933 کوردستان

(6) مانگە پەڕلەمان، یەك مانگ كاری نەكردووە

03:10 - 20/05/2020

زەمەن – هەولێر
ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان بووەتە تەماشاكەرێكی پرسە سیاسی‌و ئابوورییەكانی هەرێم، بە رادەیەك كاری پەرلەمانتاری پاشەكشەی كردووە هەموان قسە دەكەن تەنیا پەرلەمان نەبێت، خەریكە هەرێم نوقمی قەیران دەبێت بەڵام پەرلەمان وەك ئەوەی لە دۆڵێكی تر بێت بە چەند پرسێكەوە خۆی سەرقاڵكردووە كە هیچ پەیوەندییەكان بە ژیان‌و گوزەرانی خەڵكەوە نیە.


خەوشیەكانی ئەم خولەی پەرلەمان بە رادەیەكن تائێستا سێ‌ یاسا پەسەند كراون، كۆدەنگیەك لەناو شەقام‌و بەشێك پەرلەمانتارانیش هەیە كە خولی پێنجەم لەلایەن لیستی پارتی و حكومەتەوە كۆنترۆڵكراوە‌و دەسەڵاتی چاودێری‌و لێپرسینەوەی لێ سەندراوەتەوە.

لە كار وەستانی دامەزراوەی پەڕلەمان بەرادەیەكە. لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا, بەهۆی وەرگرتنی پشوی زستانەو كۆرۆناو لێكەوتەكانی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر, ئەو دامەزراوەیە مانگێك كاری بە تەواوەتی نەكردووە. 

شەش ساڵە قەیرانی دارایی بەرۆكی خەڵكی هەرێمی كوردستانی بەرنەداوە, ئەگەرچی هەندێكجار ئازار شكێنی كاتی بۆ موچە هەبووە، بەڵام لەگەڵ چوونە ناو ساڵی 2020ەوە جارێكی تر بە توندی قەیرانەكە سەریهەڵداوە‌و لەم رۆژانەدا بوو فەرمانبەران موچەی مانگی یەكیان وەرگرت.

ئابووری هەرێم زیاتر لەسەر موچە پابەندە‌و كە دوا دەكەوێت بازاڕ‌و كەرتەكانی تریش پەكیان دەكەوێت، قەدەغەی هاتوچۆ لەسەروەختی كۆرۆنادا بووە هۆی ئەوەی بە هەزاران كرێكار‌و خاوەنكار بێ‌ كاربن.
 رێك لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی خولی بەهارەدا چاوەكان چوونەوە سەر پەرلەمان بەوەی دانیشتنی یەكەمی تایبەت بێت بە ژیانی خەڵك‌و لێپرسینەوە لە حكومەت، نەك ئەوە رووینەدا بەڵكو دەست بۆ پرسێك برا كە لە پێشبینی خەڵك نەبوو ئەویش لابردنی پارێزبەندی بوو لەسەر پەرلەمانتاران، ئەم پرسەی لێكەوتەی سیاسی خراپی بەدوادا هات‌و كار گەیشتووە بەوەی سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنەكانی پەرلەمان رابگرێت.

لە دەورەی حەرەمی پەرلەمان، پەرلەمانتاران جەنگێكی میدیاییان لە پێناو بەرژەوەندی حزبەكانیان دەستپێكردووە‌و هەر لایەك دەستە چەورەكەی بەسەر ئەوەی تردا دەسڕێت.

لوقمان وەردی، لە فراكسیۆنی یەكێتی كە سەرۆكی پەرلەمان لە حزبەكەی ئەوە، وتی "ئەم دۆخەی پەرلەمانی كوردستانی تێكەوتووە دۆخێكی نەخوازراو بووە ئێمە هیچ حەزمان پێینەكردووە".
وەردی دەڵێت "پێمانوابوو یەكەم كۆبونەوەی پەرلەمان تەرخاندەكرێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر گرفت ‌و كێشەكانی خەڵك و پرسی موچە‌و هەروەها هاوكاری حكومەت بین لە گفتوگۆكانی لەگەڵ بەغدا، بەڵام لە دەستپێكی كارەكانیدا بەداخەوە فراكسیۆنی پارتی ‌و بە تایبەتی جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەستیبرد بۆ لابردنی پارێزبەندی كە سیناریۆیەكی ناشیرین بوو".

دانیشتنی حەوتی مانگ بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی پارتی‌و 11 پەرلەمانتاری پێكهاتەكان بوو، یەكێتی‌و گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو لەگەڵ نەوەی نوێ بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد.
پەرلەمانتارەكەی یەكێتی دەڵێت "ئەوەشی زۆر پێی نیگەرانین بەكارهێنانی پێكهاتەكانە، تەبعەن یەكێك لە سیما جوانەكانی حكومڕانی لە كوردستان زامنكردنی مافی پێكهاتەكانە، بەڵام هەرگیز لەگەڵ ئەوەنین لە قوڵكردنەوەی ململانێ‌ سیاسیەكان بەكاربهێنرێن".

یەكەمجاربوو پرسێك لە ناو پەرلەمان بە زۆرینە‌و كەمینە تێپەڕبێت، پرۆسەی حكومڕانی لەسەر تەوافوقی لایەنەكان پێكهاتووە، هەرچەندە یەكێتی‌و گۆڕان پێیانوایە پارتی هەم لە پەرلەمان‌و هەمیش لە حكومەت لەسەر بنەمای زۆرینە‌و كەمینە مومارەسەی دەسەڵاتەكانی دەكات.

فراكسیۆنی پارتی پێیوایە بابەتی پارێزبەندی "زۆر لە قەبارەی خۆی گەورەتر كراوە".
رێبوار بابكەیی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی، دەڵێت قسەكەی سەرۆكی پەرلەمان بۆ ئەنجامنەدانی كۆبونەوە بۆچونێكی سیاسیە نەك كاری دامەزراوەیی، ئەو سەرۆكی دامەزراوەیە نەك سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ‌و وابزانێت پەرلەمان بارەگایەكی حزبیە‌و بە ئارەزوی خۆی بڵێت كۆبونەوە راناگەیەنم.
بابكەیی، بە "زەمەن"ی وت "هەندێك فراكسیۆن بابەتی پارێزبەندیان زیاد لە قەبارەی خۆی گەورە كرد لە بابەتێكی یاساییەوە خستیانە چوارچێوەیەكی سیاسیەوە ئەم بابەتە وایكرد سەرۆكی پەرلەمانیش وەكو سەرۆكی فراكسیۆنێك مامەڵەی كرد‌و ئەمەش وایكرد پەرلەمان كۆنەبێتەوە‌و بەداخەوە واشیكرد پەرلەمان بێ‌ ئەرزش بكرێت‌و پرۆسەی تەشریعی زۆر خاوتر بێتەوە".

بەپێی رێككەوتنی حزبەكان، سەرۆكی پەرلەمان بەر یەكێتی‌و جێگرەكەی بەر پارتی‌و سكرتێریش لە پێكهاتەكانە، رەخنەی لایەنەكانی دەرەوەی پارتی ئەوەیە كە جێگر‌و سكرتێر بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ سەرۆكی پەرلەمان دەتوانن پرسەكان یەكلابكەینەوە‌و ئەو بابەتەی خۆیان دەیانەوێت بیخەنە بەرنامەی كارەوە.

رەخنەیەكی تریش كە لەم خولە دەگیرێت ئەوەیە كە تەنیا ئەو بابەتانە دەخاتە بەرنامەی كارەوە كە لەلایەن حكومەتەوە رەزامەندیان لەسەر دەدرێت، كە ئەمەش بۆ شكۆی پەرلەمان كە تاكە دامەزراوەیە بە دەنگی خەڵك هەڵبژێردرا بێت نەنگیە.

نیگەرانیەكانی یەكێتی لە جێگری سەرۆكی پەرلەمانە، لوقمان وەردی وتی كە حەقی خۆیانە داوای رونكردنەوەی لەسەركردایەتی پارتی بكەن كە "جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ قوڵكردنەوەی ململانێكان لە پەرلەمانە یان بۆ مومارەسەكردنی كاری پەرلەمانی".
وتیشی "دەبێت دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەك سەرۆكی پەرلەمان بێلایەنی خۆیان بپارێزن ‌و هەرگیز وەكو كارەكتەرێكی حزبی مامەڵەی نەكردوە‌و دەبێت جێگر‌و سكرتێری پەرلەمانیش وابیر بكەنەوە".
وەردی پێیوایە بە مەبەست لە "شكۆی" پەرلەمان دەدرێت‌و لێناگەڕێن پەرلەمان بە رۆڵە قانونی‌و چاودێرییەكەی هەستێت، "هەر پرۆژەیەك دێتە پەرلەمان كە رەهەندی دارایی هەبێت یەكسەر دەڵێن دەبێت حكومەت قسە بكات، ئێمە دژی حكومەت نین ‌و نوێنەری خەڵكین، هیوادارم دوای جەژن سنورێك بۆ دۆخە دابنرێت". پەرلەمانتارەكی یەكێتی وای وت.

بەڵام لای فراكسیۆنی پارتی بابەتەكە بەجۆرێكی ترە‌و وەك ئەوەی رێبوار بابكەیی دەیڵێت "ئەگەر فراكسیۆنەكان بە ئەركی خۆیان هەڵنەستابن ئەوە خەتای سەرۆكایەتی پەرلەمانە‌و كەموكوڕییەكە لەوێوەیە‌و ئەگەر یاساش دەرنەكەین ئەوە خەتای خۆمانە خەتای حكومەت نیە، ئەولەوییە بۆ ئەو یاسانەیە كە حكومەت دەیاننرێت بۆ ئەوەی جێبەجێبكرێن".

لە دەرەوەی مشتومڕی پارتی‌و یەكێتی، رێژەیەكی زۆر لە پەرلەمانتاران هەن دەیانەوێت سنوورێك بۆ پەراوێزخستنی پەرلەمان دابنێن‌و سەرنج‌و دانیشتنەكان لەسەر ژیانی خەڵك‌و لێپرسینەوە لە حكومەت بێت.

دابان محەمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان، پێیوایە كەشێكی قۆرخكاری لە پەرلەماندا هەیە‌و بە پێویستی دەزانێت كۆتایی پێبهێنریت كە پەیوەستە بەسەرۆكایەتی پەرلەمان ‌و بەو زۆرینەیەی لە پەرلەمان هەیە.

ئەو وتی :"وەزیفەی حكومەت جیاوازە بەرامبەر بە خەڵك ‌و ئەرك‌و وەزیفەی پەرلەمان‌و پەرلەمانتاریش جیاوازە، تائێستا پەرلەمان ئەم وەزیفەیەی جێبەجێنەكردووە كە گەیاندنی دەنگی خەڵك‌و خواستەكانیانە، ئەركی پەرلەمانتارە چاودێری بكات‌و تا ئاستی وەرگرتنەوەی متمانە لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن بڕوات".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان بە پێویستی زانی لەمەودوا هێڵێكی روونتر لە نێوان پەرلەمان و حكومەتدا بكێشرێت، پێویستە لە كارنامەی كۆبونەوەكانی پەرلەماندا ئەو بابەتانەی نا پێویستن لاببرێن‌و ئەوانەی كە راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی خەڵكەوە هەیە بخرێنە بەرنامەی كارەوە لەوانە موچە‌و دۆخی دارایی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن