بیبلیۆگرافیا و بەڵگەنامەی شانۆیی شاری سلێمانی
11:20 - 28/01/2020
بوار نوورەدین
ئامانجی سەرەكیی ئەم پڕۆژەیە، كۆكردنەوە و داتاكردنی بەرهەمەكانی شانۆی سەدەی بیستی شاری سلێمانییە. فلایەر و بروشوور، باشترین بەڵگەنامەی چالاكین. لەم هەوڵەدا بەشێك لە ئەرشیفی چالاكیی شێوەكاری، موزیك، ئەدەبی و هەمەجۆریش كۆكراونەتەوە، هێشتا دەرفەتی ئامادەكردنیان بۆ نەڕەخساوە. لە یەكەم چاپی كتێبی “بیبلیۆگرافیای بنكەی گەلاوێژ”ی ساڵی 2013دا، بەشی تایبەتیی چالاكیی بنكەی ناوبراوم بەم شێوەیە رێكخستووە، كە فلایەر و بروشووری چالاكییەكان- بێ هیچ نووسینێك- تەنها بەپێی رۆژ، مانگ و ساڵ ریزبكرێن، زانیاری بە خوێنەر و بەكاربەر بدەن، کە جگە لە بیبلیۆگرافیا، هەندێ بایەخی هونەریشیان هەیە، بەتایبەتی لە تەكنیكی ئامادەكردنی بەرهەمەكان و دیزاینی فلایەرەكاندا.
پایتەختی رۆشنبیری هەر بە قسە نابێت، پێویستە بە داتا بسەلمێنرێت. لە پێناوی ئەم پڕۆژەیەدا، پەیوەندیمان بە زۆربەی هونەرمەندانی شاری سلێمانییەوە كردووە، بەداخەوە هەندێكیان ئەرشیفیان نەبوو، یان هاوكارییان نەكردووین، ٥٥ کەسایەتی، تیپ و دەزگاش هاوکارمان بوون، سوپاسیان دەکەین.
لە بەشی سەرەوەی هەر بەرهەم و چالاكییەكدا، ناسنامەیەكی كورت نووسراوە: ناونیشان، مێژوو، ئەرشیف، هەندێكییشان لە “تێبینی”دا، زانیاریی پێویستیان بۆ نووسراوە، ئەوسا وێنەی فلایەرەكان دانراوە.
بۆ ئەم نووسینە، لە دوای هەر ناونیشانێك و لە ناو جووت كەوانەیەكدا()ژمارەی فلایەرەكان نووسراون، کە جگە لە بەڵگەنامە و سیپارەكان، هەر سێ بەرگەکە، نزیكەی 817 بەرهەم و چالاكییان تێدا کۆکراوەتەوە.
پڕۆژەكە بەم شێوەیە رێكخراوە، بەرگی یەكەم- چالاكیی تیپەكانی پێش راپەڕین 1949- 2017 (288 بەرهەم و چالاكی):
بەڵگەنامە و بەرهەمی هەمەجۆر 1949- 1990 (15)
تیپی نواندنی سلێمانی 1969- 2010 (41)
تیپی كۆمەڵەی هونەرە جوانەكانی كورد 1970- 2016 (55)
تیپی پێشڕەوی شانۆی كوردی 1973- 2013 (27)
تیپی چالاكیی قوتابخانەكان 1974-2000
تیپی هونەریی میللیی یەكێتیی نەقابەكانی كرێكارانی سلێمانی 1974- 1988 (5)
تیپەكانی سەر بەرێكخراوەكان و حكومی1975- 1990 (44)
بەرهەمی هاوبەش 1976- 1990 (4)
تیپەكانی زانكۆی سلێمانی 1978- 2002 (9)
تیپی شانۆی سالار 1984- 2017 (39)
تیپەكانی دەزگای رۆشنبیری و بڵاوكردنەوەی كوردی- لقی سلێمانی 1985- 1989 (8)
تیپی شانۆی ئەزموونگەری 1988- 1992 (5)
تیپی شانۆی ئاشتی 1990- 2011 (8)
بەرگی دووەم: پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانی 1982- 2017 (201 بەرهەم و چالاكی).
بەرگی سێیەم- چالاكیی تیپەكانی دوای راپەڕین 1991- 2018 (328 بەرهەم و چالاكی):
یەكێتیی هونەرمەندان و كۆمەڵەی هونەرمەندانی کوردستان 1991- 2009 (9)
بەڵگەنامە و بەرهەمی هەمەجۆر 1991- 2017 (72)
وەزارەتی رۆشنبیریی كوردستان 1991- 2010 (67)
تیپی شانۆی ئەزمەڕ 1991- 1996 (4)
تیپەكانی شانۆی منداڵان 1991- 2000 (16)
تیپی حەوتی ئازار 1992- 1997 (4)
تیپی شانۆی نینا 1992- 1999 (11)
تیپی وێستگەی هونەریی نوێژین 1992- 1994 (6)
كاری هاوبەش 1994- 2018 (51)
تیپی شانۆی كوردستان 1995- 2013 (9)
تیپی شانۆی هەڵەبجە 1996- 2013 (4)
تیپی ستۆدیۆ ئەكتەر 1997- 2017 (22)
تیپی هونەریی رەنگاڵە 1998- 2013 (12)
تیپی شانۆی نەتەوەیی 1999- 1999 (5)
تیپی هاوڕێیانی گەزیزە 2012- 2018 (12)
تیپی كۆڕی شانۆی با 2004- 2014 (7)
گرووپی لەیزین بۆ سەمای بالێ 2012- 2018 (17)
هێشتا كات ماوە، ئەگەر هەر تیپ و كۆمەڵەیەك، داتاكانی پێكەمە و بەرهەمی زۆرتری پێشكەش كردووە، دەتوانن پەیوەندی بكەن، تا ئەوانیش تۆماربكەین.