334وتار

داهاتی نەوتی هەرێم کەمیکردووە؟

3/12/2023 7:45:00 PM
یادگار سدیق گەڵاڵی


دوا بەدوای بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لە شوباتی ٢٠٢٢ دا بە نادەستوری دانانی یاسای نەوت و گازی هەرێم و ئەو ڕێو شوێن و فشارانەی بەغدا خستیە سەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وکۆمپانیا نەوتییەکان و زیندو کردنەوەی ئەو داوایەی دژی تورکیا لە دادگای ژوری بازرگانی پاریس وەزارەتی نەوت تۆماری کردبوو لە ساڵی ٢٠١٤ دا و هەڕەشەکردنی وەزارەتی نەوتی عێراق لە کڕیارانی نەوتی هەرێم بە گرتنە بەری رێوشوێنی یاسایی دژیان و ناو هێنانی نەوتی هەرێم بە نەوتی قاچاخ لە لایەک و لە لایەکی تر بە هۆی ئەو گەمارۆیانەی خراوەتە سەر سەکتەری وزەی روسیا بەهۆی جەنگی ئۆکرانیا، روسیا ناچار بوو نەوتەکەی بە داشکانێکی زۆر بفرۆشێت حکومەتی هەرێم ناچار بووە بەوەی کە داشکاندنی زیاتر بۆ نرخی نەوتەکەی بکات تاوەکو سەرنجی کڕیارەکانی ڕابکێشێت و لەدەستیان نەدات هەربۆیە هەرێمی کوردستان لە مانگی ٩ی ساڵی پارەوە بڕیاری دا کە میکانیزمی دیاری کردنی نرخی نەوتی بگۆڕێت، لە دیاری کردنی نرخ لە سەر بنەمای برێنت بۆ KBT .
وەکو کۆمپانیاکان دەڵێن " گۆڕانکارییەکە بەمەبەستی رەنگدانەوەی بارودۆخی ئێستای بازاڕە بۆ فرۆشی نەوت لە بەندەری جەیهان ".

بە میکانیزمەکەی پێشوو نەوتی هەرێم بە ١١ تا ١٢ دۆلار کەمتر لە برێنت دەفرۆشرا بەڵام بەم میکانیزمە تازەیە (تێکەڵەی نەوتی هەرێم KBT) بە تێکڕا نزیکە ١٩ دۆلار کەمتر دەفرۆشرێت. ئەمەش بووەتە هۆی کەمکردنی کۆی فرۆشی مانگانە نزیکەی ٨٤ ملیۆن دۆلار لەم بڕەش نزیکەی٤٠ ملیۆن دۆلاری پشکی حکومەتی هەرێمە.

نرخی نەوتیش بەراورد بەساڵی پار تێکڕا ٢٠ دۆلار نزمترە ئەمەش هۆیەکی ترە بۆ کەم بونەوەی داهات.
گەر تێکڕا فرۆش لە جەیهان ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بێت لە ڕۆژێکدا ( تێکرای بەرهەم نا) ئەوە مانگی ١٢ ملیۆن بەرمیل دەکات و جیاوازی نرخی نەوت نزیکەی ٢٤٠ ملیۆن دۆلار دەبێت بۆ هەر مانگێک و پشکی هەرێمیش لەم کەمکردنە زیاتر لە ١١٥ ملیۆن دۆلار.

واتە بە جیاوازی نرخی نەوت و جیاوازی داشکاندنەکە بەراورد بە ساڵی پار ئەم چەند مانگەی ئەمساڵ نزیکەی ١٥٥ ملیۆن دۆلار داهاتی نەوت بۆ هەرێم کەمی کردووە کە بڕێکی زۆرە .

پێشتر بەو نرخەبەرزەی نەوتەوە کە لە ساڵی ٢٠٢٢ دا بە تێکڕا لە سەر وو ١٠٠ دۆلار بووە دانی موچە ئاسان نەبوو ئێستا زۆر قورسترە بۆ حکومەت.

گەر چی نرخی جیهانی هێشتا لە سەروو ٨٠ دۆلاریشەوەیە و بەرزە بەڵام هەرێم نەیتوانیوە سود لەبەرزی نرخ وەربگرێت هۆکارەکانیش ئەوانەن کە لە سەرەوە باسکرا لە پاڵ خەرجی زۆری نەوت کە بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەم هێن و گواستنەوەی نەوت دەچێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن