سلێمانی تۆ بۆ هەموان، هیچمان بۆ تۆ
8/21/2022 9:48:00 AM
دیدار عەبدولکەریم
بە درێژایی ٢٣٨ ساڵی تەمەنی سلێمانی هەتا ئێستا
هیچ هێز و دەسەڵات و حکومڕانێک هێندەی ئێستا لە شکۆی و کەرامەتی سلێمانی نەشکاندوە،
هیچ دەسەڵاتێ نەبوە هێندەی ئێستا قاچاخچێتی بە ئەرز بۆ ئاسمانی بکات، هیچ هێزێکی
ناخۆی و دەرەکی و هیچ دۆست و دوژمنێک هێندەی ئێستا وەک زەرو خوێنی نەمژیوە، سلێمانی
ئێستا شارێکە ڕەمزێکە بۆ کاولکاری و چەوساندنەوە و داگیرکاری.
ئەگەر لوتکەی ستەمكاری و جەردەی و قاچاخچێتی و
تاڵان و بڕۆ و بێ مۆڕاڵی و داماڵین لە هەمو شوناسی مرۆڤایەتی و دۆشینی سەرجەم پایەکانی
دەوڵەتداری و بردن و بڕین و هەڕاج و شەق بەرقەرار
بێت بەمە ئەوترێ ئارامی.
ئەگەر خەڵک ناچار بکەیت بە سەرانە و خاوە و گوێ
بڕین ببیت بە شەریکی هۆتێل و کۆمپانیایی پەیوەندی و پڕۆژە نیشتەجێبون و نەخۆشخانەکان
و کۆمپانیایی دەرمان و ڕێستۆرانت و گازینۆی بلیارد و قۆمار و ئارتێستەکانی شار و بە
داهاتیان خۆت دەوڵەمەن بکەیت بەمە ئەوترێ هەلی کار.
ئەگەر گەندەڵی دارایی و ئیداری و سیاسی و کۆمەڵایەتی
و ئابوری و یاسایی ببێتە بنەما و پەیڕەوی
کارپێکراوی مەملەکەت، هێز وەکو داشی دامە بجوڵێنی بە پێی دۆخەکە کە چۆن ویسترا، سەرجەم
دامەزراوەکان ئیفلیج بکرێن و ببنە قوتابی و خوێندکارێکی کەلاوەی جەهل بەمە ئەوترێ
خزمەت.
نەتیجەی ناشتنی با هەر ڕەشەبا دەبێت، کاتێک شارێک
بکرێتە زەلکاوێکی پڕ لە هێزی چەکدار و بەرتەسکردنەوەی ئازادی و هەروەها دروستکردنی
دۆخیێکی بارگاوی بە چەک و ئاگر و نا ئارامی دەرونی، بە دڵنیای ئایندەی ڕەش لەبەر دەرگای
هەموان میوان دەبێت.