هونەری خۆناشرینكردن
3/14/2021 10:25:00 PM
د.ديارى ئەحمەد مەجيد
سەردەمی ئێستای سیاسەت و دیبلۆماسیەت و پەیوەندیە نێودەوڵەتی و نێونەتەوەییەكان و شێوازی حوكمڕانی و سیستەمی بەڕێوەبردنی ووڵات، سەردەمی جێبەجێكردن وپابەندێتیە بە دیموكراسی و پرنسیپ و بەها مرۆڤایەتیە شارستانیە جوانەكانەوە... بەهەندوەرگرتنی مافی مرۆڤ و ڕێزگرتنی یاساو سەروەریەتیەتی و پابەندێتیە بە جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانەوە.... پەیوەستبوون و پابەندبوون و پارێزگاریلێكردن و بەجوانی هێشتنەوەی ئەوانە، زامنی ڕێزلێگرتنت و یارمەتیدانت و بەهاناهاتنت و پشتگیریكردنە لێت.....
سەردەمی ئێستای كۆمەڵگای نێودەوڵەتی چاودێری كردنی هەڵسوكەوتی كارەكتەرەكانی پێكهاتەكانیتی، بە دەوڵەتی و نادەوڵەتیەوە... هەرچەندە بەرژەوەندیە باڵاكان زۆربەی كات ڕۆڵی گەورە دەبینن لە بڕیارەكاندا، بەڵام ئەوە ڕێگەی لەوە نەگرتوە كە سەركۆنەی دەوڵەتەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و هێزە سیاسیەكان و كارەكتەرە نادەوڵەتیەكان بكرێت، كاتێك لە پرنسیپ و بەها شارستانی و مرۆڤایەتیەكان لادەدەن و جێبەجێ ناكەن.... جۆرەها فشاری دەوڵەتی و جەماوەری و میدیایی دەكرێتە سەریان بۆ گۆڕینی هەڵسوكەوتیان، تا دەگاتە لێپێچینەوەو سزادانیان.....
كەسایەتیەكی وەك ترامب، كە سەرۆكی یەكێك لە دەوڵەتە زلهێزەكانی دونیابوو، لە ئەنجامی لادانی لە پرنسیپ و بەها دیموكراسیەكان دووچاری ڕەخنە و سەركۆنەی توندی ناوخۆیی و دەرەكی بویەوە... روسیای پوتین كاتێك ناڤالنی ڕێبەری ئۆپۆزیسیۆن بە نایاسایی دەستگیر دەكات دووچاری ڕەخنەو سەركۆنەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێتەوە.... چین كە دەنگە ناڕازیەكانی هۆنگ كۆنگ سەركوت دەكات، ڕووبەڕووی هەمان چارەنووسی ترامب و پوتین دەبێتەوە.....لە میانمار كاتێك سوپا كودەتا دەكات ڕووبەڕووی فشاری توند دەبێتەوە كە ڕێز لە دیموكراسی بگرێت....
بە كورتی لەم سەردەمەی بەجیهانیبوونەدا، كە فشارە جەماوەریەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی ومیدیای ئازاد ڕۆڵ و كاریگەری بەرچاو دەبینن لە ئاڕاستەكردنی سیاسەت و هەڵوێستی سیستەمە دیموكراسیەكاندا، هیچ لایەنێك ناتوانێت بە ئاسانی قوتار بێت لە سەركۆنەو ڕەخنەو فشار، كاتێك لادەدات لە پرنسیپ و ئاكارە جوانە شارستانیەكان....
حكومەت یان باشتر بڵێین ”حزبومەتی” هەرێم، كارەكتەرێكی هەرە بچوك و هەرە لاوازی هاوكێشە سیاسیە نەك هەر نێودەوڵەتیەكانە، بگرە هەرێمایەتیەكانیشە، بەڵام ئەوە مانای ئەوەنیە لەژێر چاودێری و ئاگاداری كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا نەبێت.... هەرێم لەبەر چەندین فاكتەر بوو بوو بە كارەكتەرێكی دی فاكتۆی (de facto) بەهەندگیراو، لێ بەداخەوە بەهۆی هەڵە ستراتیژیە زۆرەكانیەوە لەبری ئەوەی كۆششی ژیرانە و لێزانانە بۆ ئەوە بكات ئەو دی فاكتۆیە بەرەو دی یورە (de jure) بگۆڕێت، خەریكە هەموو قەوارەكەی لەدەستبدات....
مەخابن لە ماوەی ٣٠ ساڵی تەمەنیدا پەی بەوە نەبرد و دركی بەوەنەكرد، كەنیشاندانی نمونەی جوانی دیموكراسی و ڕێزی یاسا و مافی مرۆڤ وپێكەوەژیانی پێكهاتە جیاوازەكانی و بەرگری لە ئازادیەكان و حوكمڕانێتی ڕەشید و سیاسەتی عەقڵانی، چ ڕێز و قبوڵكردنێكی بۆ دابین دەكات... نەیتوانی پارێزگاری لەوە بكات چۆن كاتێك بەرەنگاری تیرۆریستەكانی چاخەكانی ناوەڕاست بووەوە، چ ڕێزێك و پێزانینێك و پشتیوانیەكی بۆ خۆی بەدەستهێنا؟ ...... بەڵام كاتێك قفڵ لە پەرلەمان و دیموكراسی ئەداو ئازادیەكان هەمووی دەخنكێنێ و یاسا بە ”لاستیك” دەكات و گوێ بە كەس نادات.... ڕووبەڕووی چ سەركۆنەو ڕەخنەو گلەیی دەبێتەوە و چ كارەساتێكی بەسەر دەهێنرێت..... كاتێك نەك سیستەمی حیزبی، بەڵكو حكومەتیش بە بنەماڵەیی دەكات.... و تووشی لوتبەرزی دەبێت.... و حساب بۆ دۆست ناكات و ڕیسك بە دەسكەوتەكانیەوە دەكات.... دووچاری چ جۆرە شكستی سیاسی و ئابوری دەبێت. كاتێك گەندەڵی دەبێت بە ”كولتوری” ناوماڵی وەك خۆی دانی پێدادەنێ..... چۆن ئیتر ڕێزی لێدەگیرێت و حسابی بۆ دەكرێت و جێگەی متمانەو جێی بڕوا دەمێنێت؟
ئەم دەسەڵاتە بەداخەوە تەنها هونەرێك لە ٣٠ ساڵی تەمەنیدا كە فێری بوو، ئەوەیە چۆن خۆی بەدەستی ئەنقەست ناشرین بكات لەبەردەم جیهان و لەبەردەم خەڵكەكەی خۆشیدا، داخۆ دواڕۆژ چی بەسەربێت؟