لە پەراوێزی ئەوەی ئێستا كۆمەڵگای تێدا دەژی
3/10/2022 2:16:00 PM
د.ديارى ئەحمەد مەجيد
كاتێك ئاكار و ویستی دیكتاتۆریەت و خۆسەپاندن و
پاوانخوازی و گەندەڵی لە دەسەڵاتدا، بۆ تەنها بەرگریكردن و پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندیە
خێزانی و بنەماڵەیی و كەسی و حیزبیەكان، ڕوو لە فراوانبوون و زۆربوون و گەورەبوون
دەكات و زاڵدەبێ بەسەر بەها مرۆڤایەتیەكان و بەرژەوەندیە گشتیە نیشتیمانیەكاندا، ئیتر چیكە جێگە بۆ ئەو بەهایانە نامێنێت و سەرتاپای
ڕەوشت و ئایین و ئاكار و بیر و ئایدیۆلۆژیا و ویژدان دەكەونە ژێر نیشانەی پرسیارەوە.
ویژدان و ڕەوشت دووانەیەكی یەكڕەنگ و یەكبۆن و دوودیوی بەها
بەرزە مرۆڤایەتیەكانن، كاتێك دەكەونە ژێر فشاری بەرژەوەندیە تەسكەكانەوە، ڕووبەڕووی
تاقیكردنەوەی سەخت دەبنەوە.
لەهەموو سەردەمێكدا هەمیشە پرسیاری ئەوە دەكرێت ویژدان و
ڕەوشت گرنگترن یان یاسا و دادپەروەری و كامیان پێویسترە بۆ مرۆڤ و كاریگەرترە بۆ بەڕێوەبردنی
كۆمەڵ و بەرگریكردن لێی؟
لەڕاستیدا ئەم چوارینەی (ویژدان و ڕەوشت و یاساو دادپەروەریە)
زنجیرێكی پێكەوە پەیوەستن، بازنەكانی هەریەكێكیان لەناو ئەویتریاندا، پێكەوە گرێدراو
و تەواوكەری یەكترن.
ڕەوشت ئەو ڕێسایانەیە كە مرۆڤ لەگەڵ تێپەڕبوونی سەردەمدا،
هەر لە بوونیەوە، وەك ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی ژیانی دایڕشتوون و كردوونی بە ئاكاری
هەڵسووكەوت لەگەڵ یەكتریدا، بەمەبەستی پارێزگاریكردن لە بەها بەرزەكانی مرۆڤ و ئەو
كۆمەڵەی تیایدا دەژی. بەڵام ویژدان ئەو هەستە ناوخۆییەی مرۆڤە، كە پابەندی دەكات پەیوەست
بێت بە بەها ڕەوشتیەكانەوە و هەست بە بەرپرسیارێتی بكات بەرامبەر مرۆڤەكانی تر، ئیتر
گەر ئەوە ئەركە ئایینیەكان، كۆمەڵایەتیەكان، نیشتیمانیەكان یان نەتەوەییەكان دیاریان
بكات.
یاساو دادپەروەریش لە ئەنجامی پێشكەوتن و گەشەی ژیریاری
مرۆڤ و تاقیكردنەوەكانی بۆ ڕێكخستنی ژیان پەیدابوون، كە بەرجەستەبوون لە بەند و پەڕەگراف
و ڕێنماییدا، بۆ دیاریكردنی ئەرك و مافەكان لەگەڵ سزاكاندا بۆ چۆنیەتی بەرقەراركردنی
دادپەروەری، لە ڕێگەی سەپاندنی ئەو سزایانەوە، كە بەپێی ئەو سیستەمەی كۆمەڵی پێ بەڕێوەدەبرێت
دەگۆڕێت، دیموكراسی بێت یان جۆرێكی تر.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا لە نەبوون یان وونبوونی ویژدان
و ڕەوشت و دادپەروەری و یاسادا، كۆمەڵ دەگەڕێتەوە بۆ حوكمی جەنگەڵستان یان بۆ داڕمانی
هەموو بەها مرۆڤایەتیەكان؟ لێرەدا تەنها دەسەڵات بەرپرسیار نیە بە تەنها، هەرچەندە
پشكی شێری بەردەكەوێ، بەڵكو مرۆڤەكانیش، بە تاك و وەك كۆمەڵگاش.