قامیشلو لەسەد ساڵەی یادیدا؛ شارێک کە سنوور دروستی کرد و خەڵک گیانی پێ بەخشی
8/20/2026 12:02:00 PM
سهركهوتی جیهاز
هەندێک شار لە
دەوری قەڵایەک یان بەندەرێک دروست دەبن؛ بەڵام قامیشلو لە دەوری هێڵێکی ئاسن و لەبەر
سنوورێکی تازەکێشراو لەدایک بوو. سنوور خاکەکەی دابەش کرد، بەڵام نەیتوانی پەیوەندیی
مرۆڤەکان، زمان، کولتوور و یادەوەریی هاوبەشیان ببڕێت.
ئەمڕۆ، ٢٠ی
ئابی ٢٠٢٦، سەد ساڵ بەسەر دەستپێکردنی بنیاتنانی قامیشلوی نوێدا تێدەپەڕێت. بەڵام
مێژووی خاک و خەڵکی ناوچەکە بە ساڵی ١٩٢٦ دەست پێ ناکات؛ قامیشلو پێش دروستبوونی بەشێک
بوو لە دەشتی ماردین و جوگرافیای کوردستان، پڕ بوو لە گوند، کێڵگە و دانیشتوانی
کورد.
دوای جەنگی یەکەمی
جیهان و ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی، هێڵی ئاسنی بەغدا لە بەشێکی ناوچەکەدا کرایە
سنووری نێوان تورکیا و سوریای ژێر دەسەڵاتی فەرەنسا. بەو شێوەیە، نسیبین لە دەشت و
گوندەکانی باشووری خۆی جیا کرایەوە. دەسەڵاتی فەرەنسا بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکە پێویستی
بە ناوەندێکی کارگێڕی، سەربازی و بازرگانی هەبوو؛ بۆیە لە ٢٠ی ئابی ١٩٢٦دا پلانی
بنیاتنانی قامیشلو، لە بەرامبەر نسیبین و لە نزیک ڕووباری جەقجەق، جێبەجێ کرا.
لە ساڵی
١٩٢٨دا وێستگەی شەمەندەفەر بە هێڵی ئاسنی بەغداوە بەسترا و قامیشلو بوو بە خاڵی پەیوەندیی
نێوان حەڵەب، نسیبین، موسڵ و ناوچەکانی دەوروبەر. کشتوکاڵی دەشتی جەزیرە، بە تایبەتی
گەنم و پەمۆ، بازرگانیی شارەکەی گەشە کرد. توێژینەوەیەکی زانکۆی کەمبریج دەڵێت قامیشلو
لە ١٩٢٦دا دامەزرا و تەنها سێ ساڵ دواتر بوو بە گرنگترین ناوەندی بازرگانیی ناوچەکە.
کورد، سریانی،
ئاشوری، کلدانی، ئەرمەن، عەرەب و جوو، هەر یەک بە پیشە، هونەر، زمان و نەریتەکانی
خۆی، بەشێکیان لە ژیانی شارەکە بنیات نا. ئەم فرەڕەنگییە سامانی قامیشلو بووە؛ بەڵام
نابێت بە ناوی فرەڕەنگییەوە ڕاستیی جوگرافی و ناسنامەی شارەکە بشاردرێتەوە.
قامیشلو شارێکی
کوردی و کوردستانییە؛ لە دڵی ڕۆژئاوای کوردستان و لە ناو دەشت و گوندە کوردنشینەکانی
جەزیرەدا هەڵکەوتووە. زمانی کوردی، نەورۆز، گۆرانی، جلوبەرگ، خەبات و یادەوەریی
کوردی لە ڕۆح و سیمای شارەکە جیا ناکرێنەوە. دانپێدانان بەو ڕاستییە، بە هیچ شێوەیەک
ماف و بەشداریی پێکهاتەکانی تر کەم ناکاتەوە؛ چونکە کوردستان لە مێژوودا ماڵی نەتەوە
و ئایینە جیاوازەکان بووە.
لە ماوەی ئەم
سەد ساڵەدا، تورکیا یەکێک بووە لە سەرەکیترین لایەنەکانی پیلانگێڕی و فشار لە دژی
ناوچە کوردنشینەکان. لە سەرەتاکانی کێشانی سنوورەوە، هەوڵی دا ناوچەکە لە ژێر کاریگەریی
خۆیدا بهێڵێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش لە ناکۆکیی عەشیرەتی و هاوکاریی هەندێک لایەنی ناوخۆیی
و ناوچەیی کەڵکی وەرگرت. بەڵگەنامە مێژووییەکان ئاماژە بە هاندانی هەندێک سەرۆکی عەشیرەتی
کورد و عەرەب بۆ دروستکردنی نائارامی لە جەزیرە دەکەن. ئەم سیاسەتە بە شێوەی جیاواز
تا سەردەمی ئێستا بەردەوام بووە.
قامیشلو لەگەڵ
ئەو هەموو فشار و پیلانانەشدا بوو بە یەکێک لە گرنگترین ناوەندەکانی ئەدەب، ڕۆشنبیری،
ڕۆژنامەگەری، هونەر و هۆشیاریی نەتەوەیی کورد. جگەرخوێن لە ساڵی ١٩٤٦دا لە قامیشلو
نیشتەجێ بوو و شارەکەی کردە ناوەندی چالاکیی ئەدەبی و سیاسیی خۆی. ناوەکانی عوسمان
سەبری، قەدری جان و نوورەدین زازا بە مێژووی زمان و ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە گرێدراون.
لە هونەریشدا، قامیشلو محەمەد شێخۆی بە کوردستان بەخشی و ئارام تیگرانی ئەرمەنی لەو
شارەدا لەدایک بوو و بە سەدان گۆرانیی کوردی، بوو بە پردی برادەرایەتیی کورد و ئەرمەن.
بەڵام هەوڵی سڕینەوەی
کوردبوونی قامیشلو هەرگیز نەوەستا. لە سەرژمێریی نائاسایی ساڵی ١٩٦٢دا نزیکەی ١٢٠
هەزار کورد لە ڕەگەزنامەی سوری بێبەش کران. دواتر «پشتێنی عەرەبی»، گۆڕینی ناوی
گوند و شارۆچکەکان، قەدەغەکردنی زمان و ڕێگرتن لە نەورۆز و چالاکییە کولتوورییەکان،
هەوڵێکی ڕێکخراو بوون بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا و سڕینەوەی ناسنامەی کوردی. ڕاپۆرتی
مافەکانی مرۆڤ
لە ١٢ی ئازاری
٢٠٠٤دا قامیشلو جارێکی تر بوو بە ناونیشانی ڕاپەڕین و خۆڕاگری. دوای تەقەکردنی هێزە
ئەمنییەکان لە یاریگای تۆپی پێ، ناڕەزایەتییەکان بۆ شار و ناوچە کوردییەکانی تر بڵاو
بوونەوە. لانیکەم ٣٦ کەس کوژران، زیاتر لە ١٦٠ کەس بریندار و زیاتر لە دوو هەزار کورد
دەستگیر کران. ئەو ڕاپەڕینە بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان لە هۆشیاریی سیاسی و نەتەوەیی
کوردانی سوریا. چاودێری مافی مرۆڤ
لە ماوەی سەد
ساڵدا، زۆر هەوڵ درا کوردبوونی قامیشلو بسڕدرێتەوە؛ بەڵام هیچکام سەرکەوتوو نەبوون.
کورد نە لە زمانەکەی دەستبەردار بوو، نە لە نەورۆز و کولتوورەکەی و نە لە مافی سیاسی
و نەتەوەیی خۆی.
ئەمڕۆ ڕۆحی
کوردایەتی لە قامیشلو لە ئاستێکی بەرزدایە. زمانی کوردی لە قوتابخانە، ڕاگەیاندن،
ئەدەب، هونەر و دامەزراوەکاندا دەبیسترێت؛ ئاڵا و نەورۆز و گۆرانیی کوردی بەشێکی
ئاشکرای ژیانی شارەکەن. کوردبوونی قامیشلو چیتر داواکارییەکی شاراوە یان ناسنامەیەکی
قەدەغەکراو نییە؛ بووەتە ئەمری واقیع و ڕاستییەکی نکۆڵی لێنەکراو.
فەرەنسا پلانی
شارێکی کێشا، بەڵام خەڵکی کوردستان ژیان، ڕۆح و ناسنامەیان پێ بەخشی. قامیشلو ئەمڕۆ
شارێکی کوردی و کوردستانی، ماڵی هاوبەشی پێکهاتە جیاوازەکان و یەکێکە لە شارە زیندووەکانی
ڕۆژئاوای کوردستان.
سەدەمین ساڵیادی
قامیشلوی کوردستان پیرۆز بێت