26وتار

ئاماژەکانی چەکدانانی پەکەکە و ڕادەستکردنی نەوت و کاریگەری لەسەر باشووری کوردستان

7/10/2025 2:45:00 PM
سه‌ركه‌وتی جیهاز

پێش ئەوەی بچینە سەر باسی کێشەکانی نێوان بەغداد و هەولێر دەبێت بپرسین هۆکارە پێشینەیەکانی چی بوون..؟؟ کورد لە باشوور دەبووایە بە لەبەر چاوگرتنی دۆخی بەردەوام شڵەژاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مامەڵەی لەگەڵ دۆسیە هەستیارەکاندا بکردایە ، بە تایبەت سامانە سروشتییەکان ، لەبەر ئەوەی هەرێم بەشێکی فیدراڵییە لە عێراق ، عێراقیش بە هەموو کەموکوڕییەکانییەوە دەوڵەتی هەیە و ئەندامە لە نەتەوە یەکگرتووەکان ، دەبو بزانرایە کاتێک دەست بۆ سامانی ژێر زەوی دەبەیت و قوفڵی بۆری نەوت دەکەیتەوە بزانیت چۆن جەنگی هەرێمایەتی دەهێنیتە ناو ماڵی خۆت ، کە دەزانرا لە عێراقەوە بە پێی ڕێککەوتن دەتوانرا زیاتر بکرێت ، لێرەوە ئەگەر پێش نەوت هەرێم کێشەی لەگەڵ هیچ وڵاتێک نەبووبێت ، ئەوا دوای نەوت پڕ دەبێت لە کێشە وەک دەگوترێت نەفرەتی نەوت ڕووت تێدەکات ، دەتوانرا لەبری نەوت داوای یاسایی بکرایە بۆ قەرەبوی ئەنفال و کیمیاباران و خاپوورکردنی گوندەکان و وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری ، بەغدادیش ناچار ببووایە بەم قەرەبویە و زۆر زیاتر سوودی هەبووایە لەو داهاتەی کە نەوت هەیبوە ، بە پێچەوانەوە دەرهاویشتنەکانی (نەفرەتی نەوت) وای کرد دۆخەکەی هێندە ئاڵۆز کرد کە نەتوانرێت دۆسیەی قەرەبووی گشتی هەرێم وەک هەرێمێکی یاسایی فیدراڵی سەر بە عێراق بجووڵێنرێت ، لە پەنای ئەم نەفرەتیەدا کێشەی پەکەکە بۆ خۆی چی هەرێم و چی عێراقی گرتبووەوە ، دەکرا ئەم بەریەککەوتنانە بخوێنرایەتەوە و بە ڕەزامەندی وڵاتانی دونیا کۆمۆ و سۆمۆ پێکەوە لە چوارچێوەی سامانی سروشتی عێراقدا مامەڵەی لەگەڵ بکرایە ، وەک بینیمان پێش نەوت عێراق بودجەی هەرێمی دەنارد بێ کێشە ، دوای هەموو ئەمانە بنیمان ڕیفراندۆم چی بەسەر هەرێم هێنا و وڵاتانی زلهێزیش بەرژەوەندی دیاریکراوی خۆیان هەیە و کە لەم بازنەی بەرژەوەندییە دەرچوو هاوکارت نابێت و ئەمەش بە هەرێم گوترا ، دواتر لەگەڵ گۆڕانکارییەکان هەرێم نەیتوانی مامەڵە بکات و لەگەڵ جەنگ و پرۆژەکانی ئیسرائیل دژ بە ئێران و درێژکراوەکانی مامەڵەی ناتەندروستیان کرد ، پێیان وابو ئێران کۆتایی دێت ، دواتر لە دوای دانوستانی ئێران و ئەمریکا بەر غەزەبی ئێران کەوتن و ئەمریکاش زۆر بۆی گرنگ نییە چونکە تا ئێستاش بەرژەوەندی ئەمریکا و ئێران دوای جەنگ سەدان جار گەورەترە لە بەرژەوەندی ئەمریکا و هەرێم ، وە بۆ هەردوو وڵات ئێران و ئەمریکا بەغدا زۆر گرنگترە لە هەرێم ، دوای ئەمانەش واژۆکردنێکی غاز لە کاتێکی نادروستا هێندەی تر دۆخی هەرێمی خستە ناو گێژاوی بەریەککەوتنەکانی ناوچەییەوە .

دەرەنجام هەموو ئەم سەرکێشی زیادەڕەوییانە هەرێمی خستە نێوان مەنگەنەی وڵاتانی ناوچەوە ، لە ئێستادا چەکدانانی پەکەکە و ڕادەستکردنی نەوت و داهات گەڕانەوەی هەرێمە بۆ ناو چوارگۆشەی یەکەم و پێش بەیانی یانزدەی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ کە دەبێت هەرێم بزانێت ئێستا دۆخی چۆنە ، هەر هەڵوێستێک دژ بەم دۆخە دەبێتە هۆی خراپی دۆخی هاووڵاتییانی هەرێم وەک لە ئێستادا دۆخی موچە دەبینین ، لە بەرامبەردا لە ڕاپەڕینەوە تا ئێستا کورد نەیتوانیوە خاوەنی کارگێڕ یەکی دەوڵەتداری بێت و ژێرخان و سێکتەرەکانی تری دەرەوەی سامانە سروشتییەکان پەرە پێ بدات ، سێکتەری کشتوکاڵ کە زۆر گرنگە وە لاوە نرا و پیشەسازی و گەشتوگوزار گرنگی پێ نەدرا و تەنیا پشت بە داهاتی نەوت بەسترا ، سەرەڕای ئەمانە کێشەکانی ژینگە و کەشوهەوا کە هەرێم ناتوانێت بەرگەی وشکە ساڵی بگرێت دروست دەبێت ، هەموو ئەمانە کەڵەکەبوی مێژوون و ئێستا لێکەوتەکانی دەردەکەوێت ، هەرێم لەبەردەم چەکدانانی پەکەکە و ڕادەستکردنی نەوت و داهات بەرەو دۆخێکی تەواو خراپ دەچێت وەک خۆشیان زۆر جار ئەم ڕاستیانە دەڵێن ، دواجار هەرێم دەبێت بە ناچاری مل بە داخوازییەکانی بەغدا بدات بە پێی مەنتیقی هاوکێشەکان ، گرنگە هەرێم لەناو هاوکێشەی وڵاتانی ناوچە و جیهان ببێتە خاڵی کۆکەرەوەی بەرژەوەندی هاوبەشیان لەسەر دۆسییەکانی هەرێم و کار لەسەر بەهێزبوونی پێگەی خۆی بکات لە بەغدادا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن