رێكخەری ژووری حكومەتی گۆڕان: گۆڕین و ئاڵوگۆڕ بە هەندێك لە بەرپرسە حكومیەكانمان دەكەین
03:58 - 21/11/2019
سازدانی: مەعاز فەرحان
كاوە عەبدوڵڵا تازە بووەتە رێكخەری ژووری حكومەتی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەو ژوورەكەی بە مەرجەعی نوێنەرەكانی گۆڕان ناودەبات لە حكومەتی خۆجێیو حكومەتی هەرێمو بەغدا، گلەییشی لە یەكێتیو پارتی هەیە كە بە زەحمەت دەستبەرداری پۆستەكان دەبن.
كاوە عەبدوڵڵا، باسلەوەدەكات رێگری لە جێبەجێكردنی رێكکەوتنەكانیان هەیە لەگەڵ پارتیو یەكێتیو هەوڵدەدەن چارەسەریان بكەن.
رێكخەری ژووری حكومەت، دەڵێت وەك چۆن دەسەڵاتی دەستخۆشیان هەیە بەهەمانشێوەش دەسەڵاتی لێپرسینەوەیان هەیە لە وەزیرو نوێنەرەكانی گۆڕان لە حكومەت.
زەمەن: چۆن بوو كرایت بە رێكخەری ژووری حكومەتی گۆڕان؟
كاوە عەبدوڵڵا: من ماوەی سێ ساڵو نیوە ئەندامی ژووری پەرلەمانو حكومەتی بزوتنەوەی گۆڕانم، گۆشەی حكومەتی خۆجێی پارێزگام بەڕێوەبردووە، بە هاوكاری هاوڕێكانم پێشتر بە باشی كارەكانمان جێبەجێكردووە.
زەمەن: بۆچی ركابەرت نەبوو؟
كاوە عەبدوڵڵا: ركابەرم هەبووە، بەڵام بەحوكمی ئەوەی ژوورەكەی ئێمە جۆرێك لە بچوكبوونەوەی بەخۆوە بینیوە، لەبەرئەوە من تاكە كاندید بووم بۆ ئەو پۆستە.
زەمەن: ئەرك و رۆڵی ئەم ژوورەی بەڕێزت چیە؟
كاوە عەبدوڵڵا: ئەركو رۆڵی ئەم ژوورە زۆر قورسە، دەتوانم بڵێم بەرپرسیاریەتیەكی گەورەی لەناو بزوتنەوەی گۆڕان هەیە، ئیدارەكردنی كاروباری حكومەتو دیاریكردنی كاندید بۆ پۆستەكان بەتەنسیق لەگەڵ خانەی راپەڕاندنو رێكخەری گشتی ئەمانە هەموو كاری ژوورەكەی ئێمەیە، ئەم ژوورە لە سێ بەشی سەرەكی پێكدێت، گۆشەی ئەنجومەنی پارێزگاكان، واتە مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتی خۆجێی سلێمانی، هەولێرو دهۆكو هەڵەبجە، ئێمە پەیوەندیەكی زۆرمان لەگەڵ حكومەتە خۆجێیەكاندا هەیە، راستە ئێستا لە هەڵەبجەو هەولێرو دهۆك هیچ پۆستێكمان نیە، بەڵام بەنیازین لە گفتوگۆی داهاتووماندا لەگەڵ پارتیو یەكێتی ئەو پۆستانە یەكلابكەینەوە، گۆشەكانی تریشمان گۆشەی حكومەتی هەرێمو گۆشەی حكومەتی عێراقە.
زەمەن: هەر بەرپرس دەبیت لە نوێنەرەكانی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی خۆجێی یان بەغداش؟
كاوە عەبدوڵڵا: وەكو وتم ئێمە گۆشەمان هەیە بۆ حكومەتی هەرێمو عێراقیش، دیارە هەر گۆشەیەك بەرپرسی خۆی هەیە، هەر گۆشەیەكیش چەند كەسێك ئیشی تێدا دەكات، ئیشەكانی ئێمە بە تیم دەكرێنو ئیشی شەخسی نین، ئەو برادەرانەش هەمان رۆڵو دەسەڵاتی منیان دەبێتو بە راوێژ لەگەڵ یەكتر كار دەكەین.
زەمەن: كەواتە ژوورەكەتان مەرجەعی نوێنەرەكانی گۆڕانە لە حكومەتدا؟
كاوە عەبدوڵڵا: بە تەئكید ئەم ژوورە مەرجەعی نوێنەرەكانی گۆڕانە هەم لە دانان بە تەنسیق لەگەڵ خانەی راپەڕاندندا هەم بەرپرسیشە بەرامبەر كەموكوڕییەكانیشیان، پردی پەیوەندییە لەگەڵ هەر سێ حكومەتەكە لەگەڵ هاوڵاتیاندا، ئەگەر هەر گلەییو گازندەیەك لای هاوڵاتیان هەبێت لێرەوە دەگەیەنرێتە نوێنەرەكانی گۆڕان بۆ ئەوەی چاكی بكەن.
زەمەن: دەسەڵاتی لێپرسینەوەو سزات هەیە لە كەمتەرخەمی نوێنەرەكانی گۆڕان لە حكومەت؟
كاوە عەبدوڵڵا: بەڵێ بەدڵنیایەوە دەتوانم بڵێم ئێمە دەسەڵاتی دەستخۆشیمان هەیە لەو كەسانەی لە حكومەتی خۆجێیو حكومەتی هەرێمو عێراقدان دەسەڵاتی لێپرسینەوەشمان هەیە نەك بەتەنیا ژوورەكە خوانەخواستە كەموكوڕییەك هەبێت بەتەنسیق لەگەڵ خانەی راپەڕاندنو رێكخەردا دەتوانین لەسەر بەڕێوەبەرە گشتیەكانو وەزیرەكانمان لیژنە دروست بكەینو بەرپرسیاربین بەرامبەر ئەو ئەركو كارانەی كە هەیانەو دەتوانین لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكەین، ئەمەش بەتەنسیق دەبێت لەگەڵ ژووری یاساییو ژووری پەیجوری.
زەمەن: دەستوری گۆڕان دەسەڵاتی تا كوێ پێداویت؟
كاوە عەبدوڵڵا: لە دەستوردا هەموو وردەكاریی ئەم ژوورە باس نەكراوە، بەڵام ئێمە لە پاش ئەوەی خۆی گرت چونكە تازە دروست بووەو من چەند رۆژێكە دەستبەكاربووم، ئێمە پێویستمان بەوەیە پەیڕەوێك بۆ ژوورەكەمان دابنێین، تاڕادەیەك پەیڕەوەكە ئامادەیەو بەسود وەرگرتن لە پەیڕەوی ژووری حكومەتو پەرلەمانو بە سود وەرگرتن لە دیدی كەسانی تر پەیڕەوێك بۆ ژوورەكەمان دادەنێین.
زەمەن: ئێستا نزمترین نوێنەری گۆڕان لە حكومەت مدیر ناحیەكان و بەرزترینیش جێگری سەرۆكی هەرێمە، ئایا دەتوانی لێپرسینەوە لە هەموویان بکەیت؟
كاوە عەبدوڵڵا: بە تەئكید ئێمە مەرجەعی هەموو پۆستەكانین بەتەنسیق لەگەڵ خانەی راپەڕاندنو رێكخەری گشتی، ناكرێت ئەم ژوورە بەتەنیا مدیر ناحیە یان لێپرسینەوە لە وەزیرێك بكات، ئەم ئەركانە ئەركی قورسەو ئەركێكە بە تیم دەكرێت.
زەمەن: بەحوكمی ئەوەی پێشتر سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بەو پێیەش ساڵانێكی زۆرە هەر لەم ژوورەی. پلانت بۆ گەشەپێدانی ئەم ژوورە چییە؟
كاوە عەبدوڵڵا: پێویستە ژوورەكان كارەكانی خۆیان بكەن، هەر گۆشەیەك رێنمایی تایبەتی خۆی هەبێتو هەر گۆشەیەك چەند كەسێكی پسپۆڕی تێدا بێت، پێویستمان بە 3 راوێژكار دەبێت، یەكێكیان بۆ كاروباری داراییو ئیداری، راوێژكارێك بۆ كاروباری یاسایی، راوێژكارێك بۆ هەڵسەنگاندنی دادگای ئیداری.
زەمەن: ئایا ئەم ژوورەی جەنابت هەر بەرپرسە لە دەستنیشانكردنی خەڵك و لێپرسینەوە، یان پێویستە رۆڵی تەغزیەكردن و تەوزیفكردنی بەرنامەی گۆڕانیش لە حكومەت دا ببینێت؟
كاوە عەبدوڵڵا: بەتەئكید وەك وتم ئێمە پردی پەیوەندین لەنێوان خەڵكو نوێنەرەكانی گۆڕاندا، بەڵێ ئەو رۆڵەشمان دەبێت.
زەمەن: ئەگەر وەزیرەكان بەقسەیان نەكردی چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەكەیت؟
كاوە عەبدوڵڵا: پێموایە ئێمە ناتوانین ئەمر بەسەر وەزیردا بكەین، ئێمە بەراوێژ لەگەڵ ئەواندا ئەو كەموكوڕیانەی لە فەرمانگەكاندا هەیەو بەپێی بەرنامەی گۆڕان كە بەرنامەیەكی چاكسازییە ئێمە دەتوانین راوێژ لەگەڵ هەموویاندا بكەین، ئەو كاتە ئەگەر زانیمان كارەكتەرێك لەو كارەكتەرانە رێنماییەكانی جێبەجێنەكرد ئێمە سەروو خۆمانی لێ ئاگادار دەكەینەوە.
زەمەن: نوێنەرەكانی گۆڕان لە حكومەت مانگانە پارە دەدەن بە حیزب؟
كاوە عەبدوڵڵا: بەپێی ئەو بەرنامەیەی گۆڕان هەیەتیو بەپێی ئەو پرۆتۆكۆڵەی لەگەڵ ئەوان كردویەتی، پێویستە هەموویان پارە بدەنە گۆڕان، بەڵام پابەند دەبن یاخود نا دەتوانین لە داهاتوویەكی نزیكدا ئاگاداری ئەوەبین.
زەمەن: هەموویان ئێستا ئەیدەن؟
كاوە عەبدوڵڵا: هەندێكیان دەیدەن هەندێكیان تائێستا نەیانداوە.
زەمەن: بۆچی ژووری حكومەت و پەرلەمانتان كرد بە دوو ژوور؟
كاوە عەبدوڵڵا: ئەركی ئەم ژوورە زۆر قورسە دەتوانم بڵێم یەكێكە لە كۆڵەكە سەرەكییەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان، ئەركەكانی ناو حكومەتە، چونكە بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر بنەمای چاكسازیو خەڵكی شیاو بۆ شوێنی شیاو كاری كردووە، لەوانە هەندێك هەڵە كرابێت، دەكرێت چاك بكرێت، هەندێك كارەكتەرمان لە بەرنامەی گۆڕان لایداوەو چونەتە لای لایەنەكانی تر، پێموایە ئەمە هەڵەیەكە بزوتنەوەی گۆڕان كردویەتی، بەڵام لەمەودوا دەكرێت وردتر ئیشی لەسەر بكرێت، لەبەرئەوە ئەم ژوورە یەكێكە لە كۆڵەكە سەرەكیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان.
زەمەن: پێتوانییە جڤاتی نیشتمانی ئیشێكی نادەستوری كرد؟ چونكە گۆڕینی وەزیفەی ژوورو كەمكردنەوەو زیادكردنی لە دەسەڵاتی كۆنگرەیە؟
كاوە عەبدوڵڵا: نەخێر بەپێی دەستور جڤاتی نیشتمانی دەتوانێت هەم رێكخەری ژوورەكان دابنێت هەم گۆڕانكاریان تێدا بكاتو ژوورێك بكات بە دوو ژوور.
زەمەن: ئێستا سیفەتی ئەندامی جڤاتی نیشتمانیشتان هەیە، مووچەكەتان چەندە كە بەهۆی وەرگرتنی ئەو پۆستەوە گۆڕان دەتانداتێ؟
كاوە عەبدوڵڵا: پێشتر بۆ ماوەی چوار ساڵ ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بوومو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش بووم، پێشتر 15 كەس ئەندامی ژووری پەرلەمانو حكومەت بوون، ژوورەكەمان هیچ نەسریەیەكی نیەو یەك كەسیشمان وەكو فەرمانبەری نوسینگە كار دەكات بەتەنیا ئەو موچەی هەیەو كەسی ترمان موچەی نیە، خۆبەخشانە كار دەكەینو زۆربەمان خانەنشینینو خۆشمان ئەم بزوتنەوەیەمان هەڵبژاردووە، ناكرێت ئێمە موچەخۆری حزبو حكومەتیش بین.
زەمەن: كەی پۆستەكانی تر لە حكومەت وەردەگرن؟
كاوە عەبدوڵڵا: ئێمە كێشەمان هەیە هەم لەگەڵ پارتی هەم لەگەڵ یەكێتی، رێككەوتنمان هەبووە لەگەڵیاندا بەڵام دیارە رێگری هەیە، لە زۆربەی شوێنە دواكەوتووەكانی جیهاندا وەرگرتنی پۆست پێویستی بەماوەیەكی زۆرو سەبری زۆرو مفاوەزات هەیە، دەستبەرداربوونی پۆست لای پارتیو یەكێتی زۆر قورسە، لە فەرمانگەكانی حكومەتدا هەندێك پۆست ماوە وەرماننەگرتووە، هەر بۆ نمونە لە هەڵەبجە هیچ پۆستێكمان وەرنەگرتووە كە یەكێكیان قایمقامی قەزای ناوەندی هەڵەبجە.
زەمەن: متمانەتان بە پارتی هەیە هەموو پۆستەكانتان پێبدات؟
كاوە عەبدوڵڵا: هەم یەكێتیو هەمیش پارتی هەندێك پۆستیان داوە بە بزوتنەوەی گۆڕان، لە سلێمانی هەندێك قایمقامو پارێزگارو بەڕێوەبەری گشتیمان هەیە، هەردووكیان پۆستیان پێداوین بەڵام تائێستا هەموو ئەو پۆستانەمان وەرنەگرتووە كە گفتوگۆمان لەسەر كردو رێككەوتوین لەسەریان. لە حكومەتی هەرێم وەزیرو بریكاری وەزیریشمان وەرگرتووە لەچەند رۆژی داهاتوودا دەستبەكاردەبنو ئەو برادەرانەی تریش كە پێشتر لە حكومەت بوون گەڕاونەتەوە سەر كارەكانیان. بۆ راوێژكارو بەڕێوەبەرە گشتیەكان گفتوگۆمان لەگەڵ پارتی هەیە كێشەیەكیش هەبێت قابیلی چارەسەركردنە.
زەمەن: ماوەیەكی زۆرە نزیك بۆتەوە لە پێنج ساڵ كۆمەڵێك نوێنەرتان لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی و قایمقام و مدیر ناحیەدایە لە سلێمانی، بەرنامەتان چیە دەمێننەوە یان دەگۆڕدرێن؟
كاوە عەبدوڵڵا: بەڵێ بەرنامەیەكی تۆكمەمان هەیە بۆ ئاڵوگۆڕ لە پۆستەكاندا پێشتریش بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەتو بەرزنجەمان ئاڵوگۆڕ كردووە، لەوانەشە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئاڵوگۆڕ بە هەندێ پۆستی تر بكەین، هەندێكیشان بگۆڕدرێن.
زەمەن: یەكێتی زوو زوو لە زاری هەندێك لە بەرپرسانیانەوە داوای پۆستی پارێزگارتان لێدەكەنەوە؟
كاوە عەبدوڵڵا: ئێمە لاریمان نیە لەو رێككەوتنەی لەگەڵ یەكێتی هەمانە، بەداخەوە ئەوان كەمتەرخەمبوونو بەیەك ئەجێندا نایەنە ناو كۆبونەوەكانەوە زۆرجار رێككەوتنمان هەبووە لەناوخۆیاندا تێكیانداوە، ئێمە ئامادەین هەموو رێككەوتنەكانی نێوانمان جێبەجێ بكەین.