وتار

لە ٢٥ ی نۆڤەمبەردا ژنەکانتان دەرخەن!!!

11/26/2019 6:05:00 PM 302 جار خوێندراوەتەوە
پەروا عەلی

لەماوەی ئەم شانزە رۆژەی هەڵمەتی  بەرنگاربونەوەی توندوتیژیدا، زۆرینەی پیاوان و ژنانی هەرێم بەرادەیەک ئازادیخواز و دادپەروەرن مەگەر خوا بۆخۆی بزانێ،  وڵات شامی شەریفەو هەموان لەم بۆنە مەزنەدا وەلائی خۆیان تازە ئەکەنەوە بۆ پشتیوانی لە  ناتوندوتیژی بەرامبەر هەموو مێینەکانی دنیا، ئەوەی جیگای تێڕامانە ئەوانەی خیتابی ئازادیخوازانەیان سەبارەت بە پرسی ژنە و خۆیان وەک کەسێکی لیبراڵ نمایش دەکەن لە شاشەکانەوە، تا ئێستا بۆ تەنها جارێکیش خانمەکانیانمان نەبینی لە هیچ بۆنەیەکدا، زۆرینەی پیاوانی ئێمە پێیانخۆشە هەمو کچان و ژنانی دنیا  ئازادانە  بێنە مەیدان و کراوە و سەربەست بن، زۆر جوان و شیک بن هەمیشە چالاک بن، بەلام ئەو ئازادییە بۆ کچان و ژنانی ناو خێزانەکانیان هێڵی سورە!!!
سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی حیزبەکان و سەرۆکی ڕێکخراوەکان و سەرۆک و سەرۆک، زۆرێک لە ڕۆسنبیران و چالاکوانان وووو.. بۆ هەموو بۆنەیەکی ژنان ئامادەیی باشیان هەیە و لەڕیزی پێشەوەی کورسییەکان دانیشتوون، بەڵام بەتەنهاو بێ هاوسەر و کچ و خوشکیان، ئایا ئەمە تەنها جێبەجێکردنی ئەرکەو پێویستە ئامادەییان هەبێت؟ یا پەروەردەو کلتوری ئەوان ڕێگە بەوەنادات ژنەکانیان بەرچاوبن؟ یا دوو ڕوویی و دوفاقییە؟ یا چی؟؟.
فەیلەسوفی ئیرلەندی ( بێرک ١٧٢٩-١٧٩٧ ) ئەوکاتە ئەم بۆچونەی هەبووە  " لە ئیستاتیکادا جوانی و شکۆ لەیەک جیادەکاتەوەو پێی وایە جوانی ئارەزوی مرۆڤ دەجوڵێنێت بەم مانایە سیفەتێکی مێینەی هەیە، بەڵام شکۆ هەستکردنە بە هەیبەت و سام  سیفەتێکی نێرینەی هەیە، هەڵبەت لە جوانبینی وهەستی ئیستاتیکیدا"،   ئەوان ئەودەمە بیرکردنەوەیان سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ژن و پیاو و جوانی بەو شێوەیە بوە.  پاش چەندین سەدە ئەم جۆرە دابەشکردنە پەیوستە بەکلتوری هەندێ کۆمەڵگاوە، لەوانە کۆمەڵگای کوردی ، تائێستا نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیری ئێمە بەم لۆژیکە بیر دەکەنەوە، کە پیاوان شکۆمەند و بەهەیبەت و تەمومژاوین، ژنانیش دڵسۆز و جوان،  ئەمە رەنگدانەوەی لە ناونانی مناڵەکانیشدا هەیە ، زۆربەی ناوی کوڕان بەهێز، سەردار، سەرۆک، ئازا ..هتد، ناوی کچەکانیش نیان، نازدار، سۆز، شەرمن..هتد رەنگە پاشخانی کلتوری و رۆشنبیری و پەروەردەیی خێزان، بەتایبەت لەم کۆمەڵگا پیاوسالارییانەی وەک ئێمە کە کاریگەری راستەوخۆی هەیە، سیفەتی پیاو بون هەیبەت و شکۆمەندییە، بۆ یە پێویستە  ژنانی کۆمەڵگا نەرم و نیان و جوانی و دڵنیاییان پێببەخشێت،  بەڵام دور لە خێزانەکانی خۆیان، هەر لەم روانگەوە بەرپرسەکانی ئێمە کەباس لە کەمکردنەوەی "توندوتیژی" ئەکەن دەبێ بەهەیبەت و شکۆمەند و پیاو بن!!!
کێ توندوتیژی ئەکات و کامەیە توندوتیژی؟ زۆربەی ئەوانەی داوای یەکسانی ئەکەن مەبەستی زاتییان هەیە بۆ ئەو پرسە، لاپەرەکانی تۆڕەکۆمەڵایتییەکانیان هێندە پیاوانەیە کە چەندین ساڵە بەکاریدەهێنن وێنەیەکی کچ و هاوسەرەکانیان نابینی ، بەڵام داواکارن رەگەزی بەرامبەر کراوە و رۆمانسی بن، ئەوە ئەو جۆرە توندوتیژیەیە کە پێویستی بەهەڵوەستە لەسەرکردن هەیە، پێیانوایە دەبێت خانمەکانی خێزان داپۆشراوبن، بەڵام چوار پەنجە لە قاچی ژنێک دیاربێت دەیانگەیەنێتە نزمترین ئاست، کچان و ژنانی خەڵکی پێویستە لەسەر شەقام ولە هەموو بۆنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا ئامادەییان هەبێت، ژنەکانی خۆیان پارێزراوبن لەنێو کونجی ماڵەکاندا،  ئەم دووفاقییەی زۆرێک لە پیاوانی ئێمە ئەوپەڕی توندوتیژییە.
 ئێوە جارێک ژنەکانتان دەرخەن، ئەوکاتە باس لە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بکەن، بۆیە ئەوەی لە ئێوەوە ئەبیسترێت هیچ ئەرزشی نیە، نە لە خیتابتاندا و نەبە ئامادەییتان لە بۆنە جیاوازەکاندا نیەتپاکیتان ئەسەلمێنێت، نە باوەڕتان پێ ئەکرێت...


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement