28وتار

‎سنوورەکان لە ناوەوە

6/21/2026 3:55:00 PM
سەمیر میرانی

‎لەسەر ئەم خاکە، وەک چیرۆکێکی تەواونەکراو، یەک گەل بووین، وەک ڕووبارێک دەژیاین، بە ئارامیش لە نێوان دەشت و شاخەکاندا دەڕژاین، جگە لە ئاشتی هیچی دیکەمان لە دڵدا نەبوو، و لە ژیاندا هیچی دیکەمان نەدەزانی، جگە لەوەی لە گۆرانییەکی کۆن دەچوو کە شنەی شەمال هەڵیگرتبوو.

‎پاشان شانشینەکانی خراپەکاری لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە هاتن، ئەوەی هی خۆیان نەبوو وەریانگرت، و ئێمەش لەنێو ئەو شتانەدا بووین کە بردیان. خاکی ئێمەیان دابەش کرد، و یادەوەرییەکانمان یان پەرش و بڵاو کرد، وەک ئەوەی بیانەوێت چیرۆکەکە پێش ئەوەی بگێڕدرێتەوە کۆتایی پێبێت.

‎و لەو ساتەوەختەوە، "ئێمە" كۆتايى پێ هات، و«تۆ» لە هەر یەکێک لە ئێوەدا دەستی پێکرد.

‎تۆ، کە ئەم چیرۆکە لە خوێنی خۆتدا هەڵگرتووە، خۆت بە تەنیا بینی لە پێش میراتێک کە تۆ هەڵت نەبژاردووە، لە پارچەیی نیشتمانێکی  دابەشکراوە، هەڵگری مەنهەج و ئایدیۆلۆژیای داگیرکەرەکەی  بوویت، و سەیری براکەت دەکەیت لە پارچەی تەنیشتەوە وەک ئەوەی نامۆ بێت، پێش ئەوەی تێبگەیت کە ئەم هەستە بەرهەمی میراتێکە کە لە نێوانتاندا چێنراوە.

‎لە دوو لایەوە گەمارۆ درابوویت وداگیرکرابوویممکت، نەک تەنها یەک لایان: فارسییەکان و بیزەنتییەکان کاریگەریی خۆیان هێنا بۆ سەرت، و رەگی نەتەوەیی خۆیان بۆ لای تۆ هێناو، هەریەکەیان لە سنووری خۆیدا کەلتوور و داب و نەریت و شێوازی بیرکردنەوەی خۆی چاند،  بۆیە تۆ لە نەتەوەیەکدا  گەورە بوویت کە سیمای دوو نەتەوەی ترت هەڵگرتوە.

‎پاشان شەپۆلی ئیسلامی هات، کە چینێکی قووڵتری بۆ برینەکە زیادکرد، کاتێک داگیرکەران ئەمجارەیان لە ڕێگەی باوەڕ و مەزهەبەوە—لە نێوان سوننە و شیعە، عوسمانی و سەفەوی—کێبڕکێیان کرد، تا ئەو کاتەی ئایین خۆی بوو بە مەیدانی دابەشبوون. 
‎پاشان سایکس و پیکوو ئەوەی تەواو کرد کە ئەوانەی پێش خۆیان هاتبوون و دەستیان پێکردوو ، بە دابەشکردنتان بەسەر چوار دەوڵەتدا، هەریەکەیان سیستەمی زەبورەکانیان و سنووری خۆی بەسەرتاندا سەپاند. 

‎و بەم شێوەیە دوو میرات لە ناوتدا کەڵەکە بوون: میراتی رەگی نەتەوەیی، و میراتی باوەڕ و عەقیدە، وە هەردووکیان هێشتا لە ناو  ئێمەدا بەردەوام کاردەکەن، بۆیە داگیرکەر پێویستی بە مانەوە نەما، چونکە بەشی خۆی لە ناوەوە بەجێهێشت.

‎ئەو میراتەی  بەجێیان هێشت وە هەستی پێ ناکرێت، بەڵام کاتێک  هەستی پێدەکەیت ، کە هەوڵدەدیت  دەست بۆ براکەت درێژ بکەیت،  بە لام شتێک لە ناخت دا  دەت بزوێنێ کە دە ستت ڕادەکێشێت، ئەوە ئاگاییەکە کە پێی گەورە بوویت، و میراتێک کە بە نهێنی کار دەکات. 

‎و کاتێک لە کۆتاییدا پارچەیەک لە خاکەکەت پێدرا،  بۆ ئەوەی خۆت بەڕێوەببەیت، تێگەیشتیت کە داگیرکەر لەوەی بیرت دەکردەوە زیرەکتر بوو، سنوورەکانی لە نەخشەکانەوە گواستبووەوە بۆ قووڵایی ناخت، بۆیە دەستت کرد بە بنیاتنانەوە و ڕووخاندن، بە هاوئاهەنگی و دواتر پێکدادان،  لە هەر داگیرکەرێک کە بە خاکەکەتدا تێپەڕیبوو، شێوازێکی سەیرکردنی دوودڵی لە براکەت و شێوازێکی ترس لێی هەڵدەگرێت. 

‎و لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، تۆ لەسەر خاکەکەت بە ڕەسەنایەتی ماویتەوە، ئاڵای ڕەسەنایەتیت بەرزکردەوە لە بەرامبەر هەموو ئەوانەی کە هەوڵیان دا بیسڕنەوە.

‎تۆ زمانی خۆت، مێژووی خۆت و یادەوەرییەکانت هەڵگرت، و بە پتەوی وەستایتەوە لە دژی هەموو شتێک کە لە دەرەوە هاتە سەرت، بەڵام ئەوەی لە ناو تۆدا چاندیان زیاتر بوو لەوەی شمشێرەکانیان دەیانتوانی بە دەستی بهێنن، و بۆیە ڕۆیشتن و میراتەکەیان بەجێهێشت بۆ ئەوەی لەبری ئەوان کار بکات.

‎شەڕی ڕاستەقینە لە ناخت دا ،  لە نێوان بەشێک کە بەرەو براکەت درێژ دەبێتەوە، و بەشێک کە بۆ وریایی بوون  لێی پەروەردە کراوی. 
‎ئەوەی تۆ هەڵیدەگریت شوێنەواری ئەو کەسانەیە کە بە خاکەکەتدا تێپەڕیون، و کاتی ئەوە هاتووە ئەمە بزانیت. کەواتە لە خۆت بپرسە: ئایا کاتی گەڕانەوەی "تۆ" نییە بۆ "ئێمە"؟


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن