252وتار

كاریگەرییەكانی گرتنەوەی قوفڵەكە

4/26/2023 6:23:00 PM
یادگار سدیق گەڵاڵی

  1. بەشی دووەم
  2. ئایا هەرێم بەرپرسیارتی لەسەرماوە؟
  3.  بەبێ توركیابەغدا دەتوانێت كورتهێنانی هەناردە پڕ كاتەوە؟  
  4. راستەوخۆ دوای دزەپێكردنی هەواڵی بڕیاری كۆتایی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ژووری بازرگانی پاریس ICC دژی توركیا و لە بەرژەوەندی عێراق، سەبارەت بە ڕێگەپێدانی توركیا بە هەرێمی كوردستان بۆری عێراق- توركیا بەكار بهێنێت نەوتەكەی لەبەندەری جەیهان باربكات و بیفرۆشێت لە كاتژمێرەكانی كۆتایی ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٣ دا  وە دوای چەند كاتژمێرێك  لە بەرەبەیانی ٢٥ ئازاردا  قوفڵی ئەو بۆرییە گیرایەوە و هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیرا.  توركیا ڕایگەیاند بەبێ ڕەزاماندی عێراق ئەو قوفڵە ناكاتەوەو رێگە بەهەرێم نادات نەوت هەناردەبكات. 
  5. ئێستا پاش تێپەڕبوونی مانگیك بەسەر گرتنەوەی قوفڵەكەدا:

  6.  ١-  چ كاریگەرییەكەی لەسەر لایەنەكان( هەولێرو بەغدا) دەبێت؟ 
  7. ٢- چۆن دەتوانرێت ئەو كاریگەریانە سنوردار بكرێت؟ 
  8. هەوڵ دەدەین وەڵامی ئەو دوو پرسیارە بدەینەوە.
  9. ١- كاریگەرییەكانی لەسەر هەولێر
  10. بەكردەیی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٣ ەوە بەشێوەیەكی رەها پشتی بەداهاتی فرۆشی نەوت بەستووە  كە لەرێی ئەو بۆرییەوە توانییویەتی بیگەیەنێت بە كڕیارەكانی و بازاڕەكانی جیهان، وەستانی هەناردە دەبێتە هۆی بێبەشكردنی لە سەرچاوەی سەرەكی داهات و لە ئەنجامدا درووست بوونی گرفت بۆ بەڕێوەبردنی كاری رۆژانەی حكومەت لە دابینكردنی مووچە و پێشكەش كرنی خزمەتگوزاری كە خۆی بەبێ درووستبوونی ئەم كێشەیەش بەدەستییەوە دەیناڵاند. 
  11. هەرێم لە ماوەی چەند ساڵی ڕابوردوودا رۆژانە لە ٤٠٠ بۆ ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی بەندەری جەیهان كردووە، و نەوتی بە داشكانی زۆر فرۆشتووە و كرێیەكی زۆری لێ داوە بە گواستنەوەی چ لە ناو هەرێم یاخود لە ناو خاكی توركیادا ، و خەرجی كۆمپانیا نەوتییەكانیش زۆر بووە، بەگشتی هەم خەرجییەكان زۆر بووە وە هەم نەوتەكەش بە هەرزان فرۆشراوە، دەرئەنجام لە كاتێكدا لە دوو ساڵی ڕابووردوودا نرخی نەوتیش بەرزبووە بەڵام هەرێم بەردەوام كێشەی مووچەو خزمەتگوزاری هەبووە. 
  12. بڕیارەكەی دادگا لە ١٣ی شوباتدا دراوە واتە لایەنەكانی  داواكە ماوەیكی باش پێش بڵاوكردنەوەی لە ڕاگەیاندنەكان ئاگاداری ناوەڕۆكی بڕیاری كۆتایی بوون، وە زۆر پێشتریش پێشبینی بردنەوەی دەكرا لە بەرژەوەندی عێراق بە تایبەت دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢دا واتە یەكساڵ پێش  دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانییەكە هەرێم رووبەڕووی  كێشەی یاسایی و دەستوری بوو بویەوە  كە خۆی لە ٣ێ خاڵدا دەبینیەوە

  13. نادەستووریبوونی یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧، یاسای نەوت و  گازی هەرێم.
  14. ڕادەستكردنی هەموو بەرهەمی نەوت بە وەزارەتی نەوت.
  15. داواكردن لە وەزارەتی نەوتی عێراق بەدواداچوون بكات بۆ  نایاساییبوونی ئەو گرێبەستانەی كە هەرێم لەگەڵ لایەنە دەرەكییەكان كردوویەتی سەبارەت بە گەڕان و پشكنین، بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت. 

  16. بەم بڕیارەی ICC خاڵی دووەمی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ بە كردەیی جێبەجی كرا. 

  17. هەرێم بەچەند مانگێك پێش وەستانی هەناردە لە گەڵ حكومەتەی فیدراڵ لە گفتوو گۆدا بوون و رێككەوتبوو لە سەر ٣ خاڵی سەرەكی لە پرۆژە یاسای بوجەی حكومەتی فیدراڵ  : 
  18. ١- كۆی داهاتی نەوتی بەرهەم هێنراو لە كێڵگەكانی هەرێم لە یەك هەژماری بانكیدا دادەنرێت كە تێیدا سەرجەم داهاتەكانی هەناردەكردن یان فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمەنەوتییەكان دادەنرێت بەبێ هیچ لێبڕینێك بۆ هەر مەبەستێك وەسەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم یان هەركەسێك كە ئەو دەسەڵاتی پێبدات دەسەڵاتی مامەڵە كردنی پێوە هەیە، هەروەها ئەو ئەژمارە لەژێر چاودێری حكومەتی فیدراڵی دەبێت، هەروەها هەموو هەژمارە هاوشێوەكانی تر دادەخرێن.

  19. ٢- پشكی هەرێم لە كۆی بڕی هەناردەكردنی نەوتی خاو لە كێڵگەكانی هەرێم ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا، لە كۆی ڕێژەی هەناردەكردنی ٣,٥٠٠,٠٠٠ بەرمیل لە ڕۆژێكدا، بە پشتبەستن بە نرخی ٧٠ دۆلار بۆ یەك بەرمیل.

  20. ٣- لە ئەگەری هەر ناكۆكییەك لە دیدگاكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم، لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمدا دادەمەزرێت و ئەم لیژنەیە ڕاسپاردەكانی خۆی ئاراستەی سەرۆكی حكومەتی فیدراڵی دەكات بۆ دەركردنی بڕیاری گونجاو.

  21. هەر لە هەمان رۆژی وەستانی هەناردەینەوت،  هەرێم  بڕیاری دا كە بچێتە بەغدا و  وتووێژی چڕ و پڕدەستی پێكرد،  لە ماوەی ١٠ رۆژدا گەشتن بەڕیكەوتن و  لەسەر میكانیزمی نوێی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت  كە جگە لە و ٣ خاڵەی كە هەردوولا لە پرۆژەیاسای بووجەدا لەسەری رێككەوتبوون  لەسەر  خاڵێكی تری سەرەكی ڕیكەوتن  كەهۆكاری وەستانی هەناردە ی نەوتی هەرێم بوو ئەویش رادەستكردنی هەناردەی نەوتی هەرێم بوو لە بەندەری جەیهانی توركیا بە كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق ( سۆمۆ)  و گەڕانەوەی داهاتەكەی بۆ ناو ئەو ئەژمارە بانكییەی كە لەسەرەوە باسكرا ، هەروەها  جێگری بەرێوەبەری گشتی سۆمۆ دەدرێت بە  كورد . ڕیكەوتنەكە لەبەرواری  ٤ ی نیساندا  بە ئامادەبوونی هەردوو سەرۆك وەزیران ئیمزاكرا و بەوەش  هەرێمی كوردستان تۆپەكەی خستووەتە قاچی بەغداوە.

  22. ئاشكرایە كە فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێی سۆمۆوە لە چەند رووەوە سوودی هەیە بۆ هەرێم:
  23. یەكەم شەرعییەت دەدات بەونەتەی لەهەرێمەوە هەناردە دەكرێت و مەترسی كێشەی یاسایی نامێنێت. 

  24. دووەم كاتێك كێشەیی شەرعییەت و یاسایی نەما و سۆمۆ فرۆشتی بەهەمان شێوەی نەوتی كەركوك دەیفرۆشێت و دەرەنجام داهاتێكی زیاتر لە فرۆشی نەوت دەست عێراق و كۆمپانیا بەرهەمهێنەكانی نەوت دەكەوێت. 

  25. سێهەم: بەم رێكەوتنە هەرێم خۆی لە بەرپرسیارێتی دەربازدەكات بەرانبەر كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنی نەوت لە وەستانی هەناردە و دەرئەنجام بەرهەم  وەستاوە  یان زۆر كەمبووەتەوە. 

  26. چوارەم: قوتاربوونی لە بەرپرسیارێتی بەرانبەر كڕیارانی نەوت، بەوەی ئەوە لەسەر شانی بووە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردە ئەنجامی داوە.   

  27. سەبارەت بەخاڵی سێ و چوار  ئەم باروودۆخەی (هەرێم، بەرهەمهێنەران و كڕیارانی) نەوتی هەرێم تێی كەوتوون پێی دەوترێت بارودۆخی نە خوازراو ( القوە القاهرە  Force Manure  ( وە لە گرێبەستەكانی هاوبەشی كردن لە بەرهەمPCA  ی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان لە مادەی ٤٠ دا بەم شێوەیە باسی بارودۆخی نەخوازراو كراوە" هەر دواكەوتنێك، یان كەموو كوڕییەك، پێشێلكردن یان ئەنجامنەدانێك لەلایەن بەڵێندەرەوە لە جێبەجێكردنی هیچ كام لە ئەركەكانی بەپێی ئەم گرێبەستە وەك جێبەجێنەكردنی ئەم گرێبەستە هەژمار ناكرێت یان ببێتە بابەتی ناكۆكی ئەگەر ئەو دواكەوتن،یان كەموكوڕی، پێشێلكردن یان ئەنجام نەدانە بەهۆی ڕووداوێكی باردوۆجی نەخوازراوە وە بێت( القوە القاهرە). لەم حاڵەتەدا، بەڵێندەر دەبێت دەستبەجێ بە نووسراو حكومەت ئاگادار بكاتەوە و هەموو ڕێوشوێنێكی گونجاو بگرێتەبەر بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانی بەپێی ئەم گرێبەستە بە تەواوی ئەو ڕادەیەی كە دەتوانێت" بۆ حكومەتیش بەرانبەر بەڵیندەر بەهەمانشێوەیە.
  28. هەروها لە ماددەی ٤٠.٢ داسەبارەت بە بارودۆخی نەخوازراودا القوە القاهرە"  بەم شێوە پێناسەی دەكات" هێزی نەخوازراو واتە هەر ڕووداوێكی پێشبینینەكراو و سەرنەكەوتوو و بەرگە نەگیراو، نەك بەهۆی هیچ هەڵەیەك یان جێهێشتنێك لەلایەن بەڵێندەرەوە بەڵكو بەهۆی بارودۆخێكەوە كە لەدەرەوەی كۆنترۆڵی ئەو بەڵێندەرە، كە بەربەست یان ڕێگری دەكات لە جێبەجێكردنی هەموو یان بەشێك لە ئەركەكانی بەپێی ئەم گرێبەستە" . 

  29. لەو پێناسەیەی سەرەوەدا دەردەكەوێت كە بارودۆخی نەخوازرا بریتییەلە باروودۆخێك كە لەدەرەوەی دەستەڵاتی لایەنەكانی گرێبەستەكەیە نەك بارودۆخێكی چاوەڕوان نەكراو یان پێشبینی نەكراو ، لە بەشێك لە دانیشتنەكان و گفتوگۆكانی نێوان هەولێر بەغدا بینینمان كە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێن و كڕیارانی نەوتیش ئامادەییان هەبوو. 

  30. كەواتە دەتوانین بڵێین ئەم بارودۆخەش بارودۆخێكی نەخوازراوە و لەدەرەوەی دەستەڵاتەكانی هەرێمە بەو هەنگاوانەی هەرێم تائێستا گرتوییەتییەبەر هەموو ڕێوشوێنێكی گونجاو ی گرتووەتە بەر  بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانی بەپێی  گرێبەستەكە بۆ ئەوەی هەناردە دەست پێ بكاتەوە، و دەچێتە چوارچێوەی بارودۆخی نەخوازراوەوە" Force Majeure".

  31. كاریگەرییەكانی لە سەر بەغداد

  32. عێراقیش بەهەمان شێوەی هەرێمی كوردستان بەرێژەیەكی زۆر پشتی بە داهاتی فرۆشی نەوت بەستووە و لە پرۆژە یاسای بوجە بۆ ساڵەكانی ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٥  ریژەی داهاتی نەوت لەكۆی هەموو داهات بریتییە ٨٧٪ بۆیە وەستانی ٥٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە بە هەناردەی كەركویشەوە كە  دەكاتە رێژەی ١٤٪ی هەموو هەناردەی عێراق كاریگەری دەبێت لەسەر كۆی داهات بەتایبەت كە لە پرۆژە یاسای بوجەدا  كورتهێنانێكی زۆر هەیە. بۆیە لەماوەی كورت مەودادا وەستانی بەرهەم كاریگەری  نەرێنی دەبێت، هەرچەن بەغدا هەوڵی داوە ئەم بۆشاییە پڕ بكاتەوە كە دواتر باسی دەكەین. 

  33. بەڵام لەلایەكی ترەوە  بەغدا  زۆر بەباشی توانیویەتی سوود لە گرتنەوەی قوفڵەكە ببینێت كەوەك دەزانین ئەمە داخوازییەكەی چەندین ساڵەی بەغدایە بۆ ئەوەی هەناردە و فرۆشی نەو بخاتە ژێر ركێفی  وەزارەتی نەوتەوە و لەمەدا سەركەوتوو بووە.  بەمەش  یەكێك لەو خاڵاكانی  كە لە بڕیاری دادگای فیدراڵیدا لە شوباتی ٢٠٢٢ دا هاتووە جێبەجێ كردووە كە ئەمە خاڵێكی گرنگ و جەوهەرییە بۆ وەزارەتی نەوت.  

  34. هەروەها  دەبێتە هۆی ئەوەی  لە ئایندەدا داهاتی ئەو  نەوتەی كە لەهەرێمەوە هەناردە دەكرا زیاد بكات.  چاوەڕی دەكرێت گەر سۆمۆ نەوتەكە بفرۆشێت بۆ هەر بەرمیلێك بەتێكڕا  نزیكەی ٨ دۆلار  داهات زیاد بكات و ئەمەش  هاوكار دەبێت بۆ پڕكردنەوەی بەشێك لەو كورتهێنانەی لە بوجەدا هەیە. جگە لەوەی دەستكەوتێكە بۆ حكومەتەكەی سودانی دەتوانێت لە رووی سیاسییەوە وەبەرهێنانی تیادا بكات كە ئەوەی لەماوەی چەند ساڵی ڕابوردوودا حكومەتەكانی پێش ئەو نەیان توانیووە ئەنجامی بدەن ئەم كردوویەتی " هەرچەند لە بەختی سودانی بوو كە تەوقیتی بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانییەكە  كەوتە ماوەی كاركردنی ئەوەوە و هەرێمی ناچاركرد بەخێرایی لەگەڵی ڕێك بكەوێت". هەروەها توانیویەتی لە گەڵ كڕیارانی نەوتی هەرێمیش ڕیك بكەوێت و دڵنیاییان بداتێ كە مامەڵەیان لەگەڵ دەكات بەڵام بەمەرجەكانی وەزارەتی نەوت. واتە گرتنەوەی قوفڵەكە بووە هۆی خێراكردنی  رێكەوتن لە بەرژەوەندی حكومەتی فیدراڵی و وەزارەتی نەوت وە دەستكەوتێكی گرنگە بۆیان.
  35. ٢- سنوورداركردنی كاریگەرییەكانی

  36. حكومەتی فیدراڵ توانای بەرهەم هێنانی لە سەروو ٤.٦ ملیۆن بەرمیلی رۆژانەوەیە وەلەم بڕە زیاد لە ١ ملیۆنی بۆ بەكار هێنانی ناوخۆ بەكار دەهێنرێت. بەكارهێنانی ناوخۆ لەو بەرهەمەیە كە لەلایەن كۆمپانیاكانی سەربە وەزارەتی نەوتەوە بەرهەم دەهێنرێن وەكو (كۆمپانیای نەوتی بەسرە و باكور...). لە ماوەی مانگەكانی رابووردوودا لەباشورەوە رۆژانە نزیكەی ٣.٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد، دەتوانرێت ئەم بڕە بە ئاسانی زیاد بكرێت بۆ ٣.٥ ملیۆن كە لە پرۆژە یاسی بوجەدا بە ئاستی هەناردە دیاری كراوە.

  37. وەزارەتی نەوت دەتوانێت ئەو بڕە نەوتەی كە لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستانەوە بەرهەم دەهێنرێت لە هەرێمی وەربگرێت و بۆ پێداویستی ناوخۆ لە بەرهەم هێنانی بەرهەمە نەوتییەكانی نەو تی سپی ماڵان و بەنزین و دیزڵدا بەكاری بهێنێت ، وە دەتوانرێت ئاستی پاڵاوتن زیاد بكرێت بەتایبەت كە هەرێمی كوردستان ژێرخانێكی زۆر بەهێزی پاڵاوتنی نەوتی هەیە. هەروەها  پشكی كۆمپانیا نەوتییەكان لە بری ئەوە لە جەیهان رادەستبكرێت لەلایەن سۆمۆ وە لە بەسرەوە رادەستیان بكات( دەكرێت چ بە نەوت یان داهاتی نەوت تەسلیمیان بكات بەپێی ڕیكەوتن لەسەری). بەمەش حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان دەتوانن بە ئاستێكی باش بەردەوام بن لە بەرهەمهێنان گەر بە تەواوی تواناشیان نەبێت. هەروەها حكومەتی فیدراڵیش دەتوانێت خۆی ببوێرێت لەوەی پێی بوترێت نەوتی خۆی دەكڕێتەوە لە كۆمپانیا نەوتییەكان.   

  38. بەپێی داتاكانی كۆمپانیاكانی بەدواداچونی كەشتییە نەوتییەكان ئەو نەوتەی لە نیوەی یەكەمی مانگی نیساندا لە باشورەوە و لەڕێی كەنداوە وە باركراوە زیادی كردووە بەشێوەیەك بەتێكڕا  رۆژانە ٣ ملیۆن و ٤٢٥ هەزار بەرمیل بووە و بەشێكی زۆر لە وبۆشاییەی كە بەهۆی وەستانی هەناردەوە لەڕێی جەیهانەوە دروست بووە پڕ بكاتەوە.

  39.  لەلایەكی ترەوە وەستانی هەناردە لە جەیهانەوە كە نزیكە نیو لەسەدی بەرهەمی جیهان پێك دەهێنێت بەشێكە لە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی جیهانی. لە ئانجامدا ددەبێتە  هۆی زیادكردنی داهاتی  نەوتی حكومەتی فیدراڵ. 

  40. پرۆژە یاسی بوجە لە پەرلەمانە و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا پەرلەمان پەسەندی بكات دوای كەمكردنەوەی هەندێ خەرجی وەزارەتەكان و مناقەلەی هەندێ بڕگە، یاساكە لە ١ی كانوونی دووەمەوە  بەركار دەبێت  كەواتە پشكی حكومەتی هەرێم لە  بوجەی فیدراڵ دەبێت، ئەگەر نەوتی هەرێم  بفرۆشرێت ئەوا داهاتەكەی دەخرێتە ئەو حسابەی لە پرۆژە یاساكە و رێكەوتنەكەی ٤ی نیساندا لەسەری رێككەوتوون و لە پشكی هەرێم لە بوجەدا دەردەكرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە پاش دەركردنی داهاتە فیدراڵیەكان دەنێردرێت بۆ هەرێم ، بەمانایەكی تر ئەگەر هەرێم نەوت هەناردە نەكات، وەكو لەسەرەوە روونكراوەتەوە هەرێم هەموو هەنگاوەكانی ناوە بۆ ئەوەی هەناردە دەست پێبكاتەوە، داواكارییەكانی بەغدای تا ئێستا جێ بەجێ كردووە لەو بارودۆخەدا حسابەكە هیچی تیا نابێت، پشكی هەرێم لە بوجەی حكومەتی فیدرڵی تەنها داهاتە فیدراڵییەكانی هەرێمی لێدەردەكرێت و دەبێت ئەوی تری بنێردرێت تاوەكو هەرێم بتوانێت مووچەو خزمەتگوزارییەكانی حكومەتی لێ بدات. 
  41. كەواتە هەرێم بە كردنەوەی قوفڵی هەناردە  و نەكردنەوەشی لە رێی جەیهان،  چاوەڕێ دەكرێت پشكی لە بوجە وەربگرێت.  

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن