بەرگری لە شکۆی گەنجە جل نارنجیەکان
1/5/2022 9:08:00 PM
ستەم کامیل
گرفتی یەکەمی ئەو شێوازی حکومڕانیەی کە لە هەرێمدا
هەیە، لەپاڵ دەردەکانی تریدا، بریتیە لە بەردەوامبون لە شکاندن و ئیهانەکردنی شکۆی
ئینسانی تاکی کورد. هیچ پاساوێک یاخود بنەمایەکی یاساییە نیە بۆ ئەوەی دەزگایەک
بتوانێ بەو جۆرە کۆمەڵێک گەنج بهێنیتە سەر شاشەی تیڤی و، دانپێدانەکانیان بڵاو
بکاتەوە.
هەر کەسێک زەڕەیەک ویژدانی مرۆڤانەی هەبێت، گەر بۆ
ساتێک خۆمان بخەینە جێگەی ئەوان، تێئەگەین کە چ ئیهانەیەک بە شکۆی مرۆڤبون و هاوڵاتیبونی
ئەوان کراوە. گەر مرۆڤ لە جێگەیەکیدا حورمەتی لێبگیرێت و شکۆی پارێزراو بێت، هەرگیز
لەسەر تاوانی سوتاندنی دامودەزگایەکی حکومی ئەوەی بەرامبەر ناکرێت، بەڵکو بە قەبارەی
تاوانەکە مامەڵەی لەگەڵ ئەکرێت، نەک کردنیان بە پەندی زەمانە.
پەیامی پشت بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدۆیە بۆ ترساندن و
تۆقاندنی گەنجانی ترە تا بیر لە سوتاندنی دامودەزگاکانی حکومەت نەکەوە لە خۆپیشاندانەکاندا.
ئەم مەنهەجە سەرلەبەری هەڵەیە. هەرگیز بە بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن خۆشەویستی
دامودەزگاکانی حکومەت نا چەسپێندرێت لە ناخی هاوڵاتیاندا. تاکە ڕێگەی سەرکەوتو بۆ
ئەوەی دامودەزگاکانی ئێمە ڕێزلێگیراو بن لە لایەن گەنجان و هاوڵاتیانەوە ئەوەیە کە
کۆی حوکمڕانی بخرێتە خزمەتی ماف بەرژەوەندی و شکۆی هاوڵاتیانەوە.
ئەم گەنجانە کە نەوەی دوای ٢٠٠٣ و، لە شارۆچکەیەکی
وەک پیرەمەگروندا بەشێکیان کرێکارن، هەرگیز ئەو هەستەیان نیە کە لە جێگەیەک ئەژین
دامودەزگاکانی بۆ خزمەتی ئەوان هەبن. ئەوان بەردەوام لەو واقیعە تاڵەدا ئەژین کە تیایدا
وەک گەنج و ئینسانی پەراوێزخراو مامەڵەیان ئەکرێت. ئەوان بەردەوام وەک مرۆڤی پلە
دو و سێی ئەم کۆمەڵگەیە تەماشا ئەکرێن. بە واتایەکی تر، واقیعی ئێستای سیاسی،
ئابوری و کۆمەڵایەتی تەعبیر لە خەون و دنیابینی و مافەکانی ئەوان ناکات. ئەوان بەردەوام
خۆیان وەک کۆمەڵە مرۆڤێکی نەبینراو و حساب بۆنەکراو ئەبین.
پەیامی ئەو گەنجانە لە سوتاندنی کتێبخانەکەی پیرەمەگرون
بە نیەتی تێکدان و لەناوبردنی دەزگاکانی حکومەت نیە. بەڵکو لە هەناوی ئەم سوتاندنەدا
من هاواری کۆمەڵێک گەنج ئەبینم کە ئەیانەوێت بەم کارە ببینرێن، بخوێنرێنەوە و دەنگیان
ببیسترێت. دەسەڵاتیش لەبەری ئەوەی ئەو هاوارە ببیستێت، لەبری ئەوەی بیانخوێنێتەوە،
دێت و شکۆی ئەوان و کۆی کۆمەڵگەش جارێکی تر ئەشکێنێتەوە. بەردەوامبون لەسەر ئەم شیوازە
لە مامەڵەکردن، لە هەڵدێرێکی گەورەدا کۆتای دێت.
بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی ئەو گەنجە بەدبەختانەی پیرەمەگرون
تاوانە و بێدەنگ بون لێ جارێکی تر تاوانە. لەوێ ڕۆژنامەنوس و لێرە خۆپیشاندەر، ئای
ئێوە چەند دو ڕوی یەک دراون.