1299وتار

کەرتی کشتوکاڵ لە دیدی نەوشیروان مستەفادا

5/19/2019 12:16:00 PM
دیدار عەبدولکەریم



نەوشیروان مستەفا لە خەمی کشتوکاڵدا
نەوشیروان مستەفا لە کتێبی (ئـێمە و ئەوان ناکۆکیەکانمان لەسەر چین؟) ساڵی ٢٠٠٧ -٢٠٠٨ نوسیوێتی، پێکهاتووە لە کۆمەڵە وتارێک، لە یەکیک لە بەشەکانی ئەم کتێبەدا بەشێوەیەکی زۆر گشتگیرو فراوان درک بە کێشەی کشتوکاڵی دەکات و پلان و نەخشەڕێگای گونجاوی بۆ دەخاتە روو هەروەها باس لە پرۆژەیەک ئەکات بە ناوی (پرۆژەی ئاوەدانکردنەوەی دێهاتی کوردستان)، تا لە ساڵی ٢٠٠٩ پێش پەسەندکردنی بودجەی ئەوکات پەسەند بکرێت بە مەبەستی دروستکردنی بناغەو ژێرخانی ئابووری واتە ١٠ ساڵ پێش ئێستا.


مەبەستی نەوشیروان مستەفا لە کاراکردنەوەی سێکتەری كشتوکاڵی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی كشتوکاڵی لە چەند ڕەهەندێکەوە سەرچاوە دەگرێت، رەهەندی سیاسی، رەهەندی ئابوری، رەهەندی کۆمەڵایەتیی، رەهەندی زانستی، ئەگەر ئێمە خوێندنەوەیەکی گشتگیر بکەین بۆ سەرجەم رەهەندەکان، یەکەم و کۆتا خەمی نەوشیروان مستەفا بریتی بووە لە گرێدانی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵ و بە دامەزراوەکردنی کەرتی کشتوکال و بەکارهێنانی بودجەی هەرێم لە وەبەرهێنانی کشتوکاڵی.  


‌کاتێک حکومەتی عێراقی ساڵی ١٩٧٢ کەرتی نەوتی کەرکوکی کردەوە داهاتی نەوتی زیادی کردو کەرتی کشتوکاڵی  پاشەکشێی بەرچاوی کرد لە ڕووی ئاستی بەرهەمهێنان و گەشەسەندن سەرەڕای ئەوەی ئەمە بووە هۆی هەڵتۆقینی توانای سەربازی حکومەتی عێراق بۆ راگوێزان و لەناوبردنی دێهاتی کوردستان و هەروەها سڕینەوەی مۆرکی نیشتمانی لەڕووی زمان و کەلتورو زێدو خاکەوە، جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوەدانکردنەوەی دێهاتی کوردستان دەبێتە هۆی کۆچی پێچەوانە لە ناوەندی شارەکانەوە بەرەو شوێن و جێگای ژیانی پێشوو، بەڵام بە شیوازێکی جیاواز بە ڕاگوێزانی سەرجەم تەکنۆلۆجیاو زانست و کرانەوەی شار بەرەو دێهات، بەمەش دەبێتە چاندنی تۆوی کرانەوە بە سەرجەم دێهاتی کوردستان بوون بە چەق بۆ ئاوەدان کردنەوە.


نەوشیروان مستەفا لە خەمی دروستکردنی سیستەمێک بوو بۆ ژیرخانی ئابووری بۆ رێگری کردن لە بەهەدەردانی سامانی نەتەوەیی و گشتی بۆئەوەی بە خراپی بەکارنەیەت، هەرێمی کوردستان خاوەنی سیستمی ئابووری نیە تەنها دارایی هەیە ئەویش لەڕێی ئەو بەشە بودجەیە کە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە دەنێرێت بۆ هەرێم، بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی کشتوکاڵی بە سود وەرگرتن لە سەرچاوە مرۆیی و سروشتیەکانی هەرێم و دابینکردنی بودجەیەکی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵی بێ ئەوەی چاوەڕێی وەرگرتنەوەی زوو بێت، ئەمە ئەبێتە هۆی بناغەی گشتی ئابووری هەرێم.


ئاوەدانکردنەوەی کەرتی کشتوکاڵی و بە سیستماتیک کردنی دەبێتە هۆی بوژانەوەو کاراکردنەوەی ئەم سیستەمەو دەبێتە هۆی گرێدانی کۆمەڵایەتی لەڕووی زەوی و ئاو و تێکەڵاوبوونی سنوری دێهات و ناوچەو شارو کرانەوە بە ڕووی بازرگانی و ئاڵوگۆڕو سڕینەوەی مۆرکی ناوچەگەرایەتی و خودگەرایی و دروستبوونی بەستەرێکی کۆمەڵایەتی لە ئاستی تاک و خێزان و کۆمەڵگە، هەروەها دروستکردنەوەی چینێکی ناوەندی پیشەیی بەرهەمهێن کە دەبنە وزەو داینەمۆی ئێستاو هەوێنێک بۆ داهاتوو وە کەمکردنەوەی چینی فەرمانبەری کەرتی گشتی بێ بەرهەم و کارکردن بۆ گۆڕینی تێڕوانین و دنیا بینینی تاک دەربارەی خاک و نێستمان گەڕانەوەی متمانەی نەتەوەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی.


‌ئاشکرایە نەوشیروان مستەفا کەسایەتیەکی سیاسی و نوسەرو روناکبیرێکی بیر فراوان بوو هەروەها کەسێکی ئەکادیمی بووە، چەمکی زانکۆ و زانست و رۆڵی ئەکادیمایی بە گرنگ و زەروور وێنا کردووە، بۆیە لێرەشدا دووپاتی دەکاتەوە کە دەبێت سود لە تواناو شارەزایی کەسانی ئەکادیمی وەربگیرێت و پێکەوە بە دەستە جەمعی رۆڵ بگێڕن لە جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوەدانکردنەوی دێهاتی کوردستان وە چاودێری پڕۆسەی بەرهەمهێنان بکەن لە ڕووی چەندێتی و جۆرێتی .


پلانی نەوشیروان مستەفا بۆ کەرتی کشتوکاڵ

نەوشیروان مستەفا لە دەستپێکی پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوی دێهاتی کوردستان ئاماژە بە دروستکردنی دەستەیەکی باڵا دەکات بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە لەبەر گرنگی و هەستاری و ستراتیژییەتی ئەم کەرتە، پێشنیار دەکات کە ئەندامانی ئەم دەستەیە پێکهاتبێتن لە کەسانێک بن کە لە باڵاترین ئاستی بەڕێوەبردن و حکومداریدا بن کە پێکبێن لە (سەرۆکی دەستە بە پلەی جێگری سەرۆک وەزیر، وەزیری کشتوکاڵ، وەزیری دارایی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە، وەزیری پلاندانان) لێرەدا بە مەبەست و کڕۆک پێشنیاری ئەم کەسایەتیانەی کردوە لەبەرئەوەی سیستەمی حکومرانی لە هەرێمی کوردستاندا لە دەسەڵاتی حیزبدایەو پەراوێزخستنی یەکتری لایەنە سیاسیەکانە ئەم بۆ ئەو بەمەبەستی ململانێ و پروپاگەندەی ‌هەڵبژاردن و مەرامی حیزبی دیکە. هەربۆیە ئەم کەسایەتیانە توانای بڕیاردانی رەهایان هەیەو چەقی بڕیاردانن.

پلانەکان:
یەکەم : دروستکردنی شاری نوێ 
هەڵبژاردنی جێگەی نوێ بەمەبەستی دروستکردنی شار لە نزیک چەند دێیەک وە هەروەها فەراهەمکردنی سەرجەم دامودەزگا میریەکان و دروستکردنی ناوەندێکی بەڕێوەبردن بۆ هەریەکەیان کە ببێتە هۆی بەستنەوەی دێهاتەکان بە شارە گەورەکانەوە.


دووەم : پشتیوانی کشتوکاڵی 
حکومەت ساڵانە بەرامبەر بەخێوکردن و بەرهەمهێنانی هەر درەختیک بڕێک پارە بدات بە جوتیار لەژێر ناوی (باخانە)، هەروەها بەهەمان شێوە هەڵبستێت بە هاندانی جوتیار بە بەخشینی بڕێک پارە لەژێر ناوی (زەویانە) بەپێی جۆری بەرهەمە جیاوازەکان و بڕی بەرهەم .


سێیەم: پشتیوانی ئاژەڵداری
حکومەت ساڵانە بەرامبەر بە بەخێوکردنی ئاژەڵ بڕێک پارە بدات بە جوتیار بە ناوی (شوانانە) هەروەها بەرامبەر بەخێوکردنی پەلەوەرو هەنگ بە هەمان شێوە.


چوارەم : پشیتوانی بازرگانی 

حکومەت پشتیوانی لە بەرهەمی خۆماڵی بکات بە منافەسەی بەرهەمی دەرەوە، هەروەها حکومەت کارئاسانی بکات بۆ خاوەنکاری کەرتی تایبەت بە هەناردەکردنی بەرهەمی خۆماڵی بۆ بازاڕی دەرەوە.


پێنجەم : کاراکردنی بانکی کشتوکاڵی
پێدانی قەرزی کشتوکاڵی بە جوتیاران بە سودی کەم و ماوەی درێژ بۆ سەرجەم کارە کشتوکاڵیەکان بە مەبەستی دامەزراندنی پرۆژەی كشتوکاڵی جیاوازو بەرهەمدار بۆ دروستکردنی ڕەزو باخ و هەڵکەندنی بیرو ئاودێری و هەنگەوانی و حەوزی بەخێوکردنی ماسی و کڕینی ئامێری کشتوکاڵی ...هتد.
چاودێریکردن و بەداواداچوون


خاڵەکانی ئەم پرۆژەیەو جێبەجێکردنی ئەگەر لەژێر چاودێری ورددا نەبێت ئەشێت گەندەڵی دارایی و کارگێڕی و سیاسی بەدوادابێت بۆئەوەی ئەمە روونەدات پێویستە رێکاری یاسایی بۆ دابنرێت بەم جۆرە:
١. بۆ بەفیڕۆنەدانی دارایی گشتی:
پێویستی بە گۆژمەی دارایی گەورە هەیە هەروەها خێرا راپەڕاندنی، سەرجەم دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بەرپرس بن لە ئاستی ئەنجامدان و هەڵسەنگاندنی پرۆژەکە بۆئەوەی گەندەڵی دارایی پرۆژەکە بە لاڕێدا نەبات.


٢. بۆ رێگریکردن لە هەڵئاوسانی کارگێڕی:
لێرەدا خاڵێك کە جێگەی سەرنجە بریتیە لە دامەزراندنی بە لێشاوی فەرمانبەر لەم دامەزراوەیەدا کە ئەمە هەڵەی کوشندەیە بۆیە پێوستە سود لە باشترین و لێوەشاوەترین فەرمانبەرەکانی ئێستای حکومەت وەربگیرێت. 


٣. بۆئەوەی نەبێتە هۆی گێتۆی حیزبی یا خێڵەکی:

پێویستە کە یەکسانی هەبێت لە کارو فەرمان و پڕۆژەو پێویستە دوور بێت لە سەرجەم ئینتما حیزبی و دینی و مەزهەبی و عەشیرەتگەرایی لەبەرئەوەی شێوەیەکی گشتی دەستی حیزبی و خێڵەکی باڵی بەسەر کەرتەکەدا  کێشاوە کە بۆتە هۆی جیاکاری ناوچەگەری و دابەشکاری جوگرافی بەپێی هۆزو خێڵ و عەشرەت... هتد بەشێوەی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر ڕێرەوی پڕۆژەکە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن