٣ی ئاب؛ شەنگال لە نێوان یادەوەریی جینۆساید و دواخستنی دادپەروەریدا
8/3/2026 1:05:00 PM
سهركهوتی جیهاز
دوازدە ساڵ دوای فەرمانی ٧٤، هێشتا برینەکان
کراوەن
لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا، شەنگال تەنها داگیر
نەکرا؛ مرۆڤ، ئایین، شوناس و مێژووی کۆمەڵگەیەکی ڕەسەن کرانە ئامانج. هێرشەکەی
داعش هەوڵێکی ڕێکخراو بوو بۆ کوشتن، ڕفاندن، کۆیلەکردن و سڕینەوەی ئێزدییەکان لە
خاکی باوباپیرانیان.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، لە نێوان
٢ هەزار تا ٥ هەزار و ٥٠٠ ئێزدی گیانیان لەدەست داوە، نزیکەی ٦٣٨٦ ژن و منداڵ ڕفێنراون
و لە نێوان ٣٥٠ تا ٤٥٠ هەزار کەس لە شەنگال ئاوارە بوون. زیاتر لە ٢٠٠ گۆڕی بەکۆمەڵیش
لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش دۆزراونەتەوە.
بەڵام دوازدە ساڵ دوای جینۆسایدەکە،
پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئایا تەنها یادکردنەوەی قوربانییان بەسە؟
لە ٣ی ئابی ٢٠٢٥دا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان
لە عێراق ڕایگەیاند کە هێشتا زیاتر لە ٢٦٠٠ ئێزدی دیارنەماون و زیاتر لە ٢٠٠ هەزار
کەس بێماڵ و ئاوارەن. ئەمە
مانای ئەوەیە کە جینۆسایدەکە تەنها ڕووداوێکی کۆتاییهاتووی مێژوویی نییە؛ بەڵکو
کاریگەرییەکانی تا ئەمڕۆ لە ژیانی خێزانەکاندا بەردەوامن.
یادەوەری بەبێ دادپەروەری تەواو نابێت
هەموو ساڵێک لە ٣ی ئابدا بۆنە و وتار و
پەیامی هاوخەمی ڕێک دەخرێن؛ بەڵام دادپەروەری بە وتار بەدی نایەت. تا ئەو کاتەی
تاوانباران بە شێوەی یاسایی بەرپرسیار نەکرێن، دیارنەماوان نەدۆزرێنەوە، گۆڕە بەکۆمەڵەکان
نەکرێنەوە و قەرەبووی زیانلێکەوتووان نەدرێتەوە، برینی شەنگال بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
بۆچی گەڕانەوە هێشتا دژوارە؟
گەڕانەوە تەنها بە داخستنی کەمپەکان ڕوونادات.
خێزانێک کاتێک دەتوانێت بگەڕێتەوە کە ئاسایش، خانوو، قوتابخانە، نەخۆشخانە، کار و
ئیدارەیەکی متمانەپێکراوی هەبێت.
ڕێککەوتنی شنگال لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە مەبەستی
ڕێکخستنەوەی ئیدارە و ئاسایشی ناوچەکە واژۆ کرا؛ بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان لە
٢٠٢٥دا جەختی کردەوە کە بەهۆی ناکۆکیی سیاسی و ملمـلانێی هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان،
بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە.
بەرژەوەندیی دانیشتووانی شنگال نابێت
ببێتە قوربانیی ملمـلانێی بەغدا، هەولێر و هێزە دەرەکییەکان. خەڵکی شنگال خۆیان دەبێت
بەشدار و خاوەنبڕیار بن لە دیاریکردنی داهاتووی ئیداری و ئاسایشی ناوچەکەیان.
یادکردنەوەی ڕاستەقینە چییە؟
یادکردنەوەی ڕاستەقینە بریتییە لە:
* دۆزینەوەی دیارنەماوان و چارەنووسی ڕفێنراوان؛
* کردنەوە و ناسینەوەی قوربانییانی گۆڕە
بەکۆمەڵەکان؛
* دادگاییکردنی تاوانباران بە تۆمەتی جینۆساید؛
* خێراکردنی قەرەبوو و پشتگیریی دەروونیی
ڕزگاربووان؛
* ئاوەدانکردنەوەی شنگال و مسۆگەرکردنی گەڕانەوەی
ئارەزوومەندانە و سەلامەت؛
* پاراستنی بەڵگە و یادەوەریی جینۆساید لە
کتێب، قوتابخانە و ئەرشیفی نیشتمانی.
٣ی ئاب نابێت تەنها ڕۆژێک
بێت بۆ نووسینی پەیامی هاوخەمی؛ دەبێت ڕۆژی نوێکردنەوەی بەڵێن بێت: بەڵێنی دادپەروەری،
بەڵێنی گەڕاندنەوەی شەنگال بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانی و بەڵێنی ئەوەی هیچ کۆمەڵگەیەکی
تر بەهۆی ئایین و شوناسی خۆی نەکرێتەوە قوربانیی فەرمانێکی نوێ
تێبینی
فەرمانی «٧٤» لەو باوەڕە مێژووییەوە
هاتووە کە ئێزیدییەکان پێشتر ٧٣ جار تووشی کوشتار، ڕاگواستن و هەوڵی سڕینەوەی ئایین
و ناسنامەکەیان بوون.