سەرەتایەکی نوێ
3/5/2019 6:05:00 PM
ستەم کامیل
ڕێککەوتنی بەشداریکردنی گۆڕان لە کابینەی نوێدا، ڕوداوێکی چاوەڕوان نەکراو بوو بۆ ئەوانەی کە گرەویان لەسەر مەرگی کۆتایی ئەم پرۆژە سیاسیە ئەکرد. هەر پارتێکی سیاسی بۆ ئەوەی ڕوداوی سیاسی دروست بکات، پێویستی بە دیدگایەکی ڕوون و توانای بڕیاردانە. تا پێش ڕوداوەکانی ١٢ی ئۆکتۆبەر، بزوتنەوەی گۆڕان دیدگایەکی سیاسی ڕوون و توانای بڕیاردانی هەبوو، بەمەش ئەیتوانی بەردەوام شوێن و کاتی ڕوداوە سیاسیەکان بۆ بەرامبەرەکانی دیاری بکات. بەڵام لەدوای دوورکەوتنەوەو کۆچی دوایی ڕێکخەری گشتی پێشوو، بۆ نزیکی سێ ساڵ، ئەم بزوتنەوەیە توشی قەیرانی بڕیارنەدانی سیاسی بوو. لەو جێگەیەی کە پێویست بوو گۆڕان هەڵوێستی ڕوون و یەکلاکەرەوەی هەبێت، گۆڕان لەوێ نەبوو.
جیاوازیەکی گەورە هەیە لەنێوان “دنیای ئەبوو وا بێت” و “دنیای ئەوەی کە هەیە”. بە مانایەکی تر، لەنێوان “ئەگەرە خوازراوەکان”ی ئێمەو “بژاردە واقیعیەکان”دا، بۆشاییەک هەیە کە پێویست ئەکات پارتی سیاسی بڕیاری تیا بدات، حیکمەتی سیاسیش هەر لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەدا دەرئەکەوێت. بەشێکی بەرچاو لەو ڕەخنانەی کە ئاراستەی بزوتنەوەی گۆڕان ئەکرێ لەسەر ئەم ڕێککەوتنە، ڕەخنەن بە پێوەری “دنیای ئەبو وا بێت” و “دنیای ئەگەرە خوازراوەکان”. گەر ورد ئەم جۆرە ڕەخنانە بخوێنرێنەوە، ئەبینیت باس لە زنجیرەیەک لە خۆزگە ئەکەن کە ئەبوو لە ڕابردوودا ڕوداو و جوڵە سیاسیەکان بەو جۆرە نەڕۆشتبانایە کە ڕۆشتن. بەڵام کاتێک هیچ کەسێک توانای دەستکاریکردن و پێچەوانەکردنەوەی ڕوداوەکانی ڕابوردی نەبێت، ئەوا ئەقڵانیەتی سیاسی هەر هێزێکی سیاسی بە توانای خۆگونجاندنی ئەو هێزە ئەپێورێت لەگەڵ هەلومەرجە نوێکاندا. هەقیقەتێکی تاڵە، کە سیاسەت کەم جار بە پێوەرەکانی “ئەبو وا بێت” کار ئەکات، بەڵکو زۆرینەی جار بە پێوەرەکانی “دنیای ئەوەی هەیە” و دنیای “بژاردە واقیعیەکان” ئەجوڵێتەوە.
سودی سەرەکی توانای بڕیاردان ئەوەیە کە پارتی سیاسی ئەپارێزێت لە دۆخی چەقبەستن و دۆش دامان بە دیار خۆزگە و ئەگەرە لە دەستچوەکانەوە. لەم ڕوەوە، ئەوە جێگەی سەرنج و چاودێریکردنە، تەنها ڕیکەوتنەکە نیە، بەڵکو بۆ دۆخی ئێستای گۆڕان، توانای بڕیاردان لە ڕێکەوتنەکە ڕەنگە لە خودی ڕێکەوتنەکە گەر بایەخی زیاتر نەبێت ئەوا کەمتر نیە. بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، توانای بڕیاردان لە ڕێکەوتنێک و کۆتای هێنان بە ڕێکەوتنی تر، پێشمەرجی سەرەتایەکی نوێی سیاسیە. لە ئێستادا، ئەوەی ئەبینرێت ئاماژەی دەرکەوتنی سەرەتایەکی نوێیە، سەرەتایەک کە لەسەرخۆ و بە شێنەیی کۆتای بە قەیرانی بڕیارنەدانی سیاسی ئەهێنێت و ئاکتی سیاسی ئەخاتە بری دۆخی چەقبەستن.