پیرۆزبایی نوخبەی پیاوان لە ٨ ی مارس دا..
3/11/2019 10:38:00 PM
پەروا عەلی
چەندین ساڵە و ژنانی حیزب و ڕێکخراوەکانی
کۆمەڵگای مەدەنی و هەندێ لە ناوەند و دامودەزگا حکومییەکان، یادی هەشتی مارس
دەکەنەوە، پیرۆزباییەکان لەلایەن هەموو تویژەکانەوە بوو، ژنان و پیاوان، کەسانی
سادە، سیاسی، نوخبەی رۆشنبیران و ئازادیخواز تەنانەت سەرۆکی حکومەت و حیزب، کە لە
زۆربەی چالاکییەکان ئامادەییان هەبوو بەڵام تەنها خۆیان بێ ئەوەی ژنەکانیان یا
خوشک و کچەکانیان لەگەڵ بێت.
هەرچەندە ئەمساڵیش نەگۆڕاین و هەمان شێوەی ساڵانی پێشو
ئێمەی ژنان نەمانتوانی پێکەوە ئەو یادە بکەینەوە و فشارەکان زیاتر و گەورەتر و
بەهیزتر بکەین، هەموان بە تەنهاو بۆ ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکان بوو، زۆربەی
چالاکییەکان لە رۆژانی هەشت و نۆی مانگی سێ دا بوون ، کە نەدەتوانرا بەشداری چالاکی
هەموو گروپە جیاوازەکان بکەیت، بۆیە دیسان
لە خۆمانەوە بۆ خۆمان بوو، هەموان ئەو ژمارە ژن و پیاوە بوین کە چەندین ساڵە
دوبارە و چەندبارە بوینەتەوە .
هەموو سەرۆکی حیزب و زۆربەی سەرۆکی ڕێکخراوەکانی
کۆمەڵگای مەدەنی ، دەزگاکانی میدیا، ناوەندە ڕۆشنبیریەکان، رۆژنامەنوسان، نوسەر و
ئەدیبەکانی ئێرە پیاون، چەندین ساڵە خیتابی ئازادیخوازانەیان تایبەت بووە بە پرسی
ژن و داکۆکیکردن لە دۆزی ژن، بەئاشکرا
داوای یەکسانی ژن و پیاو دەکەن، پێیانخۆشە تا بەرزترین ئاست ژن ئازاد بێت، هەڵبەت
ژن و کچی دەرەوەی خێزانەکانی خۆیان، بۆ کچ و ژنی خۆیان زۆر موحافەزەکارن، بەڵام پێیانخۆشە
هەموو ژنانی دنیا سەربەست و ئازاد بن، چ نەنگییەکە !!!
زۆرێک لە و پیاوانەی بەپەرۆشەوە پیرۆزبایی و
پشتیوانی خۆیان بۆ هەشتی مارس رۆژی جیهانی ژنان و خەباتی ئازادیخوازانەی ژنان
دەنێرن و خۆیان بە پشتیوان و داکۆکیکاری سەرسەختی ژنان لەقەڵەم دەدەن، بۆ تەنها
جارێک ژنەکانیان هاوشانیان نین لە بۆنەکاندا و کەسیش نایانناسێ، ئاخۆ بۆۆۆ؟؟؟
چەندین پیاوی بەناو ئازادیخواز هەن کە دەیان
ساڵە دەیانناسین و لەنێوسیاسی و نوخبەی ڕۆشنبیری کوردیدا دەنگ و رەنگیان هەیە،
بەڵام خێرە تا ئێستا بۆ تەنها جارێک ژنەکانی خۆتان نەهێناوەتە بۆنەیەک، خۆپیشاندانێک،
پێشەنگایەک تەنانەت کۆنسێرتێک؟
چۆن باوەر بەو پشتیوانیەتان دەکرێت کە پێتان
وایە بۆخۆتان حەرامە و بۆ عەوام حەڵالە؟ زۆرێک لەو ژن و کجانەی چالاکن و داکۆکی لە
مافی رەوای خۆیان دەکەن، رەنگە هاوسەر و باوک و برایان لەگەڵ نەبێت، بەڵام
بەدڵنیایی پاڵپشت و هاوکاریانن بۆیە خۆبەخشانە لە شەقام و هەموو شوێنە نهێنی و
ئاشکراکان بۆ خزمەتی ژنان کار دەکەن، بەڵام کەمێک لە و پیاوانەی لەم نێوەندەدا
خۆیان بە نوخبە و ڕۆشنبیر و کەسانی لیبراڵ دەزانن ژنەکانیان هاوشانیانن لە خەبات،
نەک لە بواری ژنان بەڵکو کاری ڕێکخراوەیی و سیاسیش.
سیاسییەکانی هەرێمۆکەکەی من هەمیشە داوادەکەن
با ژمارەی ژنان زیادبێت بۆ کاری حیزبی بەتایبەت بۆ کاتی هەڵبژاردن و بۆنە
سیاسییەکان، کەچی کەمینەن تا ئێستا ژنەکانیان بینرابن، مەگەر لە هەندێ پرسە دا
بەشداربن کە ئەوەش پەیوەستە بە پەیوەندییە
کۆمەڵایەتییەکانیان نەک بۆ بەشدارییان وەک ژن .
ئەگەر جارێک خەمساردی خودی ژنەکان بیت کە
پاسیڤن و هیچ بەشدارییەکیان نییە، سەد هێندە کۆنەپرستی پیاوانی نێو خێزانەکانیانە،
کە باوەڕیان بە توانا و مافی ژنان نیە، یا ترس لە بەئاگا بونەوەیانە دەنا هیچ
پاساوێک نیە بۆ پاسیڤکردنیان بە مەبەست.
بۆیە زۆربەی پیرۆزباییەکانتان پیاوانەیە و
نوخبە کانی کۆمەڵگاش پیاوانەن، خەباتی ژنان بە ئاکام ناگات گەر هۆشیاری نوخبە راستگۆیانەتر
نەبێت بەرامبەر هاوسەر و خوشک و کچ و ئەندامانی خێزان لە ئاست پرسێکی وەک پرسی
ژندا.