ئایا وازهێنانی مالی کەریم خانی برادۆست کاریگەری لەسەر نفووز و پێگەی یەکێتی لە سنووری هەولێر دەبێت؟
8/9/2026 12:36:00 PM
هونەر حاجی جاسم
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پێویستە بابەتەکە تەنها لە چوارچێوەی دەنگ و هەڵبژاردن نەبینرێت؛ چونکە چەند هۆکاری سەرەکی وای کردووە کە مالی کەریمخان ڕۆڵ و پێگەی خۆی، هەم لە سنووری دەڤەری سۆران و هەم لە پارێزگای هەولێر، هەبێت. یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکان، پێگەی ستراتیژیی هۆزی برادۆستە؛ هۆزێک کە لە ناوچەیەکی سێسنوور و لە شوێنێکی هەستیار لە ڕووی جوگرافیای سیاسییەوە نیشتەجێیە. بەهۆی ئەم جوگرافیایە، برادۆست تەنها پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لە باشووری کوردستان نییە، بەڵکو پەیوەندی و نفووزی کۆمەڵایەتییان لە هەندێک ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەتی ناوچەی ئورمیە و دەوروبەری، هەروەها لە هەندێک ناوچەی باکووری کوردستانیش هەیە.
لە سنووری پارێزگای هەولێریش، پێگەی ئەم بنەماڵەیە تەنها بە ناسنامەی هۆزی برادۆستەوە کۆتایی نایەت؛ بەڵکو پەیوەندییە خێزانی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیش بەشێک لە تۆڕی نفووزەکەی پێک دەهێنن. لەم ڕوانگەیەوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەندێک بنەماڵە و هۆزی ناوچەکە، لەوانە پەیوەندییان لەگەڵ دایکە زەریفستانی، سەرۆکی عەشیرەتی سوورچی، دەتوانێت بەشێک لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە بێت. هۆکارێکی تری گرنگ بۆ پێگە و نفووزی ئەم بنەماڵەیە، هۆکاری ئابووری و پڕۆژە ئابوورییەکانیانە. نفووزی سیاسی لە ناوچە کۆمەڵایەتییەکاندا هەمیشە تەنها بە پەیوەندیی حزبی دروست نابێت؛ بەڵکو توانای ئابووری، دابینکردنی کار، بەشداری لە ژیانی ئابووری و پشتیوانیی کۆمەڵایەتی دەتوانێت سەرمایەی کۆمەڵایەتی دروست بکات، و ئەو سەرمایە کۆمەڵایەتییەش لە کاتێکدا دەتوانێت ببێتە سەرمایەی سیاسی.
هۆکارێکی تری گرنگ، هەبوونی پەیوەندیی سیاسیی ئەم بنەماڵەیە لە ئاستی هەرێمی و ناوچەییە. بەهۆی جوگرافیای سێسنوور، ناوچەکە هەمیشە لە نێوان کاریگەریی چەند هێزێکی سیاسی و ئەمنی و ناوچەیی بووە؛ لە تورکیا و ئێرانەوە بگرە تا هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان و پەکەکە. توانای ڕاگرتنی جۆرێک لە بالانس لەنێوان ئەم هێزانەش خۆی جۆرێک لە سەرمایەی سیاسییە.لە جوگرافیای سیاسییدا، ناوچەی سێسنوور تەنها هێڵێک لەسەر نەخشە نییە؛ بەڵکو کۆریدۆرێکی پەیوەندیی ئابووری، کۆمەڵایەتی و ستراتیژییە. لەو ڕوانگەیەوە، ڕێگای هاملتۆن گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە ئەم ڕێگایە هەولێر بە ناوچەکانی سۆران و حاجی ئۆمەران و سنووری ئێرانەوە دەبەستێتەوە و لە ڕووی گواستنەوە، بازرگانی و پەیوەندیی ناوچەییەوە گرنگییەکی ستراتیژی هەیە.
بۆیە، کاتێک باس لە وازهێنانی مالی کەریمخان دەکرێت، نابێت بابەتەکە تەنها بە کەمبوونەوەی نفووزی دەنگدەر و کاریگەریی یەکێتی لێک بدرێتەوە؛ چونکە پرسیارەکە لەوە قووڵترە: ئایا یەکێتی بە وازهێنانی ئەم بنەماڵەیە تەنها دەنگ لەدەست دەدات، یان بەشێک لە پێگە و تۆڕی نفووزی خۆی لە ناوچەی سۆران و ناوچەی سێسنووریش لەدەست دەدات؟
بەپێی ئەم لێکدانەوەیە، بابەتەکە تەنها بابەتی «دەنگ» نییە؛ بەڵکو بابەتی «پێگە»شە. چونکە لە کارەسات و جەنگی هەکارییەوە تا پێش وازهێنانیان، ئەم بنەماڵەیە تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندی و پێگەی یەکێتی لەو ناوچەیەدا پاراستووە.
لەبەر ئەوە، نابێت وازهێنانی کوڕانی کەریمخان تەنها بە «کەمبوونەوەی نفووزی دەنگدەر» لێک بدرێتەوە؛ بەڵکو واقیعی سیاسی ئەوەمان پێ دەڵێت کە یەکێتی دەتوانێت بەشێک لە پێگەی خۆی لەو ناوچەیە، بە تایبەتی لە کۆریدۆری سۆران ـ برادۆست ـ ڕێگای هاملتۆن، لەدەست بدات.
ئەگەر ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییە بەردەوام لاواز ببێت و یەکێتی نەیتوانێت تۆڕی پەیوەندییەکانی لەو ناوچەیەدا دووبارە بەهێز بکاتەوە، زیانەکە تەنها انتخاباتی نابێت؛ بەڵکو دەتوانێت لەسەر جوگرافیای نفووزی یەکێتی و توانای کاریگەرییەکەی لە ناوچەی سێسنووریش کاریگەری دابنێت.
بۆیە پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە «یەکێتی چەند دەنگی لەدەست دەدات؟»؛ بەڵکو ئەوەیە کە «یەکێتی چەند لە سەرمایەی کۆمەڵایەتی، پەیوەندییە ناوخۆییەکان و پێگەی ستراتیژیی خۆی لە ناوچەی سێسنوور لەدەست دەدات؟» چونکە لەدەستدانی دەنگ دەتوانێت کاریگەرییەکی کاتی بێت، بەڵام لەدەستدانی پێگە و تۆڕی نفووز دەتوانێت کاریگەرییەکی درێژخایەنتر لەسەر هەژموونی سیاسیی هێزێک هەبێت.