1474وتار

ئەو شتانەی کۆرۆنا بە بیری هێناینەوە

4/16/2020 9:17:00 AM
ژینۆ محەمەد

زیادەڕۆیی نیە گەر بڵێن هیچ کاتێک هێندەی ئەم ماوەیەی قەدەغەی هاتوچۆو کەرەنتینەین لە ماڵەوە، بێزاری و بێتاقەتی ئاوێتەی دەروون و بیرکردنەوەمان نەبووە، لانیکەم هەموومان ستایڵێکی ژیانمان کرد کە پێشتر بیرمان لێ نەکردبۆوە، بەڵام کۆرۆنا بەدەر لەو هەست و چرکەساتە ناخۆشانەی پێی ئەزمون کردین، چەندین شتیشی بە بیرهێناینەوە، شتگەلێک کە لە مێژبوو لە نێو رۆتینی ژیانماندا بارگاوی بوو بوون بە فەرامۆشی و بیرچونەوە.

کۆرۆنا بیری خستینەوە چ سەرمایەیەکی مەزنمان هەیە، تەنها ئەوەی لەشمان ساغەو نەخۆش نین. بیری خستینەوە تەنها دێوانەی بەختەوەریە مەحاڵەکان نەبین، پێی وتین ئەی مرۆڤ تەماشای دەوروبەرت بکە بۆ ئەو هەموو بەختەوەری و ئاسودەییە بچوکانەی بەردەستت فەرامۆش کردووە.
کۆرۆنا بیری خستینەوە خۆشبەختیەکی گەورەیە بێ ترس خۆشەویستانت لە ئامێزبگری، پێی وتین ئاسودەییەکی کەم نیە دوودڵ نەبی لە هەڵمژینی هەناسەی دایکت و ماچکردنی دەستە ماندووەکانی باوکت.

کۆرۆنا پێی وتین چەند خۆشە بۆنکردنی گوڵ و نێرگز پێویستی بە جورئەت و موجازەفە نەبێت.
کۆرۆنا بیری خستینەوە سپێدان و ئێواران کات تەرخان بکەین بۆ ئەوەی دیمەنە ئەفسوناوییەکانی خۆرهەڵاتن و خۆرئاوا بوونمان لە دەست نەچێ و ئارام لێیبڕوانین.

کۆرۆنا پێی وتین چارەسەری کەئابە لە 
دەرمانخانەکان نیە، بەڵکو بە ئارامی چا خواردنەوەیەکە لە سەهۆڵەکەو ئیسکان.
پێی وتین چ خەرەندێکە ژیان! 
شاردنەوەی زەردەخەنەکان بەهۆی ماسک و دەمامکەوە، بیری خستینەوە ئەوەش کەم نییە کاتێ بێ ترس لەگەڵ هاوڕێکانماندا کۆ دەبینەوه‌.



کۆرۆنا پێی وتین، خۆشبەختی دەستخستنی ڤیزە نیە بۆ گەشتی وڵاتە دوورەکان، ئەگەر نەتوانی بە ئازادانە و بێ لێپرسینەوەی یاسایی سەردانی ناوچە ناوازەکانی شارباژێرو هەورامان و گۆمی بێکۆدیان و بادینان بکەیت.

 کۆرۆنا بیری خستینەوە شارەکان چەند سامناکن خاڵی بن لە مرۆڤ، چەند ترسناکە شەقامەکان خاڵی بن لە رێبوار. بەڵام کۆرۆنا ئەوەشی پیشانداین سەدان خێزانی شارەکانمان بە کۆکردنەوەی کارتۆن و پلاستیکی فڕێدراو دەژین و هێشتا پڕن لە هیوای جوان، له‌ پێناو ژیان کردن.

کۆرۆنا بیری خستینەوە، ئازادی چەند بەهادارە بۆ ژیانمان، چ ئاسودەییەکی گەورەیە، ئازادانە و بێ ترسی پۆلیس پیاسەیەکی باخی گشتی و گڵکەند بکەین.

کۆرۆنا پێی وتین پەرستنه‌کانمان  خاڵی بونەتەوە لە مانا، بۆیە خودا دەرگای ماڵەکانی خۆی بەسەردا داخستین. 
کۆرۆنا پێی وتین گەر مزگەوت و کڵێساش نەبێ هەر خێر زۆرە بیکەین.

کۆرۆنا بیری خستینەوە پزیشک و پەرستیارو کارمەندانی تەندروستی گرنگترن لە مۆدێلەکانی ئینستاگرام. 
پیی وتین ژیان هەر بەردەام دەبێ ئەگەر سیاسییەکانیش بێ دەنگ بن و چیتر گوێمان لە گوتارە پوچەکانیان نەبێ.

کۆرۆنا بیری خستینەوە سەرباری بێزارییەکانمان هێشتا ماڵەکانمان پڕن لەو جوانیانه‌ی که‌ ئێمه‌ په‌یمان پێنه‌بردون.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن