کوردستان

گۆڕان پرۆژه‌ یاسای "هێما نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی" وه‌ستاند

01:00 - 22/10/2020 770 جار خوێندراوەتەوە

سه‌رچین ساڵح


فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، به‌ چه‌ند هۆكارێك تائێستا پرۆژه‌ یاسای هێما نیشتیمانی و نەتەوەیەكان راگرتووه‌ و فشاره‌كانی به‌رده‌وامن بۆ ئه‌وه‌ی له‌م دۆخه‌دا نه‌خرێته‌ به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مانه‌وه‌، كه‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ كاردانه‌وه‌و ناڕه‌زایی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌، پرۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن فراكسیۆنی پارتیه‌وه‌ خاوه‌نداریه‌تی ده‌كرێت، به‌ڵام به‌ هه‌وڵێك بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادی راده‌ربڕین سه‌یری ده‌كرێت.

 
پێشنیازی یاسای هێما نیشتیمانی و نەتەوەیەكان لە هەرێمی كوردستان، لەلایەن فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە ئامادەكراوە و پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمانكراوە، پرۆژەكە لە (7) ماددە پێكهاتووە، لیژنەی یاسایی پەرلەمان دوای ئەوەی لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە پرۆژەكەی بۆ نێردرا  پرۆژەكەی راگرت و ناردییەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەهۆی نارەزایی و رەخنەیەكی زۆر لەسەر پرۆژەكە.

وەیسی سەعید، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە"زەمەن"ی وت، "لە ئێستادا هەرێمی كوردستان لەسەروبەندی دەركردنی یاسایەكدایە بۆ پاراستنی بەها نەتەوەی و نیشتمانییەكان، بۆئەوەی بەیاسا رێگری بكرێت لە هەر سوكایەتی و بێرێزییەك كە بەرامبەر بە پیرۆزییەكانی كوردستان دەكرێت".

سەبارەت بە دیاریكردنی شێوازی سوكایەتی و بێڕێزیكرد بە بەها باڵاكان و ئەو شوێنانەی تێیدا دەكرێت وتی، "لەكاتی خوێندنەوەی دووەمدا هەموو ئەوانە دیاریدەكرێت، لەبەرئەوەی هەر پرۆژەیاسایەك كە دێتە پەرلەمان شایستەی گۆڕانكارییە".

ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی پارتی، پەسەندكردنی پرۆژەیاساكەبه‌ "زۆر گرنگ" ده‌زانێت، بۆئەوەی هەوڵی پاراستنی بەها باڵاكان بدرێت"ئەو بەهایانە هی تەنها لایەنێك نیەو هی هەموو خەڵكی وردستانە چاوەڕێ دەكەن بخرێتەبەرنامەی كارەوە".

ئەوەی گرفتی بۆ پرۆژەكە دروستكردووە ناوهێنانی سەركردەی شۆڕشگێڕە بەبێ ئەوەی ناوی هیچ سەركردەیەك دیاریكرابێت، هەرئەوەش خاڵی زەق و جێگەی رەخنەی فراكسیۆنەكان و هاوڵاتیانە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی "زەمەن" ده‌ستی كه‌وتووه‌، بە هەوڵی فراكسیۆنی گۆڕان و بزوتنەوەی گۆڕان پرۆژەكە راگیراوەو له‌ لیژنه‌ی یاساییه‌وه‌ گەڕێنراوەتەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان.

"زەمەن" زانیویەتی هۆكاری گەڕانەوەی پرۆژەكە بەهۆی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ لاستیكی و هه‌ندێك بڕگه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌لای دیدی سیاسی گۆڕان و ناره‌زای رایگشتیه‌وه‌ قبوڵكراونیه‌و گۆڕان داوای كردووه‌ پڕؤژه‌كه‌ "كۆده‌نگی نیشتمانی" له‌سه‌ر بێت.

 لە ئەگەری رێكنەكەوتندا پرۆژەكە دووبارە دەڕواتەوە لیژنەی یاسایی، لەبەرئەوەی پارتی لە لیژنەی یاسای خاوەنی شەش ئەندامەو زۆرینەیە دەتوانێت پرۆژەكە تێپەڕێنێت.

لەكاتی گفتوگۆكردنی لیژنەی یاسای لەسەر پرۆژەكە ئەندامانی فراكسیۆنە جیاوازەكان جگە لە ئەندامانی پارتی  لە لیژنەكە پێیانوابووە، پرۆژەكە بەرتەسكردنەوەی ئازادییەو لە هەمانكاتدا كاتی پێشكەشكردنی پرۆژەكەیان بە گونجاونەزانیوە، لەگەڵ ئەوەشدا نازانرێت كێ بە رەمزی شۆڕشگێری دابنرێتو بە چ پێوەرێك بێت.

بەپێی پرۆژەكە بەهەر شێوەیەك لە شێوەكان بە نوسینیان بە قسە لە رێگەی كەناڵەكانی راگەیاندنەوەیان لە رێگەی بڵاوكراوەكانەوەیان سۆشیال میدیاوە سوكایەتی بەو رەمزانە بكرێت كە لە پرۆژەكەدا هاتووە ئەوا سزا دەدرێت.

پرۆژەكە بۆ سزادانی ئەوكەسانەی سوكایەتی بە رەمزو بەهاكانی نەتەوەو نیشتمان دەكەن گەڕاوەتەوە بۆ ماددەی 226 لەیاسای سزادانی عێراقی بەپێی ئەو مادەیە ئەوانەی بێڕێزی و سوكایەتی بە رەمزەكان بكەن بە حەوت ساڵ زیندانیكردن سزا دەدرێن.
روپاك ئەحمەد، ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان بە"زەمەن"ی وت، "رەخنەمان لەسەر كۆی یاساكەیە دەبێت خەڵك ئازادبێت لە قسەكردن، پرۆژەیاساكە ئازادی رادەربڕین بەرتەسكتر دەكاتەوە، یاساكە نەگرنگەو نەزەرورەتە، فەراغی یاسایشمان نیە ئەگەر سوكایەتیەك بە نیشتمانیان ئاڵا بكرێت یاسای سزادانی عێراق مان هەیە".

ئەو پەرلەمانتارە لە هەمانكاتدا ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانە، وتیشی "پرۆژەیاساكە لە لیژنەی یاسایی راگیراوە پێمانوایە پرۆژەكە گرنگ نیەو كاریگەری نەرێنی دەكاتەسەر ئازادی رادەربڕین، وابڕیارە سەرۆكایەتی لیژنە لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان لەسەر ئەو پرسە قسە بكەن و كۆتا بڕیار بدەن".

پێیوایە، "تێپەڕاندنی ئەو پرۆژەیە لەم كاتەدا هەم بۆ پەرلەمان و هە بۆ فراكسیۆنی پارتی عەیبەیە، پەرلەمان دەبێت لە خەمی قوت و موچەی خەڵك بێت نەك یاسایەكی وا دەربكات".

لە پرۆژەیاساكەدا لە ئاڵاو سرودی نیشتمانی و پێشمەرگەو مێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد و سەركردەی شۆڕشگێر، ئەوانە هەمویان بە پیرۆزی نیشتمانی دانراوە.

كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی بە"زەمەن"ی وت، "خەڵكی كوردستان بە ئینسافە، ئێمە كۆمەڵگەیەكی كۆمەڵایەتین هیچكات سوكایەتی بەشتێك ناكەین بە پیرۆزە لەلامان، لەگەڵ هیچ پرۆژەیاسایەكدا نیم كە ئازادی تاكەكەسی بچوكبكاتەوە، مرۆڤ فامی رەئی جیاوازو رەخنەگرتنی هەیە".

وتیشی، "لەبری ئەم پرۆژەیە دەتوانین پرۆژە دەربكەیت لەسەر باشكردنی ژانی خەڵك و لەسەر مافیاگەرێتی خاڵەسنورییەكان و چاكسازی لە مەلەفی نەوت و مافیاگەرێتی لە مەلەفی دەرمان، كاتێك ژیانێكی باش بۆ خەڵك دابینبكرێت بەڕێزەوە سەیری رەمزەكانی خۆی دەكات پێویستی بەیاسا نیە كە ناچاربكرێت بە رێزەوە سەیریان بكات".

ئه‌گه‌ر پرۆژه‌كه‌ بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای كه‌مینه‌ و زۆرینه‌ ده‌كرێت،‌ فراكسیۆنی پارتی به‌ ده‌نگی كۆتاكان ده‌توانێت پرۆژه‌كه‌ تێپه‌ڕێنرێت.

  وه‌یسی سه‌عید په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی پارتی، وتی "بەپێی پەیڕەوەی ناوخۆی پەرلەمان مامەڵە لەگەڵ پرۆژەیاساكەدا دەكەین".

له‌ پرۆژه‌ یاساكه‌دا "ئاڵا وسرودی نیشتمانی وپێشمەرگە و رابەرە مێژوویی‌ و رزگاریخوازەكانی گەلی كوردستان"، به‌ هێما نیشتیمانی و نەتەوەییەكان ناسێنراون.

چۆمان محەمەد، رێكخەری ژووری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان، لە وتارێكدا تێروانینی خۆی بۆ پرۆژه‌كه‌ خستوه‌ته‌ڕوو و ده‌ڵێت: رابەری مێژوی و رزگاریخوازی گەلی كوردستان دیاریكراو نیە كە مەبەست كێیە لە رابەر و بە كێ دەوترێت رابەر، بۆیە ئەم دەستەواژانە لاستیكیە شرۆڤەی بەویستی سیاسیی و مەرامی تری پێوە دەكرێت.

رێكخەری ژووری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان، ده‌پرسێت ئەگەر سوكایەتی و بێڕێزی بەهێما نیشتیمانی و نەتەوەیەكانی كوردستان بەتاوان ئەژمار دەكرێت بۆچیی خۆی لەم پرۆژەیاسایەدا سزای بۆ دیارینەكراوە؟ بۆ هەواڵەی یاسای سزادان كراوە؟ پێیوایە، "كە ئەم هەواڵەكردنە ئەگەرلەیاسای سزادان سزای نەبێت هەواڵەكردنێكی نەگونجاوە هیچ پێویست نیە".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement