دواین نامەی من و سەرۆکی جولانەوەی نەوەی نوێ!
11/13/2025 11:37:00 AM
هونەر حاجی جاسم
ئەخلاقم ڕێگای پێ نەدام ئەم نامەیی پێش دەنگدان و کاتی بانگەشەی هەلبژاردن بلاوبکەمەوە. بۆیە دوای دەرەنجامی هەلبژاردانەکان بلاو دەکەمەوە. لای هەمووتان ڕوون ئاشکرایە کە بەندە لە ئینشقاقی 21 نیسانی سالی 2019 ەوە من هیچ پەیوەندیێکی فەرمیم بەنەوەی نوێ نەمابوو. جار جاریش ڕەخنەم لە ئەدای ئەم هێزە گرتووە، نەک تەشهیر و سوکایەتی کردن بە کەسیان، ئەوانیش هیچ ڕۆژێک کاری ئەوهایان بەرامبەر من نەکرد بە حوکمی ئەوەی من یەکێک بووم لە دامەزرێنەرە فعلیەکانی ئەم جولانەوەیە. دوژمنیش شایدی ئەوەم بۆ ئەدا کە لە ژیانمدا داوای پۆست و پلەو پایە و کاندیدیشم نەکردیە. بۆیە لەوانیە قسەکانم جێگای خۆیان بگرن. بۆیە نامەوێت درێژی بکەم. دوای چەندجارێک هەوال پرسینی بەندە و کاک شاسوار لە یەکتر، لە سەرەتایی مانگی ئۆکتۆبەری 2024 دواین نامەی نارد، گوتی ئوستاز کاتت هەیە؟، ڕای خۆتم لەسەر هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ بنووسیت؟، منیش گوتم ئێستا لە فرۆکەخانەی ئەمستردامی هۆلەندام، لەسەر سەفەرم. بەلام ئەگەر چەند ڕۆژێکم پێ بدەی وەلامی پرسیارەکان و ڕایی خۆمت پێ دەلێم، هەم لەسەر ئەم هەلبژاردنە و دوای ئەنجامی هەلبژاردنەشت پێ دەلێم. گوتی حەز دەکەم بە ڕوونی پێم بلێی، گوتم باشە.
دوای دوو ڕۆژ. ئەمە بۆچونی بەندە بوو.
لە هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەوەی نوێ دەنگێکی باش دێنێت، وە پێم وایە سەرووی 12 کورسی دێنێت. ئەمەش هەنگاوێکی گرینگ دەبێت و ئەنجامێکی گەورەشە، بەلام ئەرکی نەوەی نوێ قورس دەبێت، چونکە فۆکەس هەموو دەکەوێتە سەر نەوەی نوێ. دوای ئەنجامی هەلبژاردن تاکو سالی داهاتوو ئەم جولانەوەیە لەژێر تێستی خەلک و ڕای گشتی دەبێت. ئەگەر نەوەی نوێ شتێکی نوێ پێشکەش نەکات، خەلک ئەو متمانەیەی لێ وەردگەرێتەوە. جارێکی تریش متمانەی زەحمەت پێ دەکاتەوە. دەبێت ئەوەش بزانی ئەگەر میدیاکەت نەخیتە خزمەت ڕای گشتی و دۆخی ئازادی خەلک، خەلک سەزات دەدات. مەترسیەکان لەسەر نەوەی نوێ لە سێ ئاست دەبێت:
یەک. هێزە نوێیەکان، وەکو کاک عەلی و کاک لاهور. ئەم دوو هێزە هێشتا خەلک و ڕای گشتی نازانێت ئەم دوو هێزە کێن؟، بە تێپەربوونی کات ئەم دوو هێزە دەناسرێن و ئەو بۆشایە پر دەکەنەوە، ئەوکاتیش بەشێکی زۆری نەوەی نوێ بەلای خۆیان ڕادەکێشن. ئەگەر نەوەی نوێ فریای خۆی نەکەوێت سالی داهاتوو ئەم دوو هێزە بەتەواوی دەبن بە ئەلتەرناتیڤی ئەم جولانەوەیە. دەزانم بەڕێزت ڕات لەگەل من جیاوازە. بەلام من ڕای خۆم دەلێم!
دوو. ناوەخۆی نەوەی نوێ پێویستی بە ڕێکخستنەوە هەیە، لێت نەشارمەوە توانایی بەشی زۆر پەرلەمانتارەکانت ئەوەندە لاوازە، مرۆڤ سیاسیەتیش لەبەرچاو دەکەوێت. دوای ئێوە دونیاتان لەخۆ کردۆتە دوژمن، بە ڕاست و چەپ تەخوینی خەلکی جیاواز کراوە، پێویستە ئاوێک بەم ئاگرە دابکەیت. هەروەها دەزانم نیگەرانیش دەبیت، بەلام دەوربەرت پڕ بووە لە ماستاوچی و فشکەری سیاسی، ئەمەش بە نەرێنی دەبینم.
سێ. دوای ئەم هەلبژارنە ئەرکی نەوەی نوێ بە قەد پارتی و یەکێتی قورسە. ئەگەر سیاسەتێکی جیاواز پەیڕەو نەکەیت، هەم بەر دیواری دەسەلات دەکەویت، هەمیش بەر دیواری خەلک. هیوادارم فیگەری باش و سیاسی بێنیتە پێشەوە نەک موزەفی کۆمپانیای نالیا.
هاوڕێیان من نوسین و بۆچونەکانم لێرە نالێم. بەلام لە پەرتوکی داهاتووم لە پەیوەست بە دۆخی ئەم جولانەوەیە لە درووستبوونی تاکو جیابوونەوەم، هەموو شتێک باس دەکەم.
ئەوەی گرینگتر لەم قسانە بریتیە لە هۆکارەکانی پاشەکشەی ئەم جولانەوەیە. هەرکەسێک پێی وابێت پاشەکشەی ئەم هێزە پەیوەندیدارە بە زیندانیکردنی کاک شاسوار، ئەوە لە سیاسەت کۆلەوارە. بەلکو پەیوەندی هەیە بە کۆمەلێک هۆکاری تر، کە ئەمانەی خوارەوەن:
۱. لاوازی پەرلەمانتارە دەرچووەکانی نەوەی نوێ، کە بەشێکیان ئاگایان لە دونیا نیە.
۲. پشتگری نەکردنی میدیای نەوەی نوێ لە ڕۆژئاوای کوردستان!
۳. بلاوکردنەوەی وێنەی کاک شاسوار لە لایان وەزەرەتی دەرەوەی تورکیا، لەکاتێکی زۆر هەستیار!
٤. خۆڕێکخستنەوەی یەکێتی!
۵. گەشەکردنی ڕەوتی هەلوێست!
٦. گیرانی خودی کاک شاسوار و دەنگۆی بلاوکردنەوەی فرۆشتنی مولکەکانی!
٦. ململانێ و دژایەتیکردنی خۆبەخش و کاندیدەکان لەنێوان خۆیان و کارکردن بۆ شکاندنی یەکتر! بەتایبەت لە سنووری هەولێر کە جەماعەتێک دژایەتی سەرۆکی لیستەکەیان کردە تارگێت!
۷.پاسیڤ بوونی میدیای نەوەی نوێ!
چەندین هۆکاری تر!
بەندە زیاد لە مانگێکیش دەبێت ڕام وابوو کە زیاد لە ٦٠٪ دەنگەکان لە دەست ئەدات، بەلام لەکاتی هەلبژاردن و بانگەشە ئەبێتە کارێکی نائەخلاقی و بانگەشە بۆ هێزەکانی دەسەلات. ئێستاش دەرفەت لەبەردەم هێزەکانی تر ماوە کە هەموویان بەخۆیان دابچنەوە. ئەگەرنا ئەم شکەستە چارەنوسی هەموویان دەبێت!