پەیامەکەی تارا گەیشت
10/28/2020 1:45:00 PM
پەروا عەلی
پرۆژەی مێینەی تارای هونەرمەند کاردانەوەی جیای لێکەوتەوە،
هەرچەندە بڕیار بوو چەند رۆژێک بەردەوام بێت، بەڵام ترس لە هەڵچونی هەندێک توێژ و
گروپ وایکرد بەپەلە داوابکرێت لەبەر بەرژەوەندی گشتی لاببرێت، ئایا ئەو دامەزراوە
حکومیانەی مۆڵەتیان بەم چالاکییەداوە و ڕێگەیاندا بە هەڵواسینی ئەو جلانەی ژنانێک
کە توندوتیژیان بەرامبەر کرا، بڕوایان بە پرۆژەکە نەما؟ یان ترسان لە گروپە ناڕازییەکان،
هەڵبەت تەنها پیاوان نین بەڵکو زۆرێک لە ژنانیش نارازی بون بە هەڵواسینی ئەوجلانە.
زۆرێک لە نارازییەکان پێیان وابو ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیە
لە ناوەراستی شاری سلێمانی، پایتەختی رۆشنبیری، جوانییەکانی شار ئەشێوێنێ، ياخۆ
شار جوانیەکانی لەدەست نەداوە؟؟ ئەم پرۆژەیە ناشرینی کرد؟
بەشێکی تر لە ناڕازییەکانی ئەم پرۆژەیە پێیان وابوو عەیبەیەکی گەورەیە جلی ژنان بەتەنافێکی
دورو درێژدا هەڵواسرێت پیاوان و ژنان سەر بەرزبکەنەوەو سەیری کەن، لەکاتێکدا
ناتوانن لە ناخی پڕ توندوتیژی خۆیان ڕۆچن.
باشە ئەگەر هەڵواسینی جلی ژنان عەیبەیەکی ئەوەندە گەورەیە و حەرامە، ئەی
زۆرێک لەو دوکاندارانەی بژێوی ژیانیان لەسەر فرۆشتنی جلی ژێرەوەی ژنانەدایەو لەبازاردا
هاوار ئەکەن (وەرنەوە بۆ کرینی لیباس و ستیانی
ژنان)، ئاخۆ ئەو پارەیەی ماڵ و مناڵی پی بەخێو ئەکەن حەرامە؟؟
شەقامی شار، بازاری شار، شەوانی شار و فەزای
شار هەمووی پیاوانەیە، تارا دێت و هەموو توندوتیژی و ناشرینیەکانی نێو ماڵە داخراوەکانی
شار ئەخاتە سەر شەقام و بە بەرزی هەڵیانئەخات، تا جلەکان پاکبنەوە لەو توندوتیژیانەی
بەرامبەریان کراون. دیارە ئەم کارە جگە لە لایەنە ئیستاتیکیەکەی لەڕوی سایکۆلۆژیشەوە
تێرامان و هەڵوەستەلەسەرکردنی دەوێت.
ئاخۆ کێشەکە تەنها ئەوەبێت کە نابێت توندوتیژیەکان ئاشکرا
بکرێت و خەڵکی بزانن کە ئەو ژمارە زۆرە لە ژنان و کچانی نێو خێزانی کوردی ڕووبەروی
توندوتیژی دەبنەوە؟ یا شەرف و کەرامەتی بکەرانی توندوتیژی لەکەدار ئەبێت؟ لەراستیدا
چەمکی شەرەف لای ئێمە هەرجارەو پێناسێکی بۆدەکرێت بەپێی بارودۆخ، جاران شەرف پەیوەست
بوو بە خاکی پیرۆزی کوردستان،کە ئەگەر ژنێک لایدا لە عورف و عاداتی خێڵ و خێزان، ئەوە
شەرەفی عەشرەتی لەکەدار کردوە، یا گەر ژنێک پەیوەندی هەبوایە بە کەسێکی غەیرە کورد
ئەوە خاکی پیرۆزی کوردستانی لەکەدار کردوە، چەندین وێنایتری جیاواز بۆ پاراستنی شەرەف
و کەرامەتی پیاوانی خێزان هەیە لەرێگەی لەقاڵبدابی ژنان، جەستەو تەنانەت جلوبەرگیشیان.
ئەو چالاکیەی ئەنجامدرا گۆمەکەی شڵەقاندو روداوی
دروستکرد کە زۆرینەی خەڵکی هێنایە قسە، ئەمەش بۆ خۆی سەرکەوتنە، مەرج نیە چارەسەرێکی
خێرا و بنەبڕبێت بۆ کێشەکە بەڵام بۆخۆی توانی پەیامەکەی بگەیەنێت، لەگەڵ ئەوەی ئەم
خاتونە گەنجێکە پێش هەرشتێک خۆشەویستی بۆهونەرەکەی و پرسی ژنان هەیە..