959وتار

شەقامی سەرۆکایەتی

4/16/2019 9:29:00 AM
سلێمان عەبدوڵا یونس

پارتی ھەر بەژمارەی کورسیەکانی دوھێندەی یەکێتی و سێ ھێندەی گۆڕان زیاتر نییە، بەڵکو لەڕوی خزمەتگوزاری ڕێگاوبانیشەوە، لەڕوی بەڕێوەبردنی قەڵەمڕەکەشەوە جیاوازیەکەیان لە دوھێندە و سێ ھێندە زیاترە. دەی باشە با پارتی کورسیەکانی ھی گزی بێت، ئەی ڕێگاوبانەکانی، ئەی ئاماژەکانی بەڕێوەبردنی سێکتەرەکانی دیکەی خزمەتکردنی قەڵەمڕەوەکەی؟.


مەگەر یەکێتی و گۆڕان توشی ئیحراجی بەردەم خوداو خەڵک نابن کاتێک لە سلێمانی ھێشتا شەقامی ٦٠ شەستی بە ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاس و یوتێرن تەواو نەبوە و شەقامی ١٠٠ مەتریش وا نزیکەی ٥ ساڵ بەسەر گرێبەستی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەدا تێدەپەڕێت، کەچی ھێشتا ئاسۆی جێبەجێکردنی دیارنیە.


لە ھەولێر شەقامی ١٠٠ مەتری و ١٢٠ مەتری تەواوبون و شەقامی ١٥٠ مەتریش کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، کەچی وێڕاش کاپتنی حوکمڕانیان گۆڕی، یەکێتی و گۆڕان لەپێناو ڕازیکردنی دڵی کاپتنە پیرەکان تازە خەریکی بەرینکردنی شەقامی سەرۆکایەتی ھەرێمن بۆ ٢ جێگر.


لەکاتێکدا گۆڕان پارێزگاری سلێمانی لەبندەستە بۆچی نایەن لەگەڵ یەکێتی شەڕی خزمەتکردنی خەڵک بکەن؟ بۆچی نایەن بەیەکەوە خەمێک لەڕێگاوبان و سێکتەرەکانی خزمەتگوزاری و خزمەتکردنی خەڵک بخۆن لەکاتێکدا جیاوازیەکە لەنێوان ناوچەکانی بندەسەڵاتی ئەوان و پارتی زۆر بەڕونی دیارە.


بابەتەکە وادێتە بەرچاو، یەکێتی و گۆڕان نەتوانن بەبێ دژایەتی یەکتری سیاسەت بکەن، بۆمن لەم ململانێیەدا گۆڕان کەسەری ڕیفۆڕمخوازی کوردی بو، بەرپرسیارێتی زیاتری لەئەستۆیە، بۆیە لەھەر کاتێک زیاتر ئەو بزوتنەوەیە پێویستی بە بڕیاڕی ژیرانەیە. ئاخر گۆڕان لە بڕی شەڕی شەقامی دوسایدی ١٠٠ مەتری بۆچی شەڕی جوتسایدی جێگرایەتی لەگەڵ سەرۆکایەتی ھەرێم کردوە بەحەکایەتی مێش؟، لەکاتێکدا لانیکەم یەکێتی لە کابینەی هەشت ھیچ شوێنێکی گۆڕانی پڕنەکردەوە، ئەو وەختەی بەناڕەوا پارتی بۆ ماڵەوەی ناردنەوە.


لەم کورتە وتارەدا دۆستانە بۆ سەرکردەکانی گۆڕان دەنوسم: کە ئەوان ئەو ھێزە نابن ملێۆنەکە ببەنەوە و باشترە پێش ئەوەی ڕیسک بەوەڵامی ملیۆنەکەوە بکەن، بیر لە پێش ملیۆنەکە بکەنەوە کە بەدەستیان ھێناوە و لەسەر شتێکی بچوک ئەو شتە گەورانە لەدەست نەدەن کەپڕاگماتیکیانە بە ١٢ کورسیەوە مسۆگەریان کردوە. ئاخر ئەگەر گۆڕان وەک ئێستا سیاسەت بکەن و چاویان لەوەبێت یان ملیۆنەکە یان ھیچ، ئەوا با لەمنی وەربگرن، ئەمجارەیان لەم دیوی پردێ ناگەڕێنەوە و وەزیرەکانیشان لەھەولێرەوە نانێردرێنەوە ماڵەوە، بەڵام ھەرکاتێک گەڕانەوە ناوچەی سلێمانی دەبێ تاجی دەسەڵاتدارێتی دابنێن و بە بەرگی ھاوڵاتیبونە بگەڕێنەوە، چونکە لە قەڵەمڕەوەکەدا سەری دو حوکمڕانی سەوز و نیلی لە قابلەمەیەکی زەردا جێگایان نابێتەوە و سەرئەنجام یەکێتی لەگەڵیان خراپترەکە ھەڵدەبژێرێ ڕەنگە بەڕێگایەکی جیاواز لەوەی پارتی لەگەڵی کردن، بەڵام بێگومان بۆھەمان سەرئەنجام دەڕوات.


گۆڕان جێگری سەرۆکی ھەرێمی بۆچیە؟ چی پێ دەکات؟ بۆ یەکێتی گریمان ئەو جێگرە پارە و نەسریەو ڕۆتینە ئیداریەکانی ھێزەکانی ٧٠ و ھێزە ئەمنیەکانی پێ دەکات و لەوەش زیاتر نیە، بەڵام ئەرێ گۆڕان چی پێ دەکات؟ لەکاتێکدا بەپەنجەمۆر ھەمو دەسەڵاتەکان دەدرێن بەسەرۆکی ھەرێم خۆی!.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن