وتار

پارتی زەمەن دەوەستێنێ..

7/13/2019 10:52:00 PM 1043 جار خوێندراوەتەوە
پەروا عەلی

 

ئەوەی پارتی چەندین ساڵە ئاواتی پێ خواستووە لەدامەزراندنیەوە لە ساڵی 1946تا ئێستا نەیتوانیوە حیزبەکانیتر تێپەڕێنێ، بەڵام لە ئێستادا بە زیادەوە دەستی کەوتووە، هەموو ڕێگا خواروخێچەکانی بەکار هێناوە بۆ خزمەتی خۆی و سەرۆکایەتی زۆرینەی دەسەڵاتەکانی بەدەستهێناوە، لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان زۆرینەی کورسییەکانی  بەدەستهێناوە جگە لە مسۆگەرکردنی کورسی کۆتاکان. بۆیە نایەوێت لەدەستیان بدات، هەرچەندە لە هەوڵی ئەوەدایە هەموو ناوچەکانیتری هەرێم بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی. بۆیە ئەو حیزبە دەیەوێت هەمیشە ساڵی ٢٠١٩ بێت و زەمەن لێرەدا بوەستێنێت.

 سەرۆکایەتی هەرێم بەدەست زاوا هەم برازایە کە نێچیرەڤان بەرزانیە، ئەویش بە دەسەڵاتێکی زۆرەوە، لەنێو ئەودەسەڵاتانەدا فەرماندەی هێزی چەکداری هەرێمی کوردستانە.  بەداخەوە لە خولی چوارەمی پەرلەماندا ئەم پۆستە هەڵپەستێرا دوای دابەشکردنی دەسەڵاتەکان تا ماوەی کۆتاییهێنانی خوولەکە ( من بۆخۆم نە ئیمزای پرۆژەکەم کرد، نە دەنگیشم بۆدا وتەنانەت دژی پرۆژەکەش دەنگم دا). لەخولی پێنجەمدا ئەو پۆستە چالاککرایەوە و پشکی پارتیە.

  سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بەرزانی کوڕە، کە لەهەمان کاتدا تا ئێستاش سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشە، گەر واز لەو پۆستە بهێنێت  دەدرێتە پارتییەکی عەیارە بیستوچوار، هەرخۆی سەرەوکاری وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەکات و پێناچێت لە ئایندەیەکی نزیکدا وەزیر دابنرێت کە ئەویش پشکی پارتییە، زۆرێک لە وەزارەتە خاوەن دەسەڵاتەکانیش وەک ناوخۆ لای پارتییە.

یەکێک لە گرنگترین سێکتەرەکان پەیوەندییەکانی دەرەوەیە کەلە ساڵی ٢٠٠٦بە فەرمانێکی ئەنجومەنی وەزیران دامەزراوە، لەو کاتەوە و لەم کابینەیەشدا لای پارتییە و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەخزمەتی ئەم حیزبەدا بووە لە ڕوی سیاسی ودیپلۆماسیەوە. سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەریە لە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی سێهەمە لە پاڵ دەسەڵاتی یاسادان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن، بەشێوەیەکی بەرچاو هەژمونی پارتی بەسەرەوەیە لە ئیستادا، پیدەچێت لە ئایندەشدا هەروا بمێنێتەوە.

پارتی بەهەموو شێوەیەک ئەیەوێت لوتکەی هەرەمی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان بگرێتە دەست بۆ ئەم مەبەستەش لە هەوڵی دامەزراندنی (ئەنجومەنی باڵای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان)ە ، تەنها ئەو بۆشاییە ماوە پارتی پڕیبکاتەوە وە دۆزینەوەی پۆستێکی نوێیە بۆ سەرۆکی پێشوی هەرێم، مەسعود بەرزانی باوک، ئەمەش بەمەبەستی بوون بە مەرجەعی سیاسی کوردستان لەڕێگەی ئەم ئەنجومەنەوە.

ئاشکرایە شاڕێگای گۆڕانکاری هەڵبژادنە بۆبەدیهێنانی گۆڕانکاری لە هاوکێشەی سیاسی و دەستاودەستی دەسەڵات، بەمەرجێ هەڵبژاردنیکی راستەقینەبێ کە پشت بە سەرژمێری هاوڵاتیانی هەرێم ببەستێ، هەڵبژاردنێ کە دامەزراوەکانی حکومەت تیایدا بێلایەن بێت ، ئەوکاتە ئەنجامەکانی نزیک ئەبێتەوە لە واقعی کۆمەڵگای ئێمە و قەوارەی راستەقینەی هەر هێزێکی سیاسی دەردەکەوێت.

ئاخۆ لەمەودوا هەڵبژاردن دەکرێت لە کوردستان تا ئاڵوگۆڕی سیاسی ڕوبدات؟  ئاخۆ لە خزمەت پارتیدابێت کە حیزبەکانیتر خۆیان ڕێکبخەنەوە بۆ بەدیهێنانی کورسی زیاتر؟  ئایا هەڵبژاردن هاوکێشەی سیاسی لە کوردستان ناگۆڕێت؟

ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە وەڵامەکان و دەرئەنجامەکانی گۆڕانکاری دەکەن لە هێز و دەسەڵاتی حیزبەکان بەتایبەت پارتی، هەرجەندە ئەم هەرێمۆکەیەی ئیمە، ئاشی نەزانە و بنەماڵە ئەیگێڕێت!.

بۆیە پارتی بەهەموو شێوەیەک دەیەوێت زەمەن بووەستێ و بۆ دەیان ساڵیتر هەربە هەمان شێوەی ئێستا بێت کە هەموو دەسەڵاتەکان لای خۆیان بمێننەوە، هەڵبژاردن نەکرێت و هەژمونی ئەوان بەسەر هەموو جومگەکانی حکومەت و کۆمەڵگاوە بمێنێتەوە.  


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن