى سەردەشت و بانە کە هاوسنورى هەرێمى
کوردستانە تاک و تەرا خەڵک هەبوو ئالودەى ماددەى هۆشبەر بێت بەڵام ئێستا لە کۆنترۆڵ
دەرچووە."
"یەکێکى تر لە هۆکارەکان
هۆکارى یاساییه مادەى ١٤ هۆشبەر
یاسایەکى کۆنەو چارەسەرى دۆخى ئێستا ناکات، ئەو یاسا کاتێک دەرچوو ئەوانەى حەشیشیان
بەکارهێناوە نەگەیشتونەتە ١٠ خێزان خەڵک دوورە پەرێزى لێکردوون، لە یاساکەدا ئیجرائات
لەگەڵ کەسێکدا دەکات کە یەکێک لەو ماددانەى بەکارهێنابێت کە لە یاساکەدا هاتووە،
سزاکە لە سێ ساڵ زیندانى بۆ ١٥ ساڵە لەگەڵ سزاى ماددەى کە لە ١٥٠ ەهەزار دینار تێناپەڕێت" بەکر بایز واى وت.
بەپێى یاساکە کەسی توشبوو لە شوێنێک دادەنرێت بۆ
دووبارە گۆڕانکارى وەزارەتى تەندروستى سەرپەرشتى دەکات، لەماوەى شەش مانگدا خۆى یان
پارێزەرەکەى یان جێگرى داواکارى گشتى داوا بکات کە ئەو کەسە چاکبوەتەوە بۆى هەیە
ئازاد بکرێت، بەڵام لە هەرێمى کوردستان کێشەکە ئەوەیە بهپێى بڕگەى دووى ماددەى حەوتى
یاساکە دەخرێنە چوارچێوەى دیوارێکەوە، هیچ شوێنێکى چاکسازیکردن بۆ توشبوان نییە، کاتێک سزا بدرێت کە چاک ببێتەوە و
دووبارە بەکاری بێنێتەوە، ئەوانەى توشبوون
نەخۆشن نەک تاوانبار کاتێک ١٥ ساڵ زیندانى دەکرێت توشی چەندین گرفتى دەرونى تر دەبێت،
ئینجا کاتێک خێزانێک دەزانن چاکسازییەک هەیەو لە شەش مانگدا کەسەکەیان چاکدەکەنەوە خۆیان دەیهێنن."
هۆکارێكى تری سەرەکى و
مەترسیدار بەلاى قایمقامى پشدەرەوە بازرگانیکردنى ماددەى هۆشبەرە لەلایەن کەسانى
باڵادەست و خاوەن پێگەى سەربازى و حزببیەوە وتى: "ئەو باندانەى خەریکى ماددەى هۆشبەرن کەسانى سەربازى و حزبی باڵا دەستن
یان خزمى خەڵکى دەسەڵاتدارن یان خاوەن پێگەى کۆمەڵایەتى و حزبی و سەربازین، بەشێوەیەک
دامودەزگاکانى ئاسایش ناتوانن رووبەڕوویان ببنەوە و هێزەکانى ئاسایش بەهێزترن،
خراپی ئەمانە لەوەدایە دەبنە باندى وا فەلاتانى بەداوادا دێت و یاسا شکێنى دەکەن".
مەترسی خۆى نەشاردەوە لەوەى، بە بەردەوامى توشبوانى ماددەى هۆشبەر لیڤڵەکەى بۆ سەرەوەیە بەراورد بە
ساڵانى رابردوو، ئەوەى ئێستاهەیە ئاوا بڕوات لە ئایندەیەکى نزیکدا دەبێت بە مەترسی
جدى لە هەرێمى کوردستان، ئێستا لە نێو بازنەى ئالودەبوندان بەشێکى قاچاخچێتى پێوەدەکات
بەشێکى دەیگوازێتەوە بەشێکى ترى پەناى بۆ دەبات.