وتار

مێژوو شێواندن لە نێوان ئارگۆمێنت و ڕوداوەکاندا

9/17/2020 10:33:00 PM 262 جار خوێندراوەتەوە
سه‌ركه‌وتی جیهاز

نوسینەوەی مێژوو بە تایبەت شۆڕشەکان لە پێکهاتەیدا پێویستی بە کۆمەڵێک بنەما هەیە، کە بتوانرێ ببێتە بابەتێکی زانستی مێژوویی، ئەم بنەمایانەش دەتوانێ ڕاستی بونیادە گشتییەکە بسەلمێنێ، کاتێک کارئەکتەرێک هەڵدەستێ بە نوسینەوەی بیرەوەریەکانی وەک بەشێک لە ژیانی ئەو کارئەکتەرە و پێگەی لە ناو ڕوداوێکی مێژووییدا، ئەوا پێویستی بە بەڵگەی نوسراو و شایەتی زیندووی ناو ڕووداوەکان، تۆماری دەنگ و رەنگی ئەوکاتانە هەیە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا نابێ نوسەر یان گێڕەرەوەی رووداوەکان بەحەقد و شەڕی کۆنەقینەوە روداوەکان بگیرێتەوە یان بنوسێتەوە. ئەگەر وای کرد ئەوە لەجیاتی نوسینەوەی میژوو ئەبێتە خۆرە و تێکدەری  مێژوو.

بەداخەوە شۆڕشی کوردستان بەهۆی سەختی خەباتی چەکدراییەوە چ لە شاخ و چ لەشار دا نەتوانراوە ئەرشیفێکی وامان هەبێ کە بارتەقای خەباتەکەمان بێ. لەپاڵ نەبونی ئەرشیفێکی نیشتمانیدا، بەلام زۆرێک لە سەرکردە و فەرماندە و بەرپرسی شار و شاخ هەریەکەو لای خۆیە بەشێک لەو ئەرشیفەیان پاراستوە و لە نوسینەوەی بیرەوەریەکانیاندا پەنایان بۆ بردوە.

لەناو ئەوانەی کە تائێستە بیرەوەری و بەشێک لەو مێژووەیان نوسیوەتە رەنگە بتوانین بڵێین کاک نەوشیروان کێلێکی بەرزی نوسینەوەی ئەو مێژوەیە کە لە بەرگی چەندین کتێب دا بە بەڵگە و دۆیکیومێنت تۆماریکردوە ، بێگومان هەریەکەو لە ڕوانگەی خۆیەوە بیرەوەرییەکان ئەنوسنەوە و ناتوانن بێ لایەن بن، ئەوە مێژونوسەکانن کە دەبێت بەشێوەیەکی ئەکادیمی بێن و سەرجەم ئەو یادەوەرییانە بخوێننەوە و  بەراوردیان بکەن و بەپێی بەڵگەنامەو ئەرگومێنت راستی لە درۆ و، ڕق و کینە لە سەر ڕاستی جیابکەنەوە. لە هەموو ئەو پەرتوک و بیرەوەریانەی کە تائیستە نوسراون ڕەنگە هیچیان بەقەدەر ئەم کتیبەی مەلابەختیار بگرەو بەردەی لێ نەکەوتبێتەوە، ئەویش لەبەر یەک هۆی سانا ئەویش ئەوەیە بە حەقدێکی زۆرەوە  نوسیوێتی کە ئەگەر شتێکی راستیشی تیا بێ، بە ناڕاست بۆی حساب بکرێ ، مەلا بەختیار لە کتێبەکەیدا خۆیی وەک فریشتە وێنا دەکات و، چەند کارکتەری ناوداری ناو شۆڕشەکە لەسەرو هەموویانەوە کاک نەوشیروان مستەفای وەک ئەهریمەن و شەیتان وێناکردوە کە لە بنچینەوە کتێبی لەبری بیرەوەریەکەی مەلا بەختیار هەڵ ئەتەکێنێ و ئەرزشی ناهێڵێ.

گێڕانەوەی بیرەوەری بۆ کەسێک کە لەناو ڕووداوەکاندا نەبوبێت و لە بەشێکی زۆری بێ ئاگابێت ئەو پەڕی شەرمە بۆ نوسەرەکەی، گەورە مێژوونوسانی جیهان کاتێک مێژوو دەنوسنەوە بەڵگەی جیاواز بۆ بڕواهێنان بە خوێنەر دەنوسن و ئاماژە بە سەرچاوەکانی نوسین و گێڕانەوەکانیان دەدەن، بەڵام ئەمەی مەلا بەختیار نەک هەر خۆی لەناو بەشێک لە ڕووداوەکاندا نەبووەو هیچ ڕۆڵێکی نەبووە بەڵکو هاتوە گەڕاوە بەناو دژەکانی کاک نەوشیرواندا و کۆی ڕق و قینی هەموویانی لە کتێبێکدا بەناوی لەبری بیرەوەری بڵاو کردۆتەوە، لەراستیدا ئەوەی مەلابەختیار نوسیوێتی باشتر بو ناوی لێ بنیایە هۆنینەوەی درۆ و بوختان، نەک لەبری بیرەوەری.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement