862وتار

سەبارەت بە بڕیارەکانی ٥/٥/٢٠٢٠ی ئەنجومەنی وەزیران دوونووکە قەڵەم

5/7/2020 9:33:00 AM
یادگار سدیق گەڵاڵی

ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنی ٢٠٢٠/٥/٥ دا چەند بڕیارێکی دا کە خۆی لە پێنج تەوەردا دەبینەوە .
 ١- کەم کردنەوەی خەرجییەکان ( ٩ خاڵ).
 ٢- زیادکردنی داهات ( ١٥ خاڵ) ئەم دوو تەوەرە و  و تەوەری  پێنج  بەشێکە لە  هەمان بەرنامەی کاری حکومەت کە لە پەرلەمان  لە ١٠ تەموزی ٢٠١٩ پێشکەش کرا و متمانەی پێدرا  و ئێستا دوای ١٠ مانگ دەکرێتە بڕیار. 
 ٣- سوکردنی بارو گوزەرانی ئەوانەی بەهۆی کرۆناوە ژیانیان بەر کەوتووە.(٦خاڵ). 
 ٤- دەست پێکردن وەی دەوام (٤ خاڵ) ئەم خاڵە و خاڵی پێشو پەیوەستە بە کاریگەریەکانی و دەرهاویشتەکانی  ڤایرۆسی کۆرۆنا،
 ٥- لامەرکەزی ئیداری ( بەشێکە لە کارنامەی حکومەت) 
ئەم بڕیارانە هەنگاوی زۆر باشن بە ئاراستەی دروست، بەڵام وەکو هەمو کات عیبرەت بە جێبەجێکردنیەتی بەسەر هەمواندا بەبێ جیاوازی، چەند ڕۆژ و مانگی ئایندە سەنگی مەحەکن بۆ جێبەجێکردنیان.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە هەڵوێستەی لەسەر بکەم  دوو خاڵە لەو ١٥خاڵەی زیادکردنی داهات، ئەوانیش خاڵەکانی ٤و٦ ی بڕیارەکانن.
خاڵی ٤ - "پابەندکردنى کۆمپانیا ناوخۆییەکانى بوارى نەوت و گاز، کۆمپانیاکانى بوارى سکیوریتى و کۆمپانیاکانى بوارى پەیوەندى و ئینتەرنێت و پڕۆژەکانى نیشتەجێبوون بە پێدانى باج لە چوارچێوەى یاسا وڕێنماییەکاند".ا
ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە تائێستا یاسای باج تەنها بەسەر کۆمپانیا و نوسینگەو شوێنە بچوکەکان  جێبەجێ کراوە.ئەو کۆمپانیایانە هەموو ناوخۆیی و زەبەلاحن و کەسانی دەست ڕۆشتوی ئەم هەرێمە لەپشتیانە و تائێستا هیچ باجێکیان نەداوە. هاوڵاتی ئاسایی هیچ لێخۆشبونێکی باج نەیگرتووەتەوە. چاوەڕێشدەکرا  گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی سکیۆرێتی هەڵبوە شێنرێتەوە و ئەو ئەرکە بدرێت بە وەزارەتی ناوخۆ دڵنیام کادری تەواو و بەتوانایان بۆ ئەو ئەرکە هەیە ( لەکاتی کۆتایی هاتنی گرێبەستەکانیان بۆیان تازەنەکرێتەوە). .
  ئەم بڕیارە کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانی نەوت و کۆمپانیا دەرەکییەکان ناگرێتەوە. کۆمپانیاکانی نەوتی نێودەوڵەتی بەشێوەیەک لەباج بەخشراون کە بەپێی گرێبەستەکان دەڵێت "حکومەتی هەرێم لەبری کۆمپانیاکان باج دەدات". ئەگەر بیانەوێ باجیان لێوەر بگرن پێویستیان بە هەمواری یەک بەیەکی گرێبەستەکانی نەوت هەیە و کارێکی قورس و پێویستی بەکات دەبێت، بەڵام بۆ کۆمپانیا ناوخۆییەکان ئاسانترە بۆ حکومەت پێ دەچێت بە بڕیار لەباج بەخشیبێتنی و هەر بەبڕیاریش دەتوانێت بڕیارەکەی هەڵوەشێنێتەوە.  چاوەڕێین ئەم هەنگاوە تەنها قسەنەبێت و بچێتە بواری جێ بەجێ کردنەوە و یاسا نەکرێتە قوربانی ڕێنمایی ( ڕێنمایی ناکرێت و نابێت مخالەفەی یاسابێت) کە لەڕابوردودا کراوە..

خاڵی ٦- "سەپاندنى باج لەسەر هاوردەکردن و پاڵاوتنى بەرهەمە نەوتییەکان".
ئەم خاڵە سەلمێنەری ئەوەیە بەرهەمە نەوتییەکان لە بەنزین و دیزڵ و نەوت و غاز... هیچ باجێکیان تائێستا لە سەر نەبووە. چەند ساڵە پشت بەچی بەسراوە بۆ بەخشینیان لەباج؟ ئەگەر سەنەدی یاسایی نەبوبێت هەر بڕیارێک نابێت بە بریارێکی نایاسایی؟ ناچێتە بواری بەهەدەردانی ماڵی گشتی؟ کەسێک ماڵی گشتی بەهەدەر بدات بەپێی یاسا بەر پرس نییە لە وڵاتێکدا کە یاسا سەروەربێت و بەسەرهەمواندا وەکو یەک جێ بەجێ بکرێت؟. 

 سەبارەت بەهاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان. تەنها نرخی بەنزین بەنمونە وەر دەگرین و بەراوردی دەکەم بە نرخی بەنزین لە وڵاتێکی وەکو بەریتانیا کە ئاستی بژێوی زۆر بەرزترە بەراورد بە کوردستان. .
لە کوردستان تا پێش هەفتەیەک ١ لیتر بەنزینی نۆرماڵ  بە ٦٥٠  دینار بووە کە ئۆکتانی  ٩٢، لە بەریتانیا نزمترین جۆری بەنزین ئۆکتانی٩٥ واتە کوالیتی بەنزینی کوردستان نزمترە.  ئۆکتانی ٩٢ لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا گەر نەڵێم هەمووی هەر نییە. لەم ٦٥٠ دینارە بەپێی بڕیارەکە هیچ باجێک لە کۆمپانیا وە رناگیرێت. بەڵام لە بەریتانیا لە مانگی ئازارە وە نرخی لیترێک بەنزین ١ پاوەند و ٢ پێنسە کە دەکاتە ١ دۆلار و ٢٥ سەنت و دەکاتە  ١٫٥٤٣ دیناری عێراقی. کەوا سەیری دەکەین دەڵێین بەنزین لە بەریتانیا  دوبەرانبەری کوردستان زیاترە، بەڵام بابزانین لەبەریتانیا کۆمپانیا یان بەنزین خانە چەند باجی لێدەدات و چەندی بۆ دەمێنیتەوە..
 
وتمان لیترێک بە ١٫٥٤٣ دینارە لەم پارەیە  ٥٧,٩٥ پێنسی لێ دەدات بە باج بە حکومەت کە دەکاتە ٨٧٧ دینار و پاشان ٢٠٪ کۆی پارەی لیترەکە باجێکە پێی دەوترێت (ڤی تی ئەی) کە کڕیار دەیدات و دەچێت بۆ حکومەت و دەکاتە ٢٠،٤ پێنس و دەکاتە ٣٠٨ دینار  واتە بەیەکەوە ١,١٨٥ دینار بۆ حکومەت دەچێت، لە کۆی ١,٥٤٣ دیناری لیترێک بەنزین . ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ کڕینی بەنزین و قازانجی بەنزینخانە بریتییە لە ٢٣,٦٥ پێنس کە دەکاتە ٣٥٨ دیناری عێراقی ( قازانج و نرخی بەنزین، وەکو وتمان بەنزینێک کە ئۆکتانی  ٩٥بێت ) بەڵام لە  کوردستان ئۆکتانی ٩٢  بەبێ ئەوەی هیچ باج بدات بە حکومەت  بەنزینخانە لە هەرێم  دوو هێندەی بەنزینخانەیەکی  بەریتانیای دەست دەکەوێت.
بەهیواین لەکاتی دانانی باجدا نرخی بەرهەمە نەوتییەکان  لەسەر هاوڵاتی زیادنەکرێت بەڵکو لە قازانجی کۆمپانیاکان کەمبکرێتەوە.
سەبارەت بە پاڵاوتنی بەرهەمە نەوتییەکان بەپێی ڕاپۆرتی دیلۆیت کە لە ٣٠/٤/٢٠٢٠ دا دەرچووە  لە ساڵی ٢٠١٩ دا حکومەتی هەرێم بری زیاتر لە ١٨٦ ملیۆن دۆلارت داوە بە پاڵاوگەکان بۆ پاڵاوتنی نەوتی خاو بۆ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، بەدڵنیایی ئەوە بەشێکی کەمە لە پاڵاوتنی پاڵاوگەکان چونکە لە ئێستادا برێکی زۆر نەوت بۆ حکومەتی ناوەند دەپاڵێون کە بەپێی لێدوانی ئەندازیارانی پاڵاوگەی کەڵەکی کۆمپانیای کار رۆژانە ١١٠ هەزار بەرمیل دەپاڵێون جگە لە پاڵاوگەی بازیانی کۆمپانیای قەیوان. بەوەرگرتنی باج لەسەر داهاتیان بڕێکی  باش داهات  کۆ دەکرێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت. بۆیە چاوڕیی دەرەنجامی بڕیارەکانین.  

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن