1115 کوردستان

بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەندراوێکی لەسەر قەیرانەکانی هەرێم بڵاوکردەوە

10:07 - 06/02/2020

"زەمەن"

 

بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان لە روی سامانی سروشتییەوە بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانی، یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکانی جیهان، بەڵام لە بەرامبەردا هاونیشتمانیان لە روی خزمەتگوزاریە سەرەتایی وئاساییەکانی وەک غاز و کارەباو نەوتەوە کەمترین سودمەند بون لەو سامانە گەورەیە.


ڕاگەیەندراوەکەی گۆڕان وتاری هەفتانەیە و تێیدا هاتووە"هەموو حکومەتێک ناوبەناو توشی قەیرانێکی دیاریکراو بێت کە بڕی خستنە بازاڕ لەئاست داواکاریەکان نەبێت، بەڵام کارێکی زۆر نەنگی و سلبیە هاوڵاتیان بکرێنە قوربانی کێبڕکێی کۆمپانیاکان و کۆمپانیا حزبیەکان یاخود کەسە دەستڕۆیشتوەکان و ململانێی حزبی".

بزوتنەوەی گۆڕان بە ئەرکی سەرەکی هەرسێ لایەنی بەشدار بو لەکابینەی نوێ دەزانێت، کە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە و چەندین پرسی تری مەترسیداری ئاوا بکەن و بەخێرایی کۆبونەوەی سێ قۆڵی ئەنجام بدەن و لیژنەی هاوبەش پێکبێنن بۆ بەهێز کردنی دەسەڵاتی حکومەت بەسەر سەرجەم جومگەکانی هەرێمدا، هەر لەوێشەوە کارکردن بۆ دامەزراندنی ئەو دەزگایانەی پێویستن بۆ کۆکردنەوە و قەتیس کردنی سەرجەم داهاتەکان تیایدا.

 

ئەمە دەقی گوتاری هەفتانەی بزووتنەوەی گۆڕانە.

 

حکومەت و سامانە سروشتیەکان

گوتاری هەفتانە

سامانە سروشتییەکان موڵکی میللەتن و پێویستە حکومەت بەو شێوەیەی کە گونجاوە، بیخاتە خزمەتی هاوڵاتیانەوە، لەو داهاتە دەبێ کاری خزمەتگوزاری و بنیاتنان بکرێت، موچە و مافی فەرمانبەر و موچەخۆران و هاوڵاتیانی تری لێ بدرێت. ئەرکی حکومەتە کە سەرپەرشتی تەواوی کێڵگەی نەوت و غاز بکات و لەهەمان کاتیشدا کار لەسەر کۆکردنەوەی داهاتەکانی بکات بۆ ئەو سندوقەی ساڵانێکە بڕیاری لەسەر دراوە و هێشتا دروست نەکراوە.

هەرێمی کوردستان لە روی سامانی سروشتییەوە بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانی، یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکانی جیهان، بەڵام لە بەرامبەردا هاونیشتمانیان لە روی خزمەتگوزاریە سەرەتایی وئاساییەکانی وەک غاز و کارەباو نەوتەوە کەمترین سودمەند بون لەو سامانە گەورەیە.

دەشێ هەمو حکومەتێک ناوبەناو توشی قەیرانێکی دیاریکراو بێت کە بڕی خستنە بازاڕ لەئاست داواکاریەکان نەبێت، بەڵام کارێکی زۆر نەنگی و سلبیە هاوڵاتیان بکرێنە قوربانی کێبڕکێی کۆمپانیاکان و کۆمپانیا حزبیەکان یاخود کەسە دەستڕۆیشتوەکان و ململانێی حزبی. ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ دابەش کردنی قوتی هاوڵاتیانی هەرێم و بەهەدەر بردنی پارەو موڵکی گشتی کە خاوەنی راستەقینەی سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگایە، نەک حزب و لایەن و کۆمپانیا و تاقمێک.

ئازاردانی خەڵک و دروستکردنی قەیران و تێکدانی کەش و هەوای گشتی و بەلاڕێدابردنی بابەتەکان، ئەمانە هیچیان ناچنە خانەی بەرپرسیارێتی بەرێوەبردنی کۆمەڵگاوە، بەڵکو بەشێکی ترە لەو فشارە ناتەندروستانەی ساڵانێکە بەسەر هاوڵاتیانی کوردستانەوە سەپێنراوە.

لە ئێستادا، ئەرکی سەرەکی هەرسێ لایەنی بەشدار بوە لە کابینە نۆ، کە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە و چەندین پرسی تری مەترسیداری ئاوا بکەن و بەخێرایی کۆبونەوەی سێ قۆڵی ئەنجام بدەن و لیژنەی هاوبەش پێکبێنن بۆ بەهێز کردنی دەسەڵاتی حکومەت بەسەر سەرجەم جومگەکانی هەرێمدا، هەر لەوێشەوە کارکردن بۆ دامەزراندنی ئەو دەزگایانەی پێویستن بۆ کۆکردنەوە و قەتیس کردنی سەرجەم داهاتەکان تیایدا.

ئەرکی سەرەکی حکومەتە پێش هەمو لایەنێکی تر، خەمی ژیان و بژێوی هاوڵاتیان بخوات و رێگە بگرێت لەو دڵەراوکێ و بەهەدەردانەی کە هەیە و قسەی لەسەر ئەکرێت. هەروەک ئەرکی حکومەتیشە خزمەتگوزاریە گشتییەکان بە دور بگرێت لە ململانێی کەس و گروپی بەرژەوەندی و ناکۆکی حزبی.

حکومەت و سەرجەم دەزگاکانی و هەمو ئەو حزبانەی کە پشتگیری ئەکەن، پێویستە زۆر خێراو بەپەلە هەنگاوی کرداری بنێن بۆ کۆتایی هێنان بە مەترسیەکانی هەژمونی کەس و لایەن و کۆمپانیا حزبیەکان بۆسەر قوت و ژیانی هاوڵاتیان.

بزوتنەوەی گۆڕان
6/2/2020

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن