لەبەرداشی دوو بژاردەی خراپدا
2/22/2023 8:19:00 PM
ستەم کامیل
بڵاوبونەوەی ئەنجامی ڕاپرسیەکەی ڕۆژنامەی "الصباح" ی زمانحاڵی
حکومەتی عێراقی، سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی
هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی دەسەڵاتەکانی بۆ سەر حکومەتی فیدڕاڵی، مشتومڕ و
جەدەلێکی زۆری دروست کردوە. گفتوگۆکە بەگشتی لە نێوان دو کەمپی دژ بەیەکدایە.
کەمپی یەکەم، حکومەتی هەرێم و زۆرینەی دەسەڵاتدارانە، کە بە پاساوی "گوتاری
شەهیدان" و "ستەمکاری دەوڵەتی عێراق" وەڵامی ڕاپرسیەکەیان دایەوە،
کەمپی دوەمیش، وەک پەرچەکرداری حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانی، خۆشحاڵ و پشتگیری
ڕادیکاڵی ئەنجامی ڕاپرسیەکە ئەکەن و تەرویج بە گوتاری گەڕانەوەی دەسەڵاتەکان بۆ
ناوەند ئەکەن. گرفتی سەرەکی ئەم دو کەمپە ئەوەیە کە هەر دوکیان هەمان هەڵە ئەکەن،
هەر دوکیان هاوڵاتیان ئەخەنە ناو بەرداشی دو بژاردەی خراپەوە و بە سەختی بەرگری لێ
ئەکەن. ڕەخنەی سەرەکی لەم گفتوگۆیە ئەوەیە کە بۆ ئەبێت ئازادی هەڵبژاردن و ئازادی
بیرکردنەوە لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان زەوتبکرێت و تەنها دو بژاردەی خراپیان لەبەردەستا بێت بۆ
بڕیاردان؟ بۆ ئەبێت هاوڵاتیەک سەرپشک بکرێت لە نێوان بژاردەی ڕازیبون و قبوڵکردنی
حوکمڕانی هەرێم یاخود گەڕانەوەی دەسەڵاتەکان بۆ سەر حکومەتی فیدڕاڵی؟ لەم
نوسینەدا، ئێمە ڕامان وایە بژاردەی سێهەم ئەبێت وەک خاڵی دەرچون بێت لەم گفتوگۆ
ڕەش و سپیە، وەک بەدیلی ئەم دو بەرداشە خراپە.
بەرداشی یەکەم: قبوڵکردنی واقیعی پڕ لە نادادی لە هەرێـم
دەنگدانی زۆرینەی خەڵک لە ڕاپرسیەکەدا بە هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان
بەمانای ئەوە دێت کە هاوڵاتیانی هەرێم ناڕەزای و نا ئومێدیەکی زۆریان لە شێوازی بەڕێوەبردنی ژیانی گشتی، لە نا دادپەرورری ئابوری و سیاسی، لە
بەداشکردنی نایەکسانی سامانی گشتی، لە شێوازی ئیدارەدانی دامودەزگا گشتیەکان، لە
نەبونی لایەنی کەمی خزمەتگوزاریەکان هەیە. تاکی کورد، لەم سی ساڵەی ڕابردودا، زۆر
شێوازی دەربڕینی ناڕەزایەتی تاقیکردۆتەوە. تا ناڕەزایی و ڕەخنەکانیش زۆرتر بن،
دەسەڵات بێباکانەتر مامەڵەی لەگەڵدا ئەکات. چەندین شێوازی جیاوازی بەخۆیەوە
بینیەوە. سەرەتا، هەر ڕەخنەی ڕۆژنامەوانی و میدیایەوە بیگرە، تا دروستبونی
ئۆپۆزسیۆن و پاشان بۆ هاتنەسەر شەقامی خەڵک لە ١٧ ی شوباتی ٢٠١١، بەرەو سەرهەڵدانی دیاردەی بایکۆت لە هەڵبژاردنەکانی
ئەم چەند ساڵەی دوایدا. ڕێژەی بەرزی بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکانی ئەم
دواییانەدا، زەنگێکی ئێجگار مەترسیداربو بۆ گوێی کاستی سیاسی لە هەرێمی کوردستان. بێدەنگی
و بەشدارینەکردنی سیاسی ئاستێکی مەترسیداری دەربڕینی ناڕەزایەتیە کە بەردەوام
دەسەڵاتە بێباکەکان لە پەیامە قوڵ و شاراوەکانی تێناگەن. دەسەڵاتی کوردی تەنها لە
دەنگەدەنگ و خۆپیشاندان ئەترسێت، لە کاتێکدا مەترسیە گەورەکە لە بێدەنگی و نا
ئومێدی خەڵکدایە. لە بێدەنگی و بایکۆتدا، خەڵک بە تەواوی کۆی ئەو ڕێسا و یاسایانەی
یاریەکە ڕەتدەکاتەوە کە دەسەڵاتداران یاری لەسەر ئەکەن و وەک کەرەستەی
بەردەوامیدان بە مانەوەی خۆیان بەکاری ئەهێنن. بێدەنگی و نائومێدبونی خەڵک هەرگیز
بەمانای قبوڵکردنی واقیعی نایەت، بەڵکو
ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستیەی کە مافی هەڵبژردن و گۆڕانکاری لە خەڵک زەوت کراوە.
بەرداشی دوەم: ڕادەستکردنی دەسەڵاتەکان بە حکومەتی ناوەند
لە پەرچەکرداری شێوازی خراپی ئیدارەدانی ئێستای هەرێمی کوردستاندا، بە
هاندان و لە پەرچەکرداری سیاسیدا، بینینی گەڕانەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان
بۆ حکومەتی فیدڕاڵی وەک بەدیلێک، بەرەو هەڵکشان و پشتگیری زیاتری کۆمەڵایەتی
ئەچێت. کێشەی سەرەکی ئەم تێگەشتنە ئەوەیە ڕادەستکردنی ئەم دەسەڵاتانە بە بەغداد،
چارەسەر نیە، بەڵکو ئەنجامدانی هەڵەیەکە لە پەرچەکرداری هەڵەی یەکەمدا. بەمانایەکی
تر، شێوازی ئیدارەدان و حوکمڕانی لە بەغداد زۆر هاوشێوەی ئیدارەدانی حکومرانیە لە
هەرێمی کوردستان. کێشەی نەبونی سەروەری یاسا، کێشەی نە پاراستنی کەرامەتی تاکی
عێراقی، پشک پشکێنەی حزبی و تائیفی، دابەشکردنی نا یەکسانی داهات و دەرفەتەکان،
لاوازی و خراپی ئاستی خزمەتگوزاریەکان، کێشەی پارێزراو نەبونی مافی ژیانی ئینسانی
عێراقی بەرامبەر گروپە چەکدار و بەهێزەکانی تر، کێشەی بێکاری گەنجان،
سەربەخۆنەبونی دامودەزگاکان لە تەداخولاتی حزبی و دەرەکی، وەک هەرێمی کوردستانە بە
ئاڵۆزی زیاترەوە. ئەو دیدگایەی کە ڕای وایە چارەسەرەکە ئەوەیە کە لە ژێر سایەی
حوکمڕانیەکی خراپەوە ڕابکەین بۆ ژێر سایەی حوکمڕانیەکی تری خراپ. هەمیشە ئەبێت
بژاردەی بەدیل و جێگرەوە، بژاردەیەکی باشتر بێت بۆ خەڵک، نەک لە خراپێکەوە بۆ
خراپێکی تر بگوێزینەوە.
ڕێگا ڕاستەکە، ڕێگا قورسەکەیە
بیرکردنەوەی دروست لێرەدا ئەوەیە کە هاوڵاتییانی هەرێم لە یەککاتدا پێویستە
دو "نا" ی گەورە بدات بە هەر دو تێگەشتنەکە. "نا" ی یەکەم پێویستە
بۆ کەمپی کاستی سیاسی باڵا دەستی هەرێمی کوردستان بێت، کە پێیان وایە هاوڵاتیان ئەبێت
واقیعی هەرێمی کوردستان بە ڕەهایی قبوڵ بکەن و ڕازی بن بە ژیانێکی کەم و دەیان
شێوازی نا دادی، "نا" ی دوەمیش پێویستە بۆ ئەو پەرچەکردارە بێت کە بۆ
هەڵهاتن لە دۆزینەویە چارەسەرێکی دروست و ڕاستەقینە، دەیەوێت دەسەڵاتەکانی هەرێم
بدات بە مۆدێلێکی خراپ و شکستخواردی هاوشێوەی هەرێم. بە مانایەکی تر، چارەسەری
ڕاستەقینە ئەوەیە کە هاوڵاتی نە پێویستە واقیعی خراپی هەرێم قبوڵ بکات، نە دەسەڵاتەکانی رادەستی حکومەتی
فیدڕاڵی بکاتەوە. بەڵکو، ئەو بژاردەی کە
شایەنی ماندوبون و قوربانی بۆ دانە ئەوەیە کە هاوڵاتی هەوڵی هێنانە ئارای
حوکمڕانیەکی باش بدات لە هەرێم و ئەو قیعە سەپێندراوە پڕ لە نا دادپەروەریەی ئێرە
دەستکاری بکات، لە هەمان کاتیشدا، دەسەڵاتەکانیش لە دەستی خۆیدا بهێڵێتەوە و ڕادەستی
حکومەتی ناوەندی نەکات، چونکە گلەی ژمارە یەکی زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێم ئەوەیە کە
کاستی سیاسی گوێ لە داخوازیەکانی ناگرێت و نایخوێنێتەوە و نای بینێت.
بۆ دروستبونی سەرەتایەکی نوێش، بۆ گەڕان بۆ بەدیلی ئەو دو بەرداشەی سەرەوە،
تەنها گەڕانەوە و بەرگریکردنە لەو ڕاستیەی کە ئەوە تەنها ئینسانی کوردە ئەبێت بڕیاردەری
سەرەکی بێت لە ژیان و داهاتوی خۆی، نە کاستی سیاسی هەرێم، نە کاستی سیاسی بەغداد،
ناتوانێت نوێنەرایەتی ژیان و بەرژەوەندی و داواکاریەکانی ئینسانی ئێمە بکات.
سیاسەتیش، بە مانا ئەخلاقی و پیشەییەکەی، بە مانا فەلسەفی و زانستیەکەی هەر
ئەمەیە. کرۆکی سیاسەت لە یۆنانی کۆنەوە تا مۆدێلە سیاسیە سەرکەوتوەکانی ئێستای
دنیا، بریتیە لەوەی هاوڵاتی بەشدار و کارەکتەری سەرەکی بێ لە ڕەنگڕێژکردنی ژیانی
سیاسی و ئابوری و کلتوری و کۆمەڵایەتی خۆی، ئازادبێ لە دەنگ هەڵبڕین و جوڵەکردن لە
پانتاییە گشتیەکاندا، خۆی کارەکتەری سیاسی سەرەکی بێت، هەمو لێخۆشبونێک لە مافی
ژیان و بەشداری سیاسی و ڕادەستکردنی توانای بڕیاردان بە ئەوی تر، هەڵەیەکی
کوشندەیە. بەدیهێنانی ژیانێکی باشتر لە هەرێم، دروستکردنی مۆدێلێکی سیاسی کە
هاوڵاتی سەنتەری بێت، کارێکی قورسە، بەلام ئەستەم نیە.