شێروان شێروانی چوار ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە
02:34 - 25/04/2026
زەمەن_هەواڵ
ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی چوار ڕۆژە لە زیندانی چاکسازی گەورانی هەولێر مانی لە خواردن گرتووە و ئیدارەی زیندانەکە داواکارییەکانی ڕەتدەکاتەوە و هیچ لایەنێکی پەیوەندیداریش بەدەم داواکارییەکانییەوە نەچوو.
شێروان شێروانی لە ٢٢ـی ئەم مانگە دەستی بە مانگرتن کردووە، ئەوەش دوای ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانی بوو کە بە نووسراوی فەرمی داوای کردبوو ئازادکردنی بە مەرجی بۆ جێبەجێ بکرێت و ڕێگەی پێ بدرێت هەفتانە لە ژێر چاودێری پۆلیسدا بگەڕێتەوە ماڵەوە و کۆتایی هەفتە بچێتەوە زیندان، بەڵام ئەو داواکارییەی ڕەتکرایەوە.
هاوکات، یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی شێروانی ئەوە بووە کە وەک مافی ئازادابوونی مەرجداری پێنادرێت با بیگوازنەوە بۆ زیندانی چاکسازی گەورانی سلێمانی و لەوێ ماوەی سزاکەی تەواو بکات، بەڵام ئەو داواکارییەشی ڕەتکراوەتەوە.
ئەو رۆژنامەنووسە لەبەرامبەر ڕەتکردنەوەی ئەو داواکارییانەی دەستی بە مانگرتن کردووە و ئەمڕۆ چوار ڕۆژە بەردەوامە، هەرچەندە چەند بەڵێنێکی زارەکی پێدراوە لەبەرامبەر شکاندنی مانگرتنەکەی، بەڵام ئەو جەختیکردوەتەوە، ئەو بەفەرمی و بە نووسراوی فەرمی دەیەوێت ئەو مافانەی بۆ جێبەجێ بکرێت ئینجا مانگرتنەکەی دەشکێنێت.
شێروان شێروانی لە حەوتی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٠ لەگەڵ ژمارەیەك ڕۆژنامەوان و چالاكوانێكی بادینان دەستگیركرا، پاش چەند مانگێك لە دەستگیركردنیان، دادگای تاوانی هەولێر ڕۆژی ١٦ی شوباتی ٢٠٢١ بە تۆمەتی “تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی”، هەریەك لە شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گوهدار محەمەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بەشەش ساڵ زیندانی بۆ هەریەكەیان سزادا، سەرجەمیان ئازادکراون جگە لە شێروان شێروانی و قارەمان شوکری.