472وتار

برسێتی و هاوار

12/5/2020 12:55:00 PM
دیدار عەبدولکەریم

ئەی نیشتمانی بێ گوێچکەم
تۆ ئەتەوێت هەرچیەک بیت و هەرچۆنێک بیت هەر خۆشم بوێت؟
(شێرکۆ بێکەس)

نزیکەی شەش ساڵە بەردەوام دانیشتوانی هەرێم توشی چەندەها بەرزو نزمی و برسێتی و نەهامەتی و قڕی بونەتەوە، لە ئەنجامی ناجێگیری لە دۆخی بودجە و موچە و ناسەقامگیری باری دارایی، سەرەڕای سەرجەم پڕوکانی (دارایی و سیاسی و کەلتوری و کۆمەڵایەتی)، هاوڵاتی و هاوکوردستانیان دڵسۆزانە و بوێرانە بەردەوام بون لە بەخشین، خزمەت، پاراستن، هیوابەخشینەوە بۆ پەک نەخستنی سەرجەم بڕگە و جومگەکانی حکومڕانی لە ئەنجامدا بوەتە کەرت و پەرت بونی سەرجەم کایە و چینەکانەی کۆمەڵگە:

* چەندەها مناڵ شەویان رۆژ کردەوە بە گریان بۆ شیر.
* چەندەها دایک بە فرمێسکی شەرم کاتیان بە ڕێ کرد.
* چەندەها باوک کەرامەت و باوکایەتی شکا.
* چەندەها گەنج چیرۆکی خوشەویستی و خەونی بە تەنها هێلانەکی ئارام و ژیانێکی سەربەرزانەی لە گۆڕ نا.
* چەندەها مناڵی لە سۆزی باوان  ئامێزی خێزانی دور خستەوە.
* چەندەها پیر و بە ساڵاچوانی رۆحیان بریندار بو لە برسێتی و بێ دەرمانی و بێ نەوایدا.

بەرێزان دەسەڵاتدارانی حکومی و ئەمنی و سەربازی سەرجەم دام و دەزگاکانی ئیدارەی سلێمانی، چەند پرسیارێکی جدی و مەزوعیم هەیە.

١. ئایا خۆپیشاندەران کام دام و دەزگای حکومیان سوتاند؟
٢. هەڵیان کوتایە سەر چ مومتەلەکاتی حیزبی؟
٣. پەلاماری چ کۆمپانیا و بانکی ئەهلیان دا؟
٤. دژی چ بەهایەکی نیشتمانی و مرۆفایەتی بون؟
٥. بە نیازی چ جۆرە کودەتایەک دژی نیشتمان لەسەر شەقام بون؟
٦.خۆ پیشاندەران ژمارە و دەستی چ هاوکێشەیەکی تێکدەرانەن؟

تەنها تاوانی ئەم چینەی سەرشەقام دوای نان و ئەمان و کەرامەت ئەکەن، داوا ئەکەن سەربەرز بژین داوا ئەکەن بەستەری کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی لەوە زیاتر نەپچڕێت، داوا ئەکەن ژیان بەردەوام بێت، داوای گەورە و تەعجیزیان نیە تانها داوای ژیان ئەکەن کەسیان ململانێ کورسی دەسەڵات ناکەن، تاکە خەونیان ( نان و نان ئینجا نان).

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن