432وتار

قۆپیەکەی ئاشنا و هەڵەکەی دیلۆیت

3/1/2021 12:36:00 PM
یادگار سدیق گەڵاڵی

ماوەی چەند ڕۆژێکە بابەتی قۆپیە کردنی خاتونێک میدیاکانی تەنیوە، کۆمەڵێک داوا لە وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەکەن ئیجرائات بکات و بەشێکی تر   داوادەکات داواکاری گشتی بێتە سەر خەت و  داوای لەسەر بجوڵێنێت. دەکرێت  بۆ سەلماندنی  لێپرسینەوە و یاسا سەروەریی  ئەم خاتوونە بکرێت بە قوربانی و   بوترێت لەسەر بنەمای  "من أين لك هذا"  و یاسای  "كسب غير المشروع" لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت و دەرئەنجام  دەربکەوێت کە ماڵی گشتی بە فیڕۆداوە، چ لە ڕێی خوێندنی خۆڕای و بەدەست هێنانی بڕوانەمە و وەرگرتنی موچە...هتد

لەکاتێکدا غەش و قۆپی و بەدەست هێنانی نا مەشروع هەرچی کونج  و کەلەبەری ئەم هەرێمە هەیە تەنیویەتی  و لە ژماردن نایەن و بەهیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێت بەمەی ئەم خاتوونە. (ئەمە داکۆکی نییە لەوەی کە ئەو کردویەتی و ڕۆژانە دەکرێت).
ئەمەی ئەم خاتونە گەورەیە یان ئەوەی ئێمە لە لێکۆڵینەوەکەماندا لە دوو هەفتەی رابوردوودا لە سەر کۆتا ڕاپۆرتی دیلۆیت بۆ ٩ مانگی ساڵی ٢٠٢٠ خستمانە ڕوو؟ "وردبونەوە لە وردبونەوە کەی دیلۆیت..." لەوانەیە بیرتان چوبێتەوە یان بەرچاوتان نەکەوتبێت چونکە ئەوکات نەبوو بە بابەتی ڕاگەیاندنەکان و سەرنجی نەخرایە سەر لە کاتێکدا لە هەر وڵاتێکی تر بوایە نەک تەنها حکومەت بەڵکو  کۆمپانیای وردبینییەکەش کێشەی گەورەی بۆ دروست دەبوو بەڵام لای ئێمە  بێدەنگی لێ دەکرێت!

کێشەکە چییە؟

هەروەک ئاشکرایە دیلۆیت کۆمپانیایەکی جیهانی وردبینییە وەکو لە ڕاپۆرتەکانیدا دەڵێت   وردبینی بۆ "بەرهەمهێنان، هەناردەکردن، بەکاربردن و داهاتەكانى نەوت" ی هەرێم دەکات.  پسپۆڕی ئەم ئەم کۆمپانیایە وردبینییە و بەشێک لەکارەکانی دۆزینەوەی هەڵەی ژمێریارییە گەر هەبێت و دەست نیشانکردنێتی. 
 دیلۆیت هەڵەی دۆزیوەتەوە؟

دیلۆیت بەردەوام لە هەر ٨  ڕاپۆرتەکەیدا کە بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت "هیچ بەیانێکی نادروستمان بەدینەکرد لە زانیارییەکانی هەناردەکردن وبەکاربردنی نەوت"و "هیچ بەیانێکی نادروستمان بەدینەکرد لە زانیارییەکانی فرۆشتنی نەوت و کۆی بڕی پارەی وەرگیراوی مانگانە".

دەکرێت بوترێت خەتای دیلۆیت چییە کەهەڵە نەبێت ئەگەر بە پۆینتیش بێت!  گریمان وایە کە وا نییە و لە بەشی دووەم دا ئەوەش دەسەلمێنین. بەڵام ئەی ئەگەر دیلۆیت خۆی هەڵەی حسابی کردبێت  پارەیەکی زۆری لە داهاتی نەوت ئەژمار نەکردبێت و  دیار نەمابێت چی؟   

دیلۆیت خۆی دەڵێت لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ دا هەرێم بەرمیلێک نەوتی لە(کانوونی دووەم دا بە ٤٩.٤٢٠ دۆلار  و شوبات بە ٣٨.٣٦٠ دۆلار و ئازار بە ١٢.٤٦٠ دۆلار) فرۆشتووە. تێکڕای ئەم نرخە دەکاتە ٣٣.٤١٣ دۆلار  بەڵام دیلۆیت لە ڕاپۆرتەکەدا نوسیویەتی  کە تێکڕای نرخ بریتییە لە ٣١.٥٩٦ دۆلار واتە بۆ هەر بەرمیلێک بڕی ١.٨١٧ دۆلاری کەمتر ئەژمار کردووە. ئەم جیاوازییە زۆر زۆرە و لە حساباتدا بەهیچ شێوەیەک قبوڵ کراو نییە.

 دەکرێت بەهۆی پۆینتەوە  جیاوازیەکی کەم هەبێت بۆ نمونە لە دوای پۆینتەوە  سێ ژمارە دانراوە و دەکرێت زیاتر بێت  بەڵام ئەم جیاوازییە لە خانەی هەزاران بەدواوەیە و چەند هەزار دۆلارێک بە زیاد یان کەم دەر دەچێت.

ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت دەڵێت کۆی فرۆشی نەوت لەڕێی بۆرییەوە لەو سێ مانگەدا بریتی بووە لە ٤٢٫٣٢٣٫٧٦٩ بەرمیل نەوت  و گەربێت و کۆی فرۆش جاران ( زەرب)ی جیاوازی نرخەکەی بکەین کە دیلۆیت حسابی نەکردووە ئەوا  بڕی ٧٦٫٩٠٢٫٢٨٨ دۆلار دەردەچێت  کە حساب نەکراوە نەهاتووەتە ناو داهاتی نەوت. ئەگەر  بێت و ئەو پۆینتانەشی لەگەڵدا ئەژمار بکەین کە لە دوای سێ هەم ژمارەوەیە ئەوا دەکاتە ٧٦٫٩١٦٫٣٩٦ دۆلار  واتە جیاوازییە کە بەزیادکردنی  ١٤٫١٠٧ دۆلارە نەک ملیۆنەها دۆلار کەم بکات!

کەواتە بۆمان دەردەکەوێت دیلۆیت نەک هەڵەی نەدۆزیوەتەوە بەڵکو خۆشی هەڵەی کردووە و بەهۆی ئەو هەڵەیەوە بڕی ٧٦ ملیۆن و ٩١٦هەزار دۆلار حساب نەکردووە لەداهانی نەوت! ئەم پارەیە بۆ کوێ و کێ ڕۆشتووە؟ پێویستی بەوەڵامە.
 چۆن ئەمە بەسەر دیلۆیتدا تێپەڕیوە؟ لە کاتێکدا دیلۆیت پسپۆڕی وردبینییە، وردبینیش بەشیکی هەرەزۆریی مامەڵەیە لەگەڵ ژمارەدا. ئامانجی وردبینی و چاوەڕوانی لە دیلۆیت  دۆزینەوەی  بۆشایی و هەڵەی ژمێریاری و  پارەی ونبووە ، نەوەک خۆیان هەڵەی ژمێریاری و حسابی بکەن و لە ئەنجامدا بڕێکی زۆر پارە ونببێت! یاخود ئەوەتا دیلۆیت زانیارییەکانی حکومەتی قۆپی و و پەیست کردووە.

دیلۆیت بەردەوام لە ڕاپۆرتەکانیدا دەڵێت "تەنها بەرانبەر ئەنجومەنی نەوت و گاز بەرپرسیارە و هیچ لایەنێکی تر ناتوانن پشت بەم ڕاپۆرتانەی ئەو ببەستن. دیلۆیت بەرپرسیار نییە لە بۆچوون یان خستنە ڕووی هەرنادروستی، کەم و کوڕی یان هەڵەیەک لە زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتەدا لە بەرامبەر هەر لایەنێکی سێیەم".  گەر چی ئەمە بۆ خۆ دزینەوەیە  لە بەرپرسیارێتی بەڵام ناو و ناوبانگی کۆمپانیاکە  لەکەدار دەکات و گومان لە ژمارەکانی دەکرێت و میسداقیەتی دەخرێتە ژێر پرسیارەوە.

دەپرسین ئەی ئەگەر هیچ لایەنێک بۆی نەبێت کەم و کوڕی و نادروستییەکانی بخاتە ڕوو، هەروەها دیلۆیت لەهەمو ڕاپۆرتەکانیدا یەک شت دوپاتبکاتەوە، هەموو زانیارییەکان تەواوە و کەس مافی پشت بەستنی بەم ڕاپۆرتانە نەبێت ئەی حکومەتی هەرێم بۆ بڵاویان دەکاتەوە؟!  

گەر دیلۆیت بەرپرس نییە بەرانبەر هیچ لایەک جگە لە ئەنجومەنی نەوت و گاز ، خۆ ئێوە لە ئەنجوومەنەکە بەرپرسن بەرانبەر خەڵک وپەرلەمان.

دیار نەمان و حساب نەکردنی زیاد لە ٧٦ ملیۆن دۆلار  بابەتێکە  دەبێت پەرلەمان و داواکاری گشتی و میدیاکان قسەی جدی لەسەر بکەن . ئەمە بیرکاریی و حساباتە هەڵە قبوڵ ناکات، گەر ڕوونکردنەوەی متمانە پێکەر و بێ پەردە نەبێت دەچێتە شاردنەوەی داهاتی گشتی و بەهەدەردانی ماڵی گشتی. جێی پرسیار نییە ئەم بابەتە بە قۆپیە حساب نەکرێت و ئاوڕی لێ نەدرێتەوە و قۆپپە ببێتە مانشێتی هەواڵەکان؟!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن