8ی مارس ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، لە ڕوانگەیەکی نوێ و جیاوازەوە
3/8/2023 9:21:00 AM
بەهرە محەمەد
چۆن 8ی
مارس دەستنیشان کرا ؟
یەکەم کۆنگرەی جیهانیی ئافرەتە سۆشیالیستەکان لە ساڵی 1907 لە شاری
شتوتگارد/ئەڵمانیا بەسترا.لەو کۆنگرەیەدا ( کلارا تێستکین) بووە ئەندامی دەستەی
سکرتارییەتی ئافرەتان، کە ژنێکی زۆر چالاکی ئەڵمانیا بوو. کلارا ڕۆژنامەیێکی تایبەتیی
بۆ کاروباری ژنان دەردەکرد بەناوی ( گلایشهایت ) کە بە زمانی ئەڵمانیی واتا ( یەکسانیی)
.
ئەو گۆڤارەی کە
خۆی دەریدەکرد کردییە ئۆرگانی ڕێکخراوەکە .
دوەم کۆنگرەی ئافرەتان
لە دانیمارك بەسترا. یەکێك لە بڕیارە گرنگەکانی کۆنگرە ئەوە بوو کە ڕۆژی 8 ی مارسی
دەستنیشان کرد بۆ ڕۆژی جیهانیی ژنان ، چونکە تا ساڵی 1914 ئافرەتانی هەر وڵاتێك لە
یەکێك لە ڕۆژەکانی مارس یادی ڕۆژی ئافرەتانیان دەکردەوە، بەڵام بەڕێکەوت لەو ساڵەدا
وڵاتانی ئەمریکا، ڕوسیا، نەمسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، هەنگاریا و سویسرا لە هەمان ڕۆژ
یادەکەیان کردبۆوە. کاتی خۆیشی خۆپیشاندانێکی گەورە لەو ڕۆژەدا ڕووی دابوو کە لە
خوارەوە بە کورتیی باسی دەکەم.
مێژووی خەباتی ژنان دوورو درێژە ، بەڵام ساڵی 1856 گەیشتە ترۆپکی. لەو ساڵەدا
خۆپیشاندانێکی گشتیی ئافرەتان دژی نایەکسانی و زوڵموزۆر لە نیویۆرك کرا.پۆلیس زۆر
دڕندانە سەرکوتی کردن. لە 1908/03/08 واتا پاش 52 ساڵ و هەر لە نیویۆرك خۆپیشاندانێکی
دیکەی ژنان کرا. خۆشبەختانە ئەمجارە بەس ژنانی هەژار و چەوساوەو ڕەنجدەر نەبوون ،
بەڵکو بەشێك لە ژنانی چینی مامناوەندیش هاوپشتیان بوون. ژنان بە شێوەیێکی نوێ هاتنە سەر شەقامەکان ، هەر
ئافرەتەو پارچەنانێکی وشك و دەستەیێك گوڵی هەڵگرت بوو. ئەمجارەیان داواکارییەکانیان
زۆرتر بوو لە خۆپیشاندانەکانی پێشوو. هەر داوای ( یەکسانیی ) نەبوو ،بەڵکو : کەم
کردنەوەی سەعاتی کار و مافی هەڵبژاردن ..هتد.
تێکۆشانی
ئافرەتان بەردەوام بوو تا ئەوەی ئیتر لە زۆربەی
هەرە زۆری وڵاتان ئەو ڕۆژە 8 ی مارس دەکرایە ڕۆژی پشووی فەرمیی بۆ ئافرەتان و زۆربەی
ڕێکخراوە جیهانییەکان بەتایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دانیان بەو ڕۆژەدا
ناوە. هەر لە لایەن ئەو ڕێکخراوەوە چەندین یاسای جۆراوجۆر بۆ پشتگیریی ئافرەتان دەرچوە.
وێڕای
سووربوونی ئافرەتان خۆیان لەسەر داوای مافەکانیان
، بەشێکی بەرچاوی پیاوانی مافخواز، ڕێکخراوەکان، دامودەزگا جیهانییەکان پشتگیریی خەباتی
ڕەوای ئافرەتانیان کردووە.
وێڕای سوپاس و پێزانینی
ئەو هاوکاریی و یارمەتییانە ، ئیتر ئەو قۆناغە تەواو کە ژنان بێ پیاوان هیچیان پێ
نەکرێ و هەر چاویان لە هاوکاریی و کۆمەکی ئەوان بێ . ئێستا ژنان بە گشتیی و هی
کورد بەتایبەتیی و باکوور و ڕۆژئاوای
کوردستان تایبەتتر خۆیان سەرکردایەتیی و سەرپەرشتیی بەرخۆدان و خەباتی ڕەوای گەلەکەمان
دەکەن . داستانەکانی کۆبانی و عەفرین. شەنگاڵ و شەڕناخ و قەندیل بە دەستومەچەکی
کچان و ژنانی کورد تۆمار کراون.
لە
داستانی کۆبانی ، ژنانی کورد هاوشانی پیاوان نەبوون ،بەڵکو بەرپرس و سەرکردەشيان
بوون.
ژن، ژیان، ئازادی
وا بۆ
5 مانگ دەچێ ئەو دروشمە بووەتە سیمبوڵێکی جیهانیی. ئەوە خوێنی ژینا-ی منی کوردە
بووەتە بەنزین و داگیرکەر دەسووتێنێ ، ئەوە قژی ژینای منە بۆتە مار و لە ملی داگیرکەر
دەئاڵێ و دەیخنکێنێ ...ژن ، ژیان ، ئازادی داهێنانی منی ژنە ..
ئەم سەدەیە هی ئێمەیەو هی ئێمەیە...