سیناریۆ شاراوەکەی بەغدا
10/8/2020 11:56:00 AM
د.هاوڕێ مه‌نسور به‌گ
له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌مه‌وه وڵاتانی كۆلۆنیالیستی وه‌ك به‌ریتانیا و هۆڵه‌ندا، ناردنی كۆمپانیا نه‌وتییەکانی خۆیان بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی به نیاز بوون بیانخه‌نه ژێر هه‌ژموونی خۆیان، به كاریگه‌رترین شێوازی داگیركردن ده‌زانی. لە دەسپێکی کارکردنی كۆمپانیاكانی شێڵی هۆڵه‌ندی له ئاسیا، بورما و APOCی به‌ریتانی له ئاسیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، له‌گه‌ڵ خۆیاندا جێپێی داگیركارانه‌ی وڵاته‌كانیان قایم ده‌كرد و وڵاتانی خانه‌خوێیان له ڕه‌گ و ڕیشه‌وه وابه‌سته‌ی خۆیان ده‌كرد.
كۆمپانیاكان، له ڕێگه‌ی لووله‌ی تفه‌نگ و تۆپهاوێژه‌كان نا، به‌ڵكوو له ڕێگەی قووت و شاده‌ماری ئابوورییەوە كۆنتڕۆڵی حكوومه‌تەکان و هاوڵاتیانیان ده‌كرد، کە ئه‌و ده‌سه‌ڵات سه‌پاندنه‌ی كۆمپانیاكان تا ئێستاش به فۆڕم و شێوازی جیاواز بوونی هه‌یه و پێویست ناکات چاودێرێکی وریا و ژیر بی تا هه‌ستی پێبکەی. با دوور نه‌ڕۆین و سه‌یرێكی ناوچه‌كه بكه‌ین، كۆمپانیای ئارامكۆی سعودی بڕبڕه‌ی پشتی ئابووریی سعودیەیه، كۆمپانیاكانی ئادنۆكی ئیماراتی به هه‌مان شێوه و .... تاد.
بە کورتی هه‌ر وڵاتێكی كه‌نداو، كۆمپانیایه‌كی نەوتی هه‌یه كه بۆته سیمبولی گه‌شه‌ی ئابووریی وڵاته‌كه‌ی خۆی. وڵاتانی تازەگەشەسەندوو به گشتی، دوای ساڵانێكی زۆر له فێڵ و گزیی كۆمپانیا جیهانییه‌كان، ڕاستییەکی ساده‌یان بۆ ڕوونبۆته‌وە، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ به‌رژه‌وه‌ندیی وڵات بپارێزی له به‌رامبه‌ر تاكتیك و ته‌ڵه‌ی ئابووریی ئەو كۆمپانیا جیهانییانەی له ژێر ناوی وه‌به‌رهێنان دێنه وڵاته‌كه‌ت، پێویسته كۆمپانیایه‌كی نیشتیمانیت هه‌بێت و ببێت به برابه‌شی هه‌ر كۆمپانیایه‌ك كه كاری پشكنین و ده‌رهێنانی نه‌وت و گاز ده‌كات له وڵات‌دا.
حكومه‌ت هەرگیز ناتوانێت به كردار ببێت به هاوبه‌شی كۆمپانیا جیهانییه‌كان، دەبێت شه‌ریكی ڕاستی و مه‌یدانی، كۆمپانیایه‌كی نیشتیمانی بێت له بری حكومه‌ت و به نوێنه‌رایه‌تی هاوڵاتیان ئه‌و كاره ئاڵۆزه ئه‌نجام بدات. شه‌راكه‌تی فیعلی، ده‌بێت له نێوان دوو هاوتای تا ڕاده‌یه‌ك وه‌ك یه‌ك بن، كۆمپانیا له‌گه‌ڵ كۆمپانیا، نه‌وه‌ك كۆمپانیا له‌گه‌ڵ حكومه‌ت. له‌وكاته‌وەی كه هه‌رێمی كوردستان گیرۆده‌ی داوی كه‌میی بودجه و بێ به‌ڵێنیی حكومه‌تی فیدراڵییه كه به جۆره‌ها شێواز خۆی له ڕێككه‌وتنه‌كان ده‌دزێته‌وه و ئه‌و بڕه پاره‌یه نانێرێت كه خۆی له سه‌ری ڕێككه‌وتووه، به‌غدا له تارمایی و لە بێئاگایی زۆرینەمان، خه‌ریكی كارێكی دیكه‌ی هه‌ستیار و چاره‌نووسسازه كه ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری ده‌بێت له سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
بەغدا خەریکی دامه‌زراندنی كۆمپانیایه‌كی نیشتیمانیی سه‌رتاسه‌ریی نه‌وته بۆ هه‌موو عێراق، كه سه‌رجه‌م كۆمپانیاكانی دیكه‌ی بواری نه‌وت ده‌خاته ژێر ڕكێفی خۆی. سه‌رباری بوونی چه‌ندین كۆمپانیای دیکەی حكومیی بواری نه‌وت له عێراقدا، وه‌ك به‌سرا، شیمال... هتد، عێراق هه‌نگاوێكی سه‌رسوڕهێنه‌ر ده‌هاوێژێت و لە بری وەزارەت ئەو کۆمپانیا نیشتیمانییە دەکاتە سەردار و سەرکار لە ھەموو عێراق. ئامانج لەو ھەنگاوە چاوەڕواننەکراوە، كۆكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی ڕه‌هایە له كۆمپانیایه‌كی سه‌رتاسه‌ری و لاوازکردنی سیستەمی فیدراڵییە لە وڵات‌دا.
پێده‌چێت سه‌رۆك وه‌زیران كازمی بیه‌وێت عێراق و بڕبڕه‌ی پشتی ئابوورییه‌كه‌ی كه نه‌وته، له ژێڕ ڕكێفی وه‌زاره‌تی نه‌وتی به سیاسیكراو دەربهێنێت و نه‌وتی عێراق و سیاسه‌تی وزه له عێراقدا بۆ سیسته‌می كۆمپانیای نیشتیمانی بگوازێته‌وه، سه‌رباری پته‌وكردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی بۆ سه‌ر كۆمپانیا په‌رش و بڵاوه‌كان له ناوچه جیاجیاكانی عێراق و کەمکردنەوەی هەژموونی میلیشیاكان. له كاتی ئاڵوگۆڕی كابینه‌كان کە له عێراقدا زوو زوو ڕوودەدات، كۆمپانیا نیشتیمانییه سه‌رتاسه‌رییه‌كه كه‌متر دووچاری لێكهه‌ڵوه‌شان و شپرزه‌یی دێت. هەمیشە شپرزه‌یی و گۆڕینی وەزیر و سیاسەتی نەوت و گاز بە بەردەوامی لە عیراقدا، كۆمپانیا جیھانییەکانی ناو وڵاتەکەی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە. حكومه‌تی كازمی خه‌ریكه فشار ده‌خاته سه‌ر كۆمپانیا بیانییه‌كانیش تا به‌شێك له خه‌رجی و لێكه‌وته نه‌رێنییه‌كانی ڕێككه‌وتنی ئۆپێك پڵه‌س و داڕمانی نرخی نه‌وت، له ئه‌ستۆی خۆیان بگرن و عێراق به‌ته‌نها به‌رپرسی پێبژاردنی زیانه‌كان نه‌بێت. ئه‌گه‌ر له بری حكومه‌ت، كه هه‌میشه وه‌ك پاره‌دار و بانكی پاره دێته به‌ر دیدی كۆمپانیا جیهانییه‌كان، كۆمپانیایه‌كی نیشتیمانیی عێراقی هاوبه‌شی كۆمپانیا جیهانییه‌كان بێت، ئه‌وكات داواكردن له كۆمپانیاكانی نه‌وت تا به‌رپرسیارێتی بگرنه ئه‌ستۆ و كه‌مێك سازش بكه‌ن له سه‌قفی ته‌ماع و قازانجه خه‌یاڵییه‌كانیان، کارێکی مەحاڵ نابێت.
شەراکەت و ھاوبەشیی ئابووری کاتێک دادپەروەرانەیە کە لە کاتی زیانکردندا، ھەردوولا بچنە ژێربار، نەک بە تەنھا حکومەت. له‌به‌ر هه‌ستیاریی بابه‌تی كۆمپانیا نیشتیمانییه‌كه، حكومه‌تی فیدراڵی به خێرایی خه‌ریكی ئاماده‌كاریی پرۆژه‌یاسایه‌کە بۆی و بڕیار وایە به‌م نزیکانە له په‌رله‌مان یاساكه‌شی تێپه‌ڕێنێت، ھۆکاری ئەو پەلەکردنەش، دەستەبەرکردنی به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای عێراقێكی مه‌ركه‌زی و کەمکردنەوەی دەسەڵاتی پارێزگاکانە لە ھەبوونی ڕۆڵێکی ئەوتۆ لە ئیدارەدانی دۆسیەکانی نەوت و گاز. هه‌روه‌ها كازمی داوای كردووه كه تا كاتێكی نادیار، وه‌زیری نه‌وتی عێراق خۆی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و كۆمپانیا نیشتیمانییه بكات بۆ ئەوەی ھیچ کاتێک بە فیڕۆ نەدرێت و نەبێتە کێشمەکێش لە نێوان ڕکابەرەکان و دواخستنی پرۆسەکە. دروستکردنی کۆمپانیای نیشتمانیی سەرتاسەریی نەوت لە عێراقدا، بە ھەمان نەفەسی کۆنتڕۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکانی وڵات بەڕێوە دەچێت و مەبەست لێی بەھێزکردنی مەرکەز و لاوازکردنی ھەموو شتێکی دیکەیە لە ژێر ھەر ناوێک بێت.
چه‌ندین ساڵه لۆبیی سیاسیی عێراقی به هه‌موو شێوه‌یه‌ك خۆیان له باسكردنی یاسای نه‌وت و گازی فیدراڵی ده‌دزنه‌وه، به بڕوای من هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه به‌غدا چاوه‌ڕێی لاوازبوونی هه‌رێمه تا بابەتەکە بە هێزەوە نەیەتەوە بەرباس و ھەوڵ بدات بە دڵی خۆی بڕگەکانی دابڕێژێت. لە لایەکی دیکە عێراق خوازیارە گۆڕانگاری لە هه‌ڵوێستی ئه‌مریكاش ڕووبدات، كه لە ڕابردوودا تا ڕاده‌یه‌كی باش، پشتیوانی له‌وه ده‌كرد کە به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌رێم له یاساكه‌دا پارێزراو بێت. كۆندالیزا رایس وه‌زیری ده‌ره‌وه و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی سه‌رۆك جۆرج بوش، به نیگه‌رانییه‌كی زۆره‌وه جارێکیان گوتی: " ئه‌رێ ئه‌و یاسایه چی بوو هه‌ر تێنەپەڕی لە پەرلەمانی عێراق...؟!" هه‌رێم چی بكات؟ سروشتی دامودەزگاکانمان، تا ڕاددەیەک، بە شێوەیەکە، تا وردتر ببنە‌وه له شتێك، كه‌متر بیر و هۆشییان بە لای شته‌كانی دیكەدا دەچێت. ئه‌وه له سیاسه‌تدا به لاڕێماندا ده‌بات.
بۆیە ده‌بێت وریا و چاوكراوه بین و بیر و هۆشمان له لای سه‌رجه‌م گۆڕانكاری و پرۆسه‌كانی حوكمڕانی له هه‌رێم و عێڕاقدا بێت. پرسیار ئەوەیە، ئایا چه‌نده به ئاگاین له دروستبوونی كۆمپانیای نه‌وتی نیشتیمانیی عێراق؟ تا چەند هەوڵدراوە له ده‌سته و بۆرده باڵاكاندا پێگه‌ی هه‌رێم بوونی هه‌بێت؟ عێراق ھەر ھەنگاوێکی تاکلایەنە بنێت، دەبێت بەبیریان بێنینەوە کە ئێمە شەریکین نەک پاشکۆ. بۆیە وەک چۆن هەرێم لە پەرلەمان و سوپا و دادگای فیدراڵیدا لە خەمی قایمکردنی پێگەی خۆیەتی، لەو کۆمپانیا نیشتیمانییەش دەبێت سەرسەختانە، ھاوبەشبوونی خۆی بسەپێنێت... زۆر شت ماوه بیڵێم، به‌ڵام به‌وه كۆتایی دێنم كه له كوردستاندا باسکردنی سندووقی داهاته‌كانی نه‌وت و گاز بۆتە بابەتێکی باو كه گوایه گرنگه بۆ شه‌فافیه‌ت. دیارە پێشتر باسی ئه‌وه‌م كردووه كه ھەست دەکەم زۆر لە چاو‌دێر و پەرلەمانتاران بە ته‌واوەتی له چه‌مكی ئه‌و سندووقه تێنه‌گه‌یشتوون، خۆ وه‌زاره‌تێكی دارایی شه‌فاف و ده‌ستپاك له قۆناغی ئێستادا ده‌توانێت ڕۆڵی ئه‌و سندووقه بە باشی بگێڕێت، به‌ڵام هیچ هێز و وه‌زاره‌ت و ده‌زگایه‌ك ناتوانێت ڕۆڵی هه‌مه‌لایه‌نه و ئاڵۆز و تێكهه‌لكێشی كۆمپانیایه‌كی نه‌وتی نیشتیمانیی هه‌رێمی كوردستان بگێڕێت کە بە پێی یاسا دەبێت دابمەزرێت. پێویسته به خێرایی هه‌رێم وه‌ڵامی هه‌بێت بۆ هه‌نگاوه‌كه‌ی حكومه‌تی عێراق، ئێستا له هه‌ر كاتێك زیاتر دامه‌زراندنی كۆمپانیای كێپكۆی نیشتیمانیی هه‌رێمی كوردستان بۆته زه‌رووره‌ت….