779وتار

تەندروستی پێش هەموو شتێک

6/7/2020 1:02:00 PM
ژینۆ محەمەد

دەتوانین بڵێین لە ماوەی سی ساڵی رابردوودا، هیچ کاتێک هێندەی ئێستا دۆخی ژیان ناهەموارو خراپ و لێوانلێو نەبووە لە نائومیدی، ئەو نائومێدییەی ئێستا لەگەڵماندا دەژی، زیادەڕۆیی نیە گەر بڵێین تەنانەت لە سەردەمی شەڕی براکوژیشدا بوونی نەبووە، لانیکەم ئەوێ رۆژێ، هێشتا چەند تروسکاییەک بۆ هیواو ئومێد، وزەی دەدا بە ژیان و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان. بەڵام ئەمڕۆ دوای سی ساڵ لە حوکمڕانی کوردیی، لە هەموو سێکتەرەکاندا گەیشتوینەتە بنبەست، بنبەستێک هێندەی لە هەرەسی گشتی و داڕمانی یەکجارەکییەوە نزیکە هێندە لە چارەسەرو ئومێدەوە نزیک نییە. 

سیمای گشتی ژیانی ئێستامان بریتیە لە هەڵتۆقینی قەیران لە دوای قەیران، کە رۆژانە ئاوێتەی ژیانمان دەبێت و هێشتاش ئەوانەی دەسەڵات بە دەستن ناتوانن یان نایانەوێت بەرپرسیاری بەڕێوەبردنی ژیانی ئەم ٥ بۆ ٦ ملیۆن کەسە هەڵبگرن کە لەم هەرێمەدا دەژین. سەرباری قەیرانە جیاوازەکان، کە شکست و بێ مروەتی و کەمتەرخەمی هەموو هێزەکان نیشان دەدات، بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، ڤایرۆسی کۆرۆناش هێندەی تر ژیانی لەم هەرێمە بارگاوی کردووە بە رەشبینی و شکست و بەدبینی. 

بەڵام ئەوەی جێی داخێکی گەورەیە، هێشتاش ئەم مەترسییە نەیتوانیوە دەلاقەی دابەشبوونە ترسناکەکانمان بچوک بکاتەوەو یەکمان بخات لانیکەم بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەم مەترسییەی ژیان و بوونمانی خستۆتە ژێر مەحەکەوە. پەتایەک لە جیهاندا هەیەو هەموو ئاماژەکان بە مەترسی و بەڵاو ئافاتی ناوزەند دەکەن، بەڵام هێشتا ئێمە لە موناقەشەی ئەوەداین ئایا کۆرۆنا راستە یان فشەیە؟ ئەمە ئەگەر هێما بێت بۆ هەرچییەک، بە دڵنیاییەوە هێما نییە بۆ زیندوێتی و هۆشیاری و بوونی بیروڕای جیاواز لە نێو دونیابینی توێژە جیاوازەکانمان دەرهەق بە دیاردە نوێکان، ئارگیۆمێنتی راستی و ناڕاستی کۆرۆنا لە باشترین حاڵەتدا هێمایە بۆ خۆکوژییەکی دەستەجەمعی، ئاخر ئەوەی پێیوایە بەم نکۆڵی کردنە ئەتوانێت شۆڕش دژی دەسەڵات بەرپا بکات، جگە لە کردەیەکی خۆکوژی بێ هودە هیچی دیکە بەرجەستە ناکات

رۆژانە ئاماری توشبووان لە سلێمانی و هەرێمی کوردستان لە بەرزبوونەوەدایە، چ لۆژیک و دونیابینیەکی بیمارە پێتوابێت نکۆڵی کردن لە بوونی پەتاکە دەتوانێت ژیان ئاسایی بکاتەوەو دەربازمان بکات لە قەیرانەکان.. چەند پێکەنیناوی و لە هەمانکاتدا ترسناکە ئەو تێڕوانینەی پێیوایە نەبەستنی ماسک و پابەندنەبوون بە ڕێنماییە تەندروستیەکان رووبەرووبونەوەی ستەمکاریەکانی دەسەڵاتە.. لەسەر ئاستی تاک دەبێت هەموو لایەک بگەینە ئەو بڕوایەی کە ئازادیخوازی و شەڕکردن بۆ مافە رەواکانمان بە نکۆڵی کردن لە بوونی پەتاکەو بە فشەگرتنی، بەرجەستە نابێت. هەروەک بەستنی دەمامک و لە دەستکردنی دەستکێشیش ناتکاتە کۆیلەی دەسەڵات، ئەمانە بە رەهایی بیرکردنەوەی پۆپۆلیستیانەی ئەوانەیە کە هەمیشە دەیانەوێت فرسەتەکان بقۆزنەوە بۆ ئەوەی لەسەر پشتی جەماوەر دەستکەوتی سیاسی بچننەوە بە بێ ئەوەی توانای پێشکەشکردن و جێبەجێ کردنی هیچ پرۆژەیەکی جدیان هەبێت.

خۆپیشاندان بۆ داواکاردنی ماف، داخوازییەکی رەوایە، بەڵام ئەوانەی بەو هۆشیاریەوە بەشداری خۆپیشاندانەکان دەکەن کە کۆرۆنایان پێ فشەیە، دەبێت باش لەو راستیە تێ بگەن کاتێک ڤایرۆسەکە بۆ خانەوادەکانیان دەبەنەوە بە پلەی یەکەم خۆیان زەرەرمەند دەبن، چونکە هەموومان دۆخی تراژیدی تەندروستی هەرێمەکەمان دەزانین، هەروەک ئەو راستیەش دەزانین کە دەسەڵاتداران ئەگەر توشیش ببن وەک هەمیشە خاوەنی خزمەتگوزاری تەندروستی ڤی ئای پین و بۆ هەر کێشەیەکی تەندروستی بچوک و گەورە، نەخۆشخانە تایبەت و راقییەکان پێش هەمووان بۆ ئەوانە.

هەر بۆیە پێش ئەوەی بگەینە ئەو قۆناغەی، ئەم بەڵایە روحی ئازیزانمان دروێنە بکات باشترە خودپارێزی دەست پێ بکەین و بەجدی پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان بین، چونکە تەندروستیمان پێش هەموو شتێکە، ئاخر کە تۆ داوای ژیانێکی شایستەی پڕ ماف دەکەیت بۆ ئەوەیە زیندوو بیت، بە مردوو چی ئەگەر دوای ئەو هەموو دونیا ببێتە بەهەشت

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن