به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت چی له دۆخی كوردستان ده‌گۆڕێت ؟
04:50 - 23/05/2020
شیکاری: محەمەد حسێن
چه‌ند رۆژێكه نرخی نه‌وت له بازاڕه جیهانیه‌كاندا رولهههڵكشانه. به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ نه‌وتی برێنت له سه‌روی 35 دۆلاره‌وه بوو. ئه‌مه‌ش ده‌رگای هیوایه‌كی چاوه‌ڕوانكراو (به‌ڵام بچوك)ی له هه‌رێمی كوردستان وعێراقیش كردۆته‌وه، به‌و پێیه‌ی زیاتر له ٩٤% ی هه‌نارده‌كانی وڵات ته‌نها نه‌وتی خاوه. به‌ڵام قه‌باره‌ی گۆڕانكاریهكهو دۆخی نوێی عێراق و كوردستانیش ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن كه بازاڕی نه‌وت به‌م زووانه ناگاته ئه‌و ئاسته‌ی كه هه‌رێم و عێراق ده‌رباز بكات له‌و قه‌یرانه داراییه‌ی ئه‌مڕۆ، ئه‌گه‌ر به‌ناو رستێك و گۆڕانكاری و ریفۆرمی به ئازاردا تێنه‌په‌ڕن.
به پێ دوایین راپۆرتی ئاژانسی وزه‌ی جیهانی (كه رۆژی ١٤\٥\٢٠٢٠ بڵاوكرایه‌وه)، به‌م دواییانه كه‌مكردنه‌وه‌ی رێوشوێنه خۆپارێزیه‌كانی په‌تای كۆرۆنا خواستی له‌سه‌ر نه‌وت زیادكردووه به راده‌ی ٣.٢ ملیۆن به‌رمیلی رۆژانه، به‌ڵام هێشتا به راده‌ی ١٩.٩ ملیۆن به‌رمیلی رۆژانه كه‌متره به‌راورد به چاره‌كی كۆتایی ساڵی رابردوو، یان پێش سه‌رهه‌ڵدانی په‌تاكه.
هاوكات خستنه‌ڕووی نه‌وتیش دیسان كه‌میكردووه به‌راده‌ی ١٢ ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی رێكه‌وتنی كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌م له لایه‌ن وڵاتانی ئۆپیك-پڵه‌س هاوكات كه‌مبونه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئه‌و پرۆژه نه‌وتیانه‌ی كه تێچووی به‌رهه‌مهێنانیان زۆر به‌رزه، وه‌ك كێڵگه نه‌وتیه‌كانی ئه‌مریكا و كه‌نه‌دا كه به‌شێك له وه‌به‌رهێنه‌ره نه‌وتیه‌كانیان توشی مایه‌پوچ بوون هاتن وكاركردنیشیان له هه‌ندێك كێڵگه‌دا راگرت. له ئێستادا رۆژانه نزیكه‌ی ٨٨ ملیۆن به‌رمیل خستنه‌روو هه‌یه له‌به‌رامبه‌ر نزیكه‌ی ٨١ ملیۆن به‌رمیل خواست (١).
هه‌موو ئه‌م ژمارانه، هاوشان له‌گه‌ڵ نرخی نه‌وتدا، ده‌گۆڕێن به‌پێی ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی له دۆخی په‌تای كۆرۆنادا دروست ده‌بن. زۆربه‌ی پێشبینیه‌كانی ده‌زگاكانی شیكاری بازاڕی وزه چاوه‌ڕێی ئه‌وه ناكه‌ن نرخی نه‌وتی برێنت له ٢٠٢٠دا زۆر له ٤٠ دۆلار به‌رزتر بێته‌وه بۆ هه‌ر به‌رمیلێك؛ كه‌واته هه‌ر له ئێستاوه دیاره سه‌ختی قه‌یرانه داراییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش تا كوێ ده‌ڕوات و له كوێدا هێور ده‌بێته‌وه.
داهاته نه‌وتیه‌كانی كوردستان له‌به‌ر رۆشنایی چه‌ند سیناریۆیه‌كدا
مانگی رابردوو، هه‌رێمی كوردستان به تێكڕا رۆژانه ٤١٦ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده‌ی بازاڕه جیهانیه‌كان كرد، له كاتێكدا مانگی ٣\٢٠٢٠ رۆژانه زیاتر له ٤٧٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده كردبوو. ئه‌م كه‌مبونه‌وه‌ی به‌رهه‌مه به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و رێوشێنه‌كانی په‌تای كۆرۆناوه بوو. به‌ڵام بۆ مانگی ٥\٢٠٢٠ هه‌رێم ناچاره به‌پێی پابه‌ندیه‌كانی عێراق به رێكه‌وتنی ئۆپیك-پڵاسه‌وه، به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی كه‌مبكاته‌وه بۆ نزیه‌كه‌ی ٣٨٥ هه‌زار به‌رمیل له رۆژێكدا.
كه‌واته ئه‌وه‌ی به به‌رزبوونه‌وه خاوی نرخ ده‌ستی ده‌كه‌وێت به كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌م له‌ده‌ستی ده‌دات. ئه‌م كه‌مكردنه‌وه‌یه به پێی رێكه‌وتنه‌كه تا كۆتایی ئه‌م ساڵ به‌رده‌وام ده‌بێت به بڕی جیاجیا‌و ره‌نگه له ساڵی ٢٠٢١یشدا هه‌ر به‌رده‌وام بێت، تا ئه‌و كاته‌ی خواست و خستنه‌ڕوی نه‌وت به ناهاوتایی ده‌مێننه‌وه.
ئه‌گه‌ر چی كه‌رتی نه‌وتی كوردستان و زۆربه‌ی پرسه داراییه‌كانیشی له تاریكی و ناشهفافیهتێكی یه‌كجار قوڵدا ده‌برێن به‌ڕێوه، به‌ڵام راپۆرته‌كانی ئه‌م دواییه‌ی دیلیۆت و داتای ده‌زگاو ئاژانسه‌كانی بواری وزه یارمه‌تی پێشبینی كردنی چه‌ند سیناریۆیه‌كی ئایندهی دارایی هه‌رێمی كوردستان ده‌ه‌ده‌ن، به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه.
ئه‌م پێشبینی و سیناریۆانه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و گریمانانه بونیادنراون كه هه‌رێم سه‌ربه‌خۆییانه به‌رده‌وام ده‌بێت له فرۆشتنی نه‌وت و بۆ هه‌ر به‌رمیلێكیش ١٠ دۆلار كه‌متر له نه‌وتی برێنت دهیفرۆشێت ( به‌پێی به‌راوردی نرخی نه‌وتی هه‌رێم له‌گه‌ڵ برێنت له ساڵی ٢٠١٩دا له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و داتایانه‌ی دیلیۆت بڵاویكرده‌وه). بۆ خه‌مڵاندنی خه‌رجیه‌كانی تری كه‌رتی نه‌وتیش، ئه‌م لێكدانه‌وه له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه كه هه‌رێم بۆ فرۆشتنی ههربهرمیلێكی نه‌وته‌كه‌ی ٨ دۆلار ده‌دات به كرێی بۆڕی و گومرك و تێچووی بازاڕیكردن. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ٤٠% ی كۆی گشتی نه‌وتی به‌رهه‌مهێنراوی هه‌موو كێڵگه‌كان، به تێكڕا ده‌درێن به كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان، وه‌ك به‌شێك له شایسته داراییه‌كانیان.
هه‌ربۆیه تێكڕای داهات و فرۆشی نه‌وتی هه‌رێم له مانگه‌كانی ٥ و ٦ دا نزیك ده‌بێت له‌م ژمارانه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌و بڕه پاره‌ی لێدهرنهكراوه كه هه‌رێم له بری قه‌رزدا ده‌یدات به توركیا‌و بازرگانه نه‌وتیه‌كان، ئه‌وانه‌ی كه به شێوازی پێشوه‌خته نه‌وتیان له هه‌رێم كڕیوه، پاره‌یان داوه‌ته هه‌رێم و هێشتا نه‌وته‌كه‌یان نه‌بردووه.
هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌مان ئه‌و گریمانانه‌ی سه‌ره‌وه، به ڕه‌چاوكردنی ئه‌و گه‌شبینیه‌ی ئه‌مڕۆ باڵی به‌سه‌ر بازاڕی نه‌وتدا كێشاوه‌و به‌وهیوایه‌ی كه مه‌ترسی په‌تای كۆرۆنا دهڕوێتهوهو زۆربه‌ی چالاكیه ئابوریه‌كان ئه‌م هاوینه ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وا ده‌كرێت چاوه‌ڕوانی داهاته نه‌وتیه‌كانی هه‌رێم بكه‌ین نزیك له‌م ژمارانه‌ی خواره‌وه بۆ مانگه‌كانی ٧ و ٨ ی ئه‌مساڵ.
زۆر به‌ساده‌یی، ئه‌وه‌ی ئه‌م ژماره پێشبینیكراوانه پێمان ده‌ڵێت ئه‌وه‌یه كه قه‌یرانه داراییه‌كه‌ی هه‌رێم به داهاتی نه‌وت چاره‌سه‌رنابێت. له گه‌شبینترین سیناریۆدا مانگی ٨ی ئه‌مساڵ داهاته نه‌وتیه‌كانی هه‌رێم ره‌نگه بگاته نزیكه‌ی ٢٦٧ ملیۆن دۆلار، پێش ئه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی لێده‌ربكرێت. بێگومان ئه‌مه زۆر كه‌متره له‌وه‌ی نیوه‌ی خه‌رجیه‌كانی حكومه‌ت دابین بكات.
به‌شێكی زۆری داهاته نه‌وتیه‌كانی هه‌رێم بۆ قه‌رزی توركیا‌و كۆمپانیا‌و بازرگانه نه‌وتیه‌كان ده‌چێت، ئه‌گه‌ر چی داتا‌و به‌ڵگه‌ی فه‌رمی له‌به‌رده‌ست نیه له‌سه‌ر ورده‌كاری ئه‌م قه‌رزانه، به‌ڵام ئاشكرایه به‌شێكیان هی ئه‌و كۆمپانیا‌و بازرگانه نه‌وتیانه‌یه كه پێشتر هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌ی پێشوه‌خته نه‌وتی پێ فرۆشتوون، سالانی پێشوو كه نرخی نه‌وت به‌رز بوو ئه‌وان قه‌رزیان داوه به هه‌رێم، به‌ڵام به نرخی ئه‌مڕۆ كه زۆر هه‌رزانه نه‌وته‌كه‌ی ده‌به‌ن. كه‌واته بێبازاڕی نه‌وت وای كردووه ئه‌و بڕه قه‌رزه‌ی ساڵی پار هه‌رێم به یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی خاو دهیبژاردهوه ئه‌م ساڵ پێویستی به ٢ ملیۆن به‌رمیل نه‌وته.
به‌ته‌نیشت بێبازاڕی نه‌وته‌وه، ئه‌م قه‌رزانه‌ش بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر داهاته نه‌وتیه‌كانی هه‌رێم هه‌روا به كه‌می ده‌هێڵێته‌وه هه‌رچه‌نده بڕی هه‌نارده‌كردنی زۆر بێت. بۆ نمونه له وته‌كه‌ی دوێنێیدا مه‌سرور بارزانی وتی مانگی رابردوو حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نها ٣٠ ملیۆن دۆلار داهاتی نه‌وتی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه. به پێی راپۆرته‌كانی دیلیۆت، هه‌رێمی كوردستان تا كۆتایی ساڵی رابردوو ٣ ملیار‌و ٤٤١ ملیۆن دۆلار قه‌رزی فرۆشتنی پێشوه‌خته‌ی نه‌وتی لاماوه، پاره‌كه‌ی وه‌رگرتووه به‌ڵام نه‌وته‌كه‌ی نه‌داونه‌تێ، ئه‌بێت چه‌ند ساڵ و مانگی بوێت تا هه‌رێم به به‌های ئه‌م پاره‌یه نه‌وت بداته ئه‌م كۆمپانیانه.
خۆشبه‌ختانه سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێم باش له‌م راستیه تێگه‌یشتوون كه ئیتر نه‌وت ده‌رمانی ده‌ردی ئه‌وان نیه. له ئێستادا له هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه دارایی و نه‌وتیه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدان. به‌ڵام هه‌رگیز به‌غداش ناتوانێت چاره‌سه‌ری كورتهێنانه داراییه‌كه‌ی هه‌رێم بكات ئه‌گه‌ر چاكسازیه‌كی راسته‌قینه له ناو ته‌واوی ئۆرگانه‌كانی حكومه‌تدا ده‌ست پێنه‌كرێت. ئه‌م چاكسازیه ده‌بێت هێنده كاریگهرو گه‌وره بێت كه خه‌رجیه كارگێڕیه‌كان بۆ زیاتر له نیوه كه‌م بكاته‌وه.
Agency, International Energy. “Oil Market Report.” Electronic . 1- International Energy Agency, 2020.