په‌یڤێك بۆ یادی دایك و باوكی خۆشەویستم و یادگاریەكی ئەو وێنانە
1/22/2021 2:19:00 PM
د.ديارى ئەحمەد مەجيد
له كاتی گه‌ڕانمدا
به‌ناو ئه‌لبومی وێنه كۆنه‌كانمدا ئه‌و چه‌ند وێنه‌یه‌م به‌رچاو كه‌وت، بینینیان
بردمیانه‌وه بۆ یادگاری و بەسەرهاتەكانی سه‌رده‌مه‌كانیان.
له كاتی شه‌ڕی
قه‌یوان-ماوه‌تدا ساڵی ١٩٨٦ نزیكه‌ی مانگێك له سه‌ر شاخی پشتی دێی ووڵاخلوو بوم
به دیار دۆشكه‌یه‌ك و چوار ڕاكێتی سام ٧ وە و هه‌ر هه‌فته‌یه‌كیش كۆمه‌ڵێ پێشمه‌رگه
له تیپه جیاجیاكانی هێزی پێشمه‌رگه كه به‌شداری شه‌ڕه‌كه بون ده‌گۆڕان و ده‌هاتن
بۆ واجبی پارێزگاری له شاخه‌كه‌و له چه‌كه‌كان، من به حوكمی ئه‌وه‌ی ده‌وره‌ی
سه‌ر ئه‌و چه‌كانه‌م بینی بوو ده‌بوایه هه‌ر له‌وێبم.
باوكم و دایكم
پاش نزیكه‌ی ٣ ساڵ له زیندانه‌كانی به‌عسدا دوای سه‌رنه‌كه‌وتنی گفتوگۆی ی.ن.ك و ڕژێم
چیتر له شار نه‌مانه‌وه‌و له دێی ووڵاخلوو له ژورێكدا ده‌ژیان.
دایكم هه‌موو ڕۆژ
خواردنی ده‌كرد و باوكیشم وورده وورده به شاخدا سه‌رئه‌كه‌وت ده‌یهێنا بۆ ئێمه‌و
كه‌مێكیش به دووربین سه‌یرێكی مەیدانی شەڕەكەی ده‌كرد، چونكه شاخه‌كه‌ی ئه‌وبه‌رمان
كه ڕێگه‌ی كۆنی ماوه‌تی پێدا ده‌ڕۆیشت واته شاخی دۆڵبێشك جاش و جیشی پێوه بوو،
ئێمه ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وتینایه به‌ر هاوه‌ن ده‌دراین، به‌ڵام ئه‌وان ده‌سوڕانه‌وه
به كه‌یفی خۆیان جارجار ئێمه‌ش به دۆشكا ته‌قه‌مان لێده‌كردن. ئێوارەیەك كە
باوكم هاتبوو بۆلامان خواردنی بۆ هێنابووین، له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌دا بۆ ناو دێ تۆپباران
ده‌ستی پێكرد، تۆزێ له سه‌نگه‌ره‌كاندا چاوه‌ڕوانیمان كرد تا كه‌مێك تۆپباران كه‌مبوه‌وه،
به‌ڵام ٤،٣ هاوه‌ن دای به‌سه‌ر ڕێگه‌كه‌دا، له‌به‌رئه‌وه دڵم نه‌هات باوكم به ته‌نیا
بڕواته‌وه ناو دێ له‌گه‌ڵی ڕۆیشتم هه‌رچه‌نده حه‌زی نه‌كردو زۆریكرد كه له‌گه‌ڵی
نه‌چم، به‌ڵام من به‌ناوی ئاو هێنانه‌وه، كە دەبوو لەكانیەكی سەروی گوند بیهێنین،
چووم له‌گه‌ڵی، خۆشبه‌ختانه تۆپباران وه‌ستا.
بەسەلامەتی گه‌یشتینه‌وه
ناو دێ و منیش پاش پشوویەك و چا خواردنەوەیەك، به ده‌به‌یه‌ك ئاو و هه‌ندێ كولێره‌ی
تره‌وه، كه دایكم به زۆر بۆی پێچامه‌وه كه‌وتمه‌وه ڕێ بۆ سه‌ر شاخ.
ئه‌وه كاری ڕۆژانه‌ی
باوكم بوو ده‌هات بۆ لامان خواردنی بۆ ده‌هێناین و له هه‌موش خۆشتر بۆ دایكمی گێڕابوه‌وه
كه له سه‌نگه‌ره‌كه‌مدا ته‌نها به‌تانیه‌كی سه‌وزی خه‌تخه‌تی سه‌ربازی تیایه به‌زۆر
به باوكمدا سه‌رینێك و به‌تانیه‌كی ناردبوو، له‌و كاته‌دا كۆمه‌ڵێ پێشمه‌رگه‌ی گه‌رمیان
له‌وێ بوون، پێكه‌نین ووتیان بابه ئه‌وه ئه‌ڵێی ئوتێلی ده‌ره‌جه یه‌كه خواردنی
ڕۆژانه و سه‌رین له سه‌نگه‌ردا.
دونیا بەرەو
زستان دەڕۆیشت، شه‌وێك هه‌ورێكی چڕ هات و كردی به باو بۆران و ڕه‌هێڵه‌و هه‌وره
گرمه‌یه‌كی زۆر سەیر، ئێمەش هیچ نەبوو بمانپارێزێ وله تاو چه‌كه‌كان هه‌رچی نایلۆن
و به‌تانی بوو دامان به‌سه‌ر ڕاكێته‌كاندا و خۆمان تا به‌یانی باران لێیداین. من
پشتمدابوو بە تاشە بەردێكی گەورەوە و خۆم گرمۆڵەكردبوو، به‌ره‌و به‌یان نازانم چۆن
خه‌وم لێكه‌وتبوو لەوەدەچوو بۆ چه‌ند چركه‌ساتێك بووبێت، ئێستاش لەیادم ناچێت لەو چركەساتە خەوەدا، خەوم بەوەوە بینی دونیا تەمومژێكی
هێندە چڕ و گەورەیە چاو چاو نابینێت، كاروانێك بەلامدا تێدەپەڕی بەسەرسوڕمانەوە پێمدەڵێن،
نازانی ئەمە كۆتایی دونیایەو هەموو كەس ڕادەكەن، تۆ چیدەكەیت لەم شوێنەدا دانیشتویت؟
له پڕ لە دەنگی زرمه‌یه‌كی زل خه‌به‌رم بویەوە، تۆپێك بوو دای به‌سه‌ری شاخه‌كه‌دا.
دایكم وباوكم له
خەمی مندا شه‌و خه‌ویان لێنه‌كه‌وتبوو گووتبویان ئه‌مجاره هه‌وره‌تریشقه ده‌یان
كوژێ، باوكم له‌گەڵ ڕووناكی بەیانیدا لە پڕ په‌یدا بوو لامان بۆ دڵنیایی كه سه‌لامه‌تین
و له‌گه‌ڵ خۆیدا نان و ماستی بۆ هێنابوین . ئه‌مجاره پێشمه‌رگه‌كان به پێكه‌نینه‌وه
ووتیان ئه‌وه نانی به‌یانیشی بۆ زیادبوو.
جاش چه‌ندین جار
هێرشیان كرد بۆ شاخه‌كه به‌ڵام پاش چه‌ند ته‌قه‌یه‌ك ڕایان ده‌كرد، له‌به‌ر ئه‌وه
ڕژێم ٥ فه‌وجی قوات خاصه‌ی هێنابوو بۆ گرتنی شاخه‌كه چونكه ده‌یویست ئه‌و
ناوچانه تا سه‌ر سنور و ناوچه‌ی سه‌فره‌و زه‌رون بگرێت وڕێگه‌ی ئێران له پێشمه‌رگه
بگرێت،له‌به‌ر ئه‌وه بڕیاردرا چه‌كه قورسه‌كان ببرێنه خواره‌وه وبگوێزرێنه‌وه
بۆ شوێنێكی ئه‌مین.
له‌و ماوه‌یه‌دا
دارای برام له ئه‌ڵمانیاوه به‌سه‌ردان به ئێران‌دا هاتبوه‌وه كوردستان بۆلای
باوكم ودایكم له ووڵاخلوو. شه‌وێك تۆپبارانی چڕ ده‌ستی پێكرد و به‌ره‌به‌یان له‌گه‌ڵ
داكردنی باراندا تۆپباران ئیتر ناو دێشی گرته‌وه و هێرشیش ده‌ستیپێكرد، من و هێرشی
كوڕی پورم به‌ره‌و لای ماڵی باوكم ڕامانكرد بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌لامه‌تی باوكم ودایكم
و كاك دارا دڵنیابین، له‌پڕ ته‌قه له خوار دێ ده‌ستی پێكرد و تۆپیش ئیتر دەیدا
به ناو دێ‌دا. ئه‌و خه‌ڵكه كه‌مه‌ی له دێ‌دا مابوون ده‌ستیان كرد به ڕاكردن بەرەو
دەروەی گوند، له‌ژێر تۆپبارانی ڕژێم و بارانی خوادا و به‌ده‌م هات وهاوار و گریانی
ژن ومناڵه‌وه، ئێمه‌ش له خه‌می ده‌ربازكردنی دایكم و باوكمدا و دارای برامدا، كه
ترسم هه‌بوو پاش چه‌ندین ساڵ دووری لەو گه‌ڕانه‌وه‌یدا له‌وێ شتێكی لێبێت. هه‌وڵماندا
له دێ ده‌ریان بكه‌ین، دایكم نه‌یئه‌توانی بڕوا ووڵاخێكمان بۆ په‌یدا كرد، به‌ڵام
نه‌مان ئه‌توانی دایكم بخه‌ینه سه‌ری له‌و كاته‌دا دانیشتوویه‌كی گوند كه كوردی
ئێران بوو پێیان ده‌ووت عه‌لی پاڵه‌وان و لە بەهێزیدا پاره‌ی ئاسنی به‌ده‌ست
خوارده‌كرده‌وه، به‌لاماندا هات دایكمی وه‌ك سندوق به‌رزكرده‌وه و خستیه سه‌ر هێستره‌كه
و ووتی سه‌ڵامه‌ت ده‌رچن و به ڕاكردن دێی به‌جێهێشت. باوكم ودارای برام له پێشه‌وه
و هێرشی پورم ووڵاخی ڕاده‌كێشاو منیش له پشته‌وه زۆر به خێرایی به‌ره‌و شاخی به‌رامبه‌ر
به‌ڕێكه‌وتین، له به‌ختماندا چه‌ندین تۆپ دای له نزیكمان به‌ڵام هیچمان به‌ر نه‌كه‌وت
و له هه‌مووش باشتر چه‌ندین كه‌سی گوند بوون به هاوڕێگامان و ئه‌وان شاره‌زابوون
ڕێگه‌یان ده‌زانی. لە بەرەبەیانەوە و پاش هیلاكی و برسێتی زۆر و بڕینی تولەڕێی چەندین
شاخی سەخت، له ئێواره‌دا گه‌یشتینه گوندی گه‌وره دێ، ماڵی شه‌هید مامۆستا ڕه‌ئوف،
كە لێپرسراوی كۆمەڵایەتی ناوچەكەبوو، بەداخەوە دواتر لە بۆردومانی كیمیاوی شاناخسێدا
شەهیدبوو، لەگەورەدێ بوو چوینە ماڵیان. دایكم كه هه‌موو گیانی شین بوبوه‌وه له
سه‌رماو ماندوویی و برسێتی ونه‌خۆشیدا، زوو چه‌ندین به‌تانیمان پێدادا بۆ گه‌رم
بوونه‌وه. ڕۆژی دوایی بردمانن بۆ سه‌رگه‌ڵو بۆ ئه‌وه‌ی نوایه‌كی تریان بۆ بدۆزینه‌وه
تێیدا بژین و به‌په‌له‌ش دارای برام ڕه‌وانه بكه‌ینه‌وه بگه‌ڕێته‌وه شوێنی خۆی.
ئەو شەوەی ئێمە
لە گوند دەرچووین، سامانی كوڕی پورم كه زانیبووی ئێمه له‌وباره‌داین، له گوندی
قزله‌ره‌وه به‌ڕێ كه‌وتبوو بێت به هانامانه‌وه، شه‌و گه‌یشتبوه گوندی باڵخ و
چوبوو له مزگه‌وت كه‌مێك بنوێ، شه‌و له تۆپباران و شه‌ڕی ناوچه‌كه‌دا چه‌ند شه‌هید
هه‌بوون ته‌رمه‌كانیان بردبوو بۆ مزگه‌وت وایان زانیبوو ئه‌ویش شه‌هیده به‌تانی
به‌سه‌ره‌وه‌یه ته‌رمه‌كانیان له ته‌نیشته‌وه دانابوو، ئه‌ویش كه خه‌به‌ری
بووبوه‌وه سه‌یری كردبوو كه‌س له ژووره‌كه‌دا نیه و ئه‌وانه‌ش ته‌رمن لە دەوروبەری،
سامێكی گه‌وره دایگرتبوو چووبوه ده‌رێ كه یه‌كسه‌ر به‌ڕێكه‌وێت بۆ لای ئێمه بۆ
ووڵاخلوو ، به‌ڵام ڕێگا نه‌مابوو وه كه بیستبووی دێ چۆڵكراوه و ئێمه‌ش چووین بۆ
سه‌رگه‌ڵوو گه‌یشته لامان و ئه‌و وێنانه بۆ یادگاری گیران و بۆ ئه‌وه‌ی دارای
برام بیباته‌وه له‌گه‌ڵ خۆی بۆ ئه‌ڵمانیا.
دایكم و باوكم
پاش ئه‌وه له دێی قزله‌ر جێگیربوون، بەڵام پاش ماوەیەك ئه‌وێش به كیمیاوی بۆردومانكرا
و پاشان بارگه‌و بنه‌یان برده گووندی سێروان لای مەرگە و لەوێش هەمیشە لەژێر خەتەری
تۆپباراندا بوون، تا له‌وێوه له‌گەڵ دەنگی
دەستپێكردنی هێرشەكانی ئه‌نفالدا، دیسانەوە ناچاربوون ئەوێش جێبهێڵن و ئەمجارە كۆچ
بەرەو شاری سه‌قز له ئێران بكەن.
ئه‌وه به‌سه‌رهاتی
به‌شێكی كه‌می ژیانی خێزانەكەمان، باوكم ٢٠٠٣/٣/٢٨، پێش چه‌ند ڕۆژێك له ڕوخانی ڕژێمی
سه‌ددام بەداخەوە ماڵئاوایی وكۆچی یه‌كجاره‌كی كرد‌و ڕوخانی ڕژێمی به‌عسی نه‌بینی،
كه چه‌ند زیندانی و ده‌ربه‌ده‌ری له‌سه‌ر ده‌ستیان بینیبوو.