بناغەی دەوڵەتەکەت لە کاتی بوومەلەرزەدا دەردەکەوێت
2/6/2023 9:33:00 PM
د.هاوڕێ مهنسور بهگ
لە ساڵی ١٨٩٠، ودۆرس-ئیتەر پێشبینی کرد کە بوومەلەرزەیەک ڕووبدات لە
سانفرانسیسکۆ، بەڵام پێشبینییەکە نەهاتە دی. کاتێک بوومەلەرزەکەی سانفرانسیسکۆ ساڵی
١٩٠٦ ڕوویدا و ٣٠٠٠ مرۆڤی کوشت، وودۆرس-ئیتەر
وەک هاتنەدی پێشبینییەکەی ساڵی ١٨٩٠ ئەو ڕووداوەی لێکدایەوە.
ڕاستییەکەی هەموو ڕۆژێک کۆمەڵێک لێدوان
دەدرێت کە ئەمڕۆ یان هەفتەیەکی دیکە بوومە لەرزە ڕوودەدات، زۆربەی زۆری کاتەکان قسەکان
ڕاست دەرناچن...ژیان پڕ بووە لە چیرۆکی مەلاوانە درۆزنەکە، ڕۆژانە ئەوەندە قسەی بێسەروبەر
دەکرێت، زانیارییەک پشتی بە بەڵگەی زانستیش بەستبێت، هەر وەک چەواشەکاری سەیری دەکرێت....هەر
وەک چۆن دامەزرێنەری کۆمپنیای ئەپڵ لە وتە ناودارەکەی دەڵێت (ئەگەر هەموو ڕۆژ لە خەو
هەستیت و بڵێیت ئەمە دوا ڕۆژی ژیانمە، ڕۆژێک هەر دێت و قسەکەت ڕاست دەردەچێت)....پێشبینیکەرانی
بوومەلەرزەش هەر بەو شێوەیەن...زوو زوو دەڵێن بوومەلەرزە دێت، ڕۆژێک هەر دێت قسەکانیان
ڕاست دەربچێت.....
ڕاستییەکی تاڵە کە هەندێک شار لەسەر سنوور یان نزیک لە سنووری بەریەککەوتنی
پلێتە جیۆلۆجییەکانن و هەر ڕۆژێکە لە خەو هەڵدەستین ڕەنگە ئەوشارستانێتییەی لەو
شارانەدا هەن، بە هۆی بوومەلەرزەوە، سڕدراببنەوە....ئەستەنبوول و تۆکیۆ دوو نموونەن
لەو شارانەی جیهان.
ڕاستییەکی دیکەی تاڵ، کەس نییە بە وردی بزانێت کەی ئەو ڕووداوانە ڕوو
دەدەن، زەویناسان دەستەوەستانن، هەزاران توێژینەوە، تا ڕادەیەکی زۆر بێ سوود بووە....ئەوەی
کە هەیە، هەندێک لەو ئامێرانەی کە هەست بە بوونی بوومەلەرزە دەکەن، پێش ڕوودانی
بوومەلەرزەی گەورە، لەرزینەوەی بچووک و بێ هێز تۆمار دەکەن کە مرۆڤ هەستیان پێ
ناکات......زۆر جاریش، ئەو لەرزینە بچووکانە، ڕوودەدەن و بوومەلەرزەی گەورەش ڕوو
نادەن.... خۆ ناکرێت هەر جار بوومەلەرزەی ورد هەستی پێ بکرێت لە لایەن ئامێرەکان،
حکومەت بێت و جاڕی ئەو لێ بدات کە بوومەلەرزەی گەورە لە ڕێگایە و خەڵک بەو سەرما و
سۆڵە بتۆقێنێت و بیانهێنێتە سەر شەقامەکان....
لە شارستانێتی چینییەکان، میسرییە کۆنەکان و یۆنانییەکانەوە بوومەلەرزە
بابەتی گەرم و گوری خەڵکی ئاسایی و فەیلەسووفەکانیش بووە....ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە
کە بوومەلەرزە بەناوبانگەکەی ئەستەنبوڵ لە ساڵی ١٨٩٤ ئیبمراتۆرییەتی عوسمانی لە
ناخەوە هەژاند، هەربۆیە دەتوانیت مەزەندە بکەیت کە یەکێک لە هۆکارەکانی گواستنەوەی
پایتەخت لە ئەستەنبوولەوە بۆ ئەنکەڕا لە ساڵی ١٩٢٣ لە دوای ڕووخانی عوسمانییکان، هێندە ئەوە نەبوو
کە پایتەخت لە داگیرکاری دوورەدەست بێت لە کاتی پەلاماردانی دوژمن، بەڵکۆ پاراستنی
لە وێرانبوونی پایتەخت بوو لە کاتی ڕوودانی
بوومەلەرزەیەکی کەمەرشکێن.... ئەستەنبوول سەرباری جوانییەکەی و دەرچە ئاوییەکان و
نزیکی لە ئەوڕوپاوە، لە ڕووی زەویناسییەوە شاری هات و نەهاتە و لە هەر چاوترووکانێکدا
ڕەنگە ببێت بە وێرانەیەک کە هیچ کات وەک خۆی لێ نەیەتەوە..
یەکێک لە وتە سەرنجڕاکێشەکان کە هەندێک سەرچاوە دایگەڕێننەوە بۆ فەیلەسووفی
یۆنانی ئەرستۆ: ’’هەموو بوومەلەرزە و کارەساتەکان هۆشدارین کە گەندەڵی لە جیهاندا زۆرە’’ ڕەنگە مەبەستی ئەرستۆ
ئەوە بوو بێت کە بوومەلەرزە وەک سزایەکی ئیلاهی دووچاری مرۆڤایەتی دەبێتەوە، بەڵام
بە دیوەکەی دیکەشییەەوە، دوور لە لێکدانەوە ڕۆحیانییەکە، دەتوانین بڵێین کە بوومە
لەرزە بەبیرمان دەهێنێتەوە کە گەندەڵی و بێ ویژدانی لە دروستکردنی شارستانییەت و
باڵەخانەکان بە چەمکی پینەوپەڕۆ و بێ بوونی چاودێری وردی )دڵنیایی جۆری ڕاستەقینە(،
هۆکاری سەرەکی مردنی مرۆڤەکانن..
هیوادارم هیچ کات لە کوردستان تاقی نەکرێینەوە کە ئایا باڵەخانەکانمان
بەرگەی بومەلەرزەیەکی هاوشێوەی بوومەلەرزەکەی تورکیا دەگرن یان نا….