سەلامەتی کار و ڕووداوەکەی کەورگۆس
12/24/2020 9:49:00 PM
یادگار سدیق گەڵاڵی
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٠٢٠/١٢/٢٤ لە پاڵاوگەی
کەورگۆسک سەر بە گروپی کۆمپانیاکانی کار بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە لە بەشێکی پاڵاوگەکە
بەداخەوە ٣ کەس گیانی لەدەست داوە و ٢ کەسیش بریندارە.
دەوترێت لە کاتی لەحیمکردنی یەکێک لە کۆگاکانی
یەکەی چواری پاڵاوگەکە ئاگرەکە کەوتووەتەوە.
ئەمە یەکەم ڕوداو نییە بەڵکو لە ڕابوردوشدا
ڕووداوی هاوشێوە ڕویداوە و بەداخەوە ئەم کارەساتانە بەردەوام دووبارە دەبنەوە، کە
زیانی گیانی و مادی بەدواوەیە، ھۆکارەکەش، پشتگوێخستنی مەرجەکانی سەلامەتیە.
نەبوونی کەسی ڕاهێندراوی تەواو و خاوەن
بڕوانامهی سەلامەتی وپشتگوێخستنی ئەو بەشە هۆکاری ڕووداو گەلێکی وان، ئەویش لە ئەنجامی
گەندەڵی تا سەرئێسقان لە کۆمپانیاکان و مەنسوبیەت و مەحسوبیەت لە دامەزراندن و واسیتە
و واسیتەکاری و پشتگوێ خستنی کردنەوەی خولی تایبەت بۆ ئەو بوارە گرنگە.
کاتێک واسیتەیەک دەکرێت کەسێک لە کۆمپانیا
نەوتییەکان دابمەزرێت دەوترێت لە بەشی سەلامەتی جێگایەکی بۆ بدۆزنەوە! ئەوەیە کارەسات...
نەزانین و بێ ئاگایی و ڕەچاو نەکردنی سەلامەتی
کار، تەنها مەترسی بۆ ئەو کرێکارە دروست ناکات، بەڵکو دەبێتە مەترسی بۆ هاوکارەکانی
و تەنانەت بۆ ناوچەکەش.
ئەوە کاری کۆمپانیایە کە خولی ڕاهێنانی
بەردەوام بکاتەوە و کاری چاودێری ناوخۆیی کۆمپانیایە کە بەوردی و بەشێوەیەکی بەردەوام
چاودێری ڕێکارەکانی سەلامەتی بکات. ڕەچاوکردنی سەلامەتی کار، کارێکی بەردەوامە سەلامەتی
و تەندروستی( ئێچ ئێس ئی) دەبێت بەشێکی گرنگ لە کۆمپانیاکان و بەتایبەت کۆمپانیاکانی وزە پێک بهێنێت.
درووستکردنی کەشێکی لەبار و سەلامەتی
کارکردن لەئەستۆی خاوەن کار و ئەولایەنەیە کە کارمەند و کرێکار کاری لادەکات.
دەبێت سەندیکا تایبەتمەندەکانیش بەردەوام لەسەر
خەت بن و فشار لە خاوەن کارەکان بکەن بۆ دروستکردنی ئەو دۆخە تەندروستە و چاودێربن
پارێزگاری لەماف و ژیانی کرێکاران بکەن.
پاڵاوگەکان یەکێکە لەو شوێنانەی کە دەبێت
بەبەردەوام ڕێکارە سەلامەتیەکان لە ئاستێکی زۆر بەرزدا ڕەچاو بکرێت بۆ ڕێگری کردن
لەهەر ڕووداوێکی نەخوازراو، بۆیە زۆر گرنگە لێکۆڵینەوەکان زۆر وورد بێت بۆ دۆزینەوەی
هۆکارەکان.
زۆرجار هۆکارەکان مرۆیین، ڕێکارەکانی سەلامەتی
دەبێت بەبەردەوامی پەیڕەو بکرێت و هەندێک جار کەلتوری گوێنەدان بە هەندێ ڕۆتین لای
کارمەند یان بەشەکان دروست دەبێت کە وادەزانرێت پێویست نییە و لە ئەنجامدا کارەساتی
لێدەکەوێتەوە.
لێرەدا لێکۆڵینەوە لە هۆکاری
ڕووداوەکە زۆر بە گرنگ دەزانین بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکان، هەر لێرەوە داوا دەکەین
کە لێژنەیەکی تایبەت و بێلایەن هەستن بە لێکۆڵینەوە لە هۆكاری ڕوودانی ئەو کارەساتەی
ئەمڕۆ و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا بکرێت بۆ ڕای گشتی. دەبێت پاڵاوگەکە هاوکاربێت و کار
ئاسانی بکات بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی هۆکارەکان تاوەکو دووبارە نەبێتەوە.
ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکان
لە جیهاندا لە سێکتەری نەوت و سەکتەرەکانی تردا، مرۆیین و گەر هەندێ رێوشوێن بگیرایەتە
بەر ڕێگر دەبون لە ڕودانیان. بۆیە زۆر گرنگە کە گرنگی تەواو بە سەلامەتی کار بدرێت
و ئەو بۆشاییانەی لەو بوارەدا هەیە بە زووترین کات پڕبکرێنەوە.
کەلتوری سەلامەتی( سەیفتی کەڵچەر) بابەتێکی
زۆر گرنگە نابێت بەهیچ شێوەیەک چاوپۆشی لێبکرێت.
کۆمپانیاکان بەتایبەت تر کۆمپانیاکانی وزە دەبێت
پابەندبکرێن بەپێوەرەکانی سەلامەتییە و بەشێوەیەکی بەردەوام پشکنین بۆ ئاستی پابەندبوونیان
بکرێت و ڕوبەڕوی لێپرسینەوە ببن لەکاتی سەرپێچی دا.