ئایا سعودیە ئەمریکای ناچاربە دانوستان کرد؟
3/21/2020 11:26:00 AM
یادگار سدیق گەڵاڵی
دوای ئەوەی عەرەبستانی سعودیە لە بەرواری ٦/٣/٢٠٢٠ وە بڕیاری هەڵگیرسانی جەنگی نرخی نەتی دا بەکردەیی لافاوی نەوتی بەردایە بازاری جیهان وکو تۆڵەیەک دوای ئەوەی لەگەڵ روسیا نەگەشتنە ڕیکەوتن و یەکتریان سەرپشک کرد لە ئاستی بەرهەم هێنان ، نرخی نەوت بۆ چەند جارێک گەشتە ٢٠$ وتەنانەت نەوتی تەکساس بۆ ١٩$ دابەزی . ئازارەکە تەنها روسیای نەگرتەوە بەڵکو ئەمەریکاش ئازاری باشی پێگەشت .
لێکدانەوەکان و هەڵسەنگاندنەکان بەو ئاڕاستەیەبوون کە ئەم هەنگاوەی سعودییە بەدەست لەپشتدانی ئەمەریکا و بەتایبەت سەرۆک ترەمپ ئەنجام دەدرێت لەم کاتەدا و لەسەرو بەندی هەڵبزاردنەکانی ئەمەریکادا، بۆ سود وەرگرتنی و قۆزتنەوەی هەل و زیادکردنی جەماوەر .ئەگەر چی چەند ساڵە ئەمەریکا داوا لە سعودیە دەکات کەبەرهەم کەم نەکاتەوە بۆ ئەوەی نرخی نەوت زۆر بەرز نەبێتەوە ( ئەمەریکا هەروەک گەورەترین بەرهەمهێنی نەوتە لەجیهاندا لە هەمان کاتدا گەورەترین بەکاربەریشە)، بەڵام سعودیە لە گرفتی داراییدا بوو وەڵامی بۆ ئەمەریکا کەمکردنەوەی بەرهەم بوو بە هاوکاری روسیا و تارادەیەکی باش توانیان جۆرێک لە هاوسەنگی بۆ بازار بگەڕیننەوە و نرخ بەرز بکەنەوە. بەڵام لەبەرانبەر هەر کەمکردنێکی نەوت لەلایەن سعودیەو رۆسیا یان ئۆپیک پلەسەوە بەزیادکردنی نەوتی بەردینی ئەمریکا جێگای پڕدەکرایەوە تا گەشتە ئەورادەیەی ئەمەریکا بەرهەمی ١٢ ملیۆن بەرمیلی تێپەراند و پلەی یەکەمی گرت و پێشی سعودیەو روسیای دایەوە. روسیا هیچکات نیگەرانییەکانی نەشاردووەتەوە بەڵام ناچاربوو بۆ پڕکردنەوەی کورت هێنانی بوجەی هاوکاربێت.
پاش ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنگی بە ئابوری جیهان هەڵچنیوە پاشەکشەیەکی تیژ هەیە لەئابوری وڵاتان دەرەنجام خواست لەسەر نرخ زۆر کەمە و نرخ لە لە بیستکاندا گیرساوەتەوە. ئێستا دوای ئەو هەنگاوەی سعودییە بە غەرقکردنی بازاڕ و داشکاندنی باشیش بۆ کریارەکانی، تەنها روسیا نییە کە گورزی گەورەی بەرکەوتووە بەڵکو نەوتی ئەمەریکاش تێچوی زۆرە و ناتوانن بەونرخە نزمە بەردەوامبن لە بەرهەم هێنان، ترسی مایە پوچ بوونی زۆر کۆمپانیا دەکرێت وە لە ئەنجامدا لەدەستدانی هەلی کارێکی زۆریش. پێدەچێت ئەمەریکا ویستبێتی نرخ دابەزێت بەڵام بەوڕادەیە نا چونکە ترەمپ ئەگەر لەکورت مەودا دا سودمەند بێت لە نزمی نرخ، لە دورمەودادا ئابوری ئەمەریکا زەرەری گەورەدەکات لە لایەکی تر چین لەهەرە سودمەندەکانی ئەم نرخ نزمییە دەبێت، لە مانگی کانونی دووە م و شوباتدا ئاستی هاوردەی نەوتی چین زیاد لە ١٠ ملیۆن بەرمیل بووە لە رۆژێکدا کە لە ئەمەریکا زیاترە .
دوو رۆژلەمەوپێش سەرۆک ترەمپ رایگەیاند کە ئێمە بەدوای زەمینەیەکی هاوبەشدا دەگەڕێین بۆ ناوەند گیری ئەو شەرەی لە نێوان سعودیە و روسیادا هەیە، چاوەرێی هەلی گونجاودەکەین.
ئیدارەی ترەمپ بەنیازە وەفدێکی وزە بنێرێتە سعودیە بۆ وتوێژ لەگەڵ سعودیە و هاوکاری کردنیان تاوەکو وەکو دەڵێن هاوسەنگی بۆ بازاڕ بگەڕێننەوە( نرخ بەرزبکەنەوە) وە بۆ چەند مانگێک لەوێ دەبن.
ئەمەریکا بەنیازە وتوێژ و دانوستان بکات تاوکو رێک بکەوێت لەگەڵ ئۆپیک بۆ ئەوەی بەرهەمی نەوتی تەکساس کەم بکاتەوە لە ئاکمدا لەگەڵ روسیا و ئۆپیک هاوکاربن ، گەر ئەم هەنگاوە سەر بگرێت ئەوا لەساڵی ١٩٧٠ وە ئەمە یەکەمجارە ئەمەریکا بەرهەم کەمبکاتەوە. ئەم راو پێشنیارە بەبێ بەرهەڵستی تێناپەڕیت لەناو سەکتەری وزەی ئەمەریکادا، بەرهەڵستکاران پێیان وایە کەمکردنەوەی بەرهەم هیچ کاریگەری نابیت لە سەر نرخ، بەڵام رایان ستوارت کۆمیسیاری هێڵی ئاسنی تەکساس کە رێکخەری نەوت و گازی ولایەتەکەیە هیوای وایە سەرۆک ترامپ بتوانێت باوەڕ بە سعودیەو روسیا بێنێت لەگەڵ ئەمەریکادا وەکو یەک بەرهەم کەم بکەنەوە.بەمانایەکی تر ڕیکەوتنی سعودیە روسیا ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی بەرهەم.
پێشتر دەوترا ترمپ دابەزینی نرخی نەوت دەقۆزێتەوە بۆ سودوەرگرتن لێی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێستا بەم هەنگاوەی گەرسەربگرێت سەرکەوتنێکی تری دبلۆماسی دەبێت و دەبێتە رزگارکەری پیشەسازی نەوتی بەردینی ئەمەریکا ودەیپارێزێت لە داڕمان و دەستکەوتێکی تری هەڵبژاردنەکان دەبێت.
گەروابڕوات ئایا خاڵەکە بۆ سعودیە دەنوسرێت بەوەی ئەمەریکای ناچار کردووە بە دانوستاندن و پێشتریش روسیا ئامادەی دانیشتن بوو،؟ یا بۆ ئەمەریکا؟
کاریگەری ئەم شەڕە لەسەر هەرێم؟
نرخی نەوت کاتی دەوێت بۆ ئەوەی ببوژێتەوە و بازاڕ ئەو لافاوەی نەوت هەڵمژێت و بە هێواشی نرخی لەدەستچووی بۆ بگەڕێتەوە ئەمەش بە تێپەڕاندنی ڤایرۆسی کۆرۆناو بوژانەوەی ئابوری جیهان دەبێت
ئەو و ڵاتانەی پشتیان بە نەوت بەستووە وەک سەرچاوەی داهات زەرەرمەندی سەرەکین لەم شەڕە بەتایبەت وڵاتە بچوکەکان.
هەرێمیش وەک کیانێکی بچوک لەم نێوەندەدا کە پشتی بەداهاتی نەوت بەستووە کەوتووەتە ژێر چەپۆکی ئەو شەڕەوە لەهەمانکاتدا بەهۆی باری نائاسایی ڤایرۆسی کرۆناوە سنورەکان تا رادایەک داخراوە و داهاتی ناوخۆش زۆر کەمی کردووە.
لە کاتێکدا نرخی برێنت لە ٢٠$ بۆ ٢٥$ و نەوتی هەرێم بە ١٠$ کەمتر لەوە دەفرۆشرێت و زیاد لەنیوەی داهاتی بۆ شایستەی کۆپانیاکان و قەرز دەچێت، بەمانایەکی تر هەرێم زیادتر لە ٦٥% داهاتی نەوتی کەمدەکات بە بەراورد بە مانگی پێشو، ئەوکات دەزانین حکومەت لەچ قەیرانێکی داهاتدایە. لەم کاتەدا تەنها رێگەی خێرا بەڵام مەترسیدار کە هەرێم لەبەردەستیەتی بۆ ئەوەی بتوانێ موچەی فەرمانبەران بدات ئەوەیە کە وتووێژ لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و خاوەن قەزەکانی بکات تاوکو شایستەی کۆمپانیاکان بەشێوەیەکی کاتی بوەستێنێت. ئەم هەنگاوە دوو مەترسی هەیە:
یەکەم؛ جارێکی تر هەرێم قەرزەکانی لەسەر زیاد و کەڵەکە دەبێت، بەتایبەت ئێستا نازانرێت چەندە ئەم بارودۆخە درێژە دەکێشێت، بۆنمونە کاتێک نرخی نەوت لە ٢٠١٥ دا دابەزی و لە ٢٠١٦ گەشتە نزمترین ئاست بەڵام لە نرخی ئێستا بەرزتربوو، لەکاتێکدا ئەوکات زیانی گەورە و مەترسی وا لەسەر ئابووری جیهان نەبوو، چەند ساڵی ویست تا نرخ بەرز بویەوە. لەئەنجامدا هەرێم پەنای بۆ فرۆشتنی پشکە کانی برد لەپێناو دانەوەی قەرزەکانی ئەمەمان بینی لەساڵی ٢٠١٧ رویدا حکومەتی هەرێم وازی لە هەندێ مافی خۆی هێنا بۆهەردووکۆمپانیای دی ئێن ئۆ و گەنێڵ ئەنەرجی لەبری قەرزەکەڵەکە بووەکان.ئەمە چگە لەوەی گەرزەکانی تر گەر سودیان نەچێتەسەریش وەکوخۆیان ماون.
مەترسی دووەم کۆمپانیاکان سەرمایە گوزارییەکانیان کەم دەکەنەوە ناتوانن سەرمایە گوزاری و ئاستی بەرهەم زیادبکەن ،ئەمەمان بینی لەکاتی قەیرانی ساڵانی رابوردودا.
بۆیە هەرچەندهەرێم دەڵێت دەست بۆ پاشەکەوت کردنەوەی موچە نابەین بەڵام ئاستەنگەکانی بەردەمی رێگرن لەوەی بتوانێت لەکاتی خۆیدا موچەبدات.
رێگا چارەی تر هەیە و پێشتر و چەند ساڵە پێشنیار کراوە بۆ حکومەت هەر لە دروستکردنی سندوقی داهاتە نەوتییەکان و درستکردنی ئەوکۆمپانیاینەی لەیاسای نەوت و گازدا هاتووە و چاکسازی لە بەڕێوەبردنی سێکتەری نەوت بۆ بەرگرتن لەو نەزیفە مالیەی لە خراپ بەرێوەبردندا بەناوی جیا هەیە. تا کو دەگا بە برەودان بەکەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و سامانی سروشتی تر و جاکسازی لە دەروازە سنوریەکان و رێگری لە بە قاچاخ بردنی نەوت و بەرهەمی تر لە سنورەکان نەهێشتنی بندیوار... ئەم رێکارانە لەچەند ساڵی رابردودا دەستی بۆ نەبراوە ئێستا لەم کاتەیا و بەم دەستو بردە هیچ ئەنجامێکی وای نابێت بۆیە لەم نوسینەمدا درێژەم پێنەدا،لەگەڵ ئەوەشدا چ زووتر دەست بەوچاکسازیانە بکرێت هێشتا درەنگە.
*ماستەر لە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز و شارەزا لە گرێبەستە نەوتییەکان