وتار

چەند ڕەخنەیەک لە میدیا لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا

4/22/2021 8:48:00 PM 175 جار خوێندراوەتەوە
ستەم کامیل



بواری ڕۆژنامەگەریی بە مانا هەرە فراوانەکەی لە هەرێمی کوردستان لە قەیراندایە. ئەم قەیرانە چەند ئاست و ڕەهەندێکی سیاسی، فکری و ئەخلاقی و پیشەیی هەیە. ئەوەی لەمڕۆدا پێویستە بە خێرایی بیرخۆمانی بهێنینەوە مەسەلەی ئامانج و ڕۆڵی سەرەکی بواری ڕۆژنامەگەرییە. ڕۆڵی سەرەکی بواری ڕۆژنامەگەری و میدیا بریتە لە پێدانی زانیاری دروست، سەرڕێگەخستنی گفتوگۆ و دایەلۆگ لە پانتای گشتیدا، هەروەها، ڕەخنەکردن، چاودێریکردن و پشکنی بڕیار و سیاساتەکانی دەسەڵات و حکومەتە. بە مانایەکی تر، میدیا کاری ڕوناکی خستنە سەر جوگرافیا شاراوەکانە، ئەرکی دەرگیربونی ڕەخنەیی و پشکنینی وردی پرس و بڕیارە گشتیەکانە لە پێناو هێنانەدی و پاراستنی بەرژەوەندی گشتیدا. لە کوردستان، بواری ڕۆژنامەگەری بەگشتی و کایەی مدیا بە تایبەت، لە ئەرکی سەرەکی خۆی بەتاڵکراوەتەوە.


میدیا و پرسیار و خەمە گشتیەکان
بەشێک لە کاری میدیا، کردنی پرسیاری گەورە و گرنگە لە دۆخی سیاسی، ئابوری و کلتوری و یاسایی و، پشکنینی لایەنە نادیار و شاراوەکانی ژیانی گشتیە. میدیای سەرکەوتو لە دنیادا، بە پرسیارە جدیەکانیدا ئەناسرێتەوە نەک بەو وەڵامانەی کە ئەیانداتەوە. چونکە هەمیشە پرسیارە گەورە و گرنگەکان تەمەنیان زۆر درێژترە، وە بەردەوام وەڵامەکانیش چەند باش بن، کاتی و تێپەڕن. لە هەر سەردەمێکدا ژیابێت، مرۆڤ بەردەوام هەوڵی داوە چەندین پرسیاری گرنگ و گەورە لە خۆی بکات، هەمیشە پێویستمان بەوەیە بپرسین: ئایا چۆن کۆمەڵگەیەکی باشتر لە ڕوی دادپەروەری و یەکسانیەوە دروست بکەین؟ چۆن وا بکەین هەموان بە یەکسانی دەستمان بە کەرەستەکانی خۆشگوزەرانی بگات؟ چۆن یەکسانی لە بەردەم یاسادا فەراهەم دەبێت؟ داهاتی گشتی چۆن کۆدەکرێتەوە، چۆن دابەش دەکرێت و چی لێ بەرهەم دێت؟کێ حوکمڕانی دەکات و لەسەر چ بنەمایەک؟ دەیان و سەدان پرسیاری تری گرنگ.

کاری زۆرێک لە میدیاکانی کوردستان ئەوەیە نیە ئەم پرسیارە گەورە و جدیانە بکەن، خەمی گشتیان هەبێت، بەڵکو بەردەوام خەریکی وەڵامدانەوە و بیانوهێنانەوەن بۆ دۆخی باو. کاتێک بەشێک لەو پرسیارانە بە بچوکراوەی ئەکەن، لە ڕوانگەی بڕوابونیان نیە بە کردنی پرسیاری گرنگ، بەڵکو لە گۆشەنیگای پێدانی وەڵامی ئامادە و حازر بەدەستەوەیە. بەمانایەکی تر، زۆرێک لە میدیاکان وا لە هاوڵاتیان ناکەن کە بیربکەنەوە و هەندێک لایەنی شارەوەی ژیانی خۆیان و کۆمەڵگەکەیان بخەنە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو هەوڵی قەناعەتپێکردنیان و هێشتنەوەی دۆخی باو دەدەن. ئەوان وەڵامان ئەدەنی نەک ڕوبەڕوی پرسیاری گەورەمان بکەنەوە. گەر کەسێک بیەوێت لە ئەمڕۆدا بزانێت پرسیارە گەورەکانی میدیای کوردی چیە، ئەبێت چی دەست بکەوێت؟ بەڵام زۆر ئاسان هەمان کەس ئەتوانێ کۆمەڵێک وەڵامی کۆن و سواو ئامادەی دەست بکەوێت. میدیا گەورەکان دۆخی باو و تێگەشتنی وەرگر ئەخەنە ژێر پرسیارەوە، نەک کاریان کوشتنی پرسیاری جدی و گەورە بێت. چونکە ئەوەی ئەمێنێتەوە پرسیار و خەمە گشتیەکانە، نەک وەڵامە تێپەڕەکان.

میدیا و ئازادی کارکردن
میدیا لە ئازادیدا ئەژی و لە کۆتکردندا ئەبێت بە پڕوپاگەندە و تەڵقین و ئەمرێت. زۆرینەی میدیاکانی کوردستان لە قەفەسی بنەماڵە، سەرۆکی حزب، مەکتەبی سیاسی، حزب، گروپ، دەستە و تاقمە چەکداریەکاندان. هەر بۆیە کاری میدیا ئاراستەکردنی پرسیاری گەورە و گرنگ نیە لە دەسەڵات و مۆڵگەکانی هێز، بەڵکو پاراستن و جوانکردنی دەموچاو و هێشتنەوەی دۆخی باوە وەک خۆی. میدیا گەورەکانی ئێمە، میدیای دروستکردنی وێنەی جوانن بۆ خاوەنەکەی یاخود خاوەنەکانیان. بۆ ئەوەی بزانین ئەجندای کاری میدیایەک چیە، پێویستە سەیری ئەوە بکەین کە قسە لەسەر کێ و چی ناکات، نەک ئەوەی کە قسە لەسەر کێ و چی ئەکات. بەمانایەکی تر، بۆ زانینی ئەجندای شاراوەی هەر میدیایەک، ئەبێت بزانین کە قسە لەسەر کێ و چی بابەتێک ناکات. "میدیاکان"ی ئێمە زیاتر خەریکی تەلقین و پڕوپاگەندەن، نەك کاری ئازا و ئازاد، چونکە بارمتەی کاستی سیاسین و لە قەفەسی بەرژەوەندیەکانی ئەواندان.

میدیا و متمانە
متمانەی هاوڵاتی بە میدیایەک گرنگترین پێوەری سەرکەوتنە بۆ ئەو میدیایە. میدیا بۆ ئەوەی سەربکەوێت، پێویستە بەردەوام هەوڵی دروستکردنی متمانە بدات لە نێوان خۆی و خەڵکدا. ئەمەش لە ڕێگەی گواستنەوەی دروست و ڕاستەقینەی هەواڵ و زانیاری و شیکردنەوەکانەوە دەبێت. هەڵبەت ئەم متمانەیە ڕێژەییە و لە میدیایەک بۆ میدیایەکی تر، لە کۆمەڵگەیەک بۆ یەکێکی تر، لە کاتێک بۆ کاتێکی تر ئەگۆڕێت. لای ئێمە زۆرینەی میدیاکان، خەریکی کێبڕکێی لایک و کۆمێنت و خێرایین لەسەر حسابی ڕاستی و دروستی ڕوداو و زانیاریەکان. پێشبڕکێکە ئەوە نیە کە کێ زۆرترین ڕاستی ڕوداوەکانی لایە، بەڵکو ئەوەیە کە کێ بە زوترین کات، بەشێوەیەکی وروژێنەر قەزیەیەک دروست ئەکات تا زۆرترین کرتەی ئەلیکترۆنی هەبێت. لە ململانێیەکی لەم جۆرەدا، ئەوەی قوربانی یەکەمە گوێگر و بیسەر و خوێنەر و هەقیقەتە.

میدیا و پاڵەوانی ساختە و ڕاستەقینە
پرسیار و خەمە گشتیەکان ئەبێت پاڵەوانی میدیا بن، نەک کەس و فیگەرەکان. میدیا کاریگەرەکانی دنیا، خەریکی دروستکردنی فیگەر و پاڵەوانی ئەلیکترۆنی نین، بەڵکو خەریکی بە پاڵەوانکردنی پرس و بەرژەوەندی و خەمە گشتیەکانن. سەنتەری ئەم میدیایانە پرسە گشتیەکانە و، ناو و فیگەرەکانیش هەر بۆ خزمەتی ئەم سەنتەرە دێنە سەر شاشە جۆراوجۆرەکان. لای ئێمە ئەم وێنەیە تەواو پێچەوانەیە. زۆرێک لە میدیاکان، کۆمەڵێک فیگەر و پاڵەوانی ساختەیان دروست کردوە کە هیچ سودێکی گشتیان نیە، وە پاڵەوانە ڕاستەقینەکەیان فەرامۆش کردوە کە بەرژەوەندی و سودی گشتیە. بۆ ئەوەی میدیاکانی ئێمە ببن بە میدیای کاریگەر و ڕاستەقینە، ئەبێت لە کارکردن بۆ خەمی شەخسی کەسەکان بپەڕنەوە بۆ کارکردن بۆ پرسە گشتیەکان. بەمانایەکی تر، ئەبێت سەنتەری میدیا پرسە گشتیەکان بێت نەک فیگەرە گشتیەکان.

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و میدیا
لە سەدەی بیست و یەکدا، بەهۆی گەشەی بەرفراوانی تەکنەلۆجی و بچوکبونەوەی جیهانەوە (جیهانگیری)، ئێـمە مامەڵە لەگەڵ دنیای "زۆری زانیاری" و "لێشاوی زانیاری" دا ئەکەین. زیادەی زانیاری دۆخێکە کە مرۆڤ لە هەمو ڕویەکەوە زانیاری بەسەردا ئەبارێت. لە شاشەی تەلەفیزۆنەکان بیگرە بۆ مۆبایل، لاپتۆپ و تابەکانەوە تا ڕادیۆ و سۆشیاڵ میدیا و ئەوانی تر. لەم دۆخەدا، ئینسان لەیەککاتدا، زانیاری جیاواز، زانیاری هەڵە، زانیاری بەمەبەست ئاراستەکراو، زانیاری دروستکراو، زانیاری درۆ، زانیاری دژ بەیەکی دەست ئەکەوێت. لێرەوە، ئەرکی مرۆڤ زۆر قورس بوە بۆ زانینی هەقیقەتی پرس و ڕوداوەکان. ئینسان بە قورسی بڕیاری بۆ ئەدرێت و بە ئاسانی بەلاڕێدا ئەبرێت.

بۆیە، لە هەمو کات زیاتر پێویستمان بە توانستەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەییە. چەکی دەستی هاوڵاتیەکی کارا لە سەدەی بیست و یەکدا، بیرکردنەوەی ڕەخنەییە. کاتێک لەگەڵ میدیایەکدا دەرگیر ئەبین، پێویستە زۆر ڕەخنەییانە تەماشا بکەین، بخوێنینەوە و گوێبگرین. نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو ئەبێت زۆر ڕەخنەییانە دەرگیری پرۆسەی سیاسی و جوڵە کۆمەڵایەتیەکانیش بین. مرۆڤی بێ بیکردنەوەی ڕەخنەیی، مرۆڤێکە ئاسان لە لایەن میدیاوە قوت ئەدرێت. کاتێک دێتە سەر زۆرێک لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان، چەکی دەستی وەرگر ئەبێت بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بێت. ئەبێت هەمیشە ئاگاداری وێنە بینراوەکان، مانشێت و هەوالەکان، دەمو چاو و پاڵەوانەکان، جوڵە و قسەکان، هەواڵ و ڕیپۆرتاژەکان، ستون و پەیامنێرەکان و پەیامە شاراوەکانی پشت میدیا بین. یەکێک لە دەرچەکانی ئەم واقیعە، گەشەپێدان و بە کلتورکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەییە. هاوڵاتی هۆشیار ئەو کەسەیە کە ڕەخنەییانە بیرئەکاتەوە کاتێک کۆنتڕۆڵی تەلەفیزۆنەکەی بەدەستەوەیە، هەمان ئەو کەسەیە کە ڕەخنەییانە بیر ئەکاتەوە کاتێک لەسەر لاپەڕەکانی سۆشیاڵ میدیا دێتە خوارەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement