کۆرۆنا ژیانی کەرەنتینەکرد، بەڵام ژیاندۆستی نا
4/11/2020 12:08:00 PM
ژینۆ محەمەد
نزیکەی مانگێکە هەمومان تا سەر ئێسک لە دۆخێکی ناخۆشدا دەژین، ناخۆشیی بە هەمو ئەو مانا دزێوانەی کە ئەو چەمکە هەڵیگرتوە، تۆڵستۆی لە رۆمانی ئانا کارنینا راستیکرد کە وتی "بەختەوەری یەک شێوەی هەیە، بەڵام ناخۆشی جۆری زۆرە هێندەی زۆری مرۆڤەکان".
ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەم ماوەیە هەمو شێوە جیاوازەکانی ناخۆشی پێ ئەزمونکردین، شەقامەکانی چۆڵ کردین، کاسەی هەژارانی خاڵیتر کردەوە، بێبەشی کردین لە بینینی سروشت و جوانیەکانی بەهار، دڵی پڕکردین لە ترس، بەڵام ئهوهی گرنگه لەنێو ئەو ههمو ناخۆشی و نا ئومێدیەدا، ئەگەر بە چاوێکی دی بڕوانین دەتوانین جوانیەکان بدۆزینەوە.
ببینن ئەو پزیشک و پەرستیار و کارمەندە تەندروستیانەی پێشتر گلەییمان لێیان هەبو، متمانەمان پێیان نەبو، گومانمان لە دڵسۆزیان دەکرد، چۆن بێ گوێدانە مەترسیەکان، بێ گوێدانە کەمی کەرەستەی پزیشکی، بێ گوێدانە کەمی موچە. گیانبازانە چونە هێڵی پێشەوەی بەرگری و عاشقانە شەڕی ئەو ڤایرۆسەیان بۆ کردین.
زۆرێک لە سەرمایەداران و دەوڵەمەندەکان مەحاڵیان کردە راستی و لە ماوهیهکی زەمەنی کەمدا نەخۆشخانەیان لە هەمو شوێنە پێویستەکان دروستکرد.
چەندان مرۆڤی مەزنی ئەم کۆمەڵگەیە، ترسیان وەلانا و خۆبەخشانە سفرەی هەژارانیان پڕ کردەوە لە خواردن و پێداویستی، سەدان کەس دەناسم بێ ئەوەی چاوەڕێی هیچ دهستکهوتێک بکەن خۆبەخشانە لە دەرگاى چەندان کەسیان دا بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و دواتر بەخشینی بە هەژاران.
ئاگاداری چەندان شۆفێری تاکسیم کە ئەم ماوەیە بێ بەرامبەر خەڵکیان گواستوەتەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە دەبو لێی بن، دراوسێم بینی خوانی هەژارانەی خۆی لەگەڵ دراوسێکەیدا بەشدهکرد.
کۆرۆنا ژیانی لەم کۆمەڵگەیەدا کەرەنتینەکرد، بەڵام ژیاندۆستی نا.
کەس لە نێو مارکێتەکاندا لەسەر دەمامک و دەستکێش و کلێنس و جێڵ و کەرەستەی پاکژکەرەوە نەچون بەگژ یەکتردا وەک لە ولاتانی تر بینیمان، کەس قۆرخکاری نەکرد لە کەرەستە خۆراکییەکاندا و هیچ مارکێتێک بە درێژایی ئەم ماوەیە رەفەکانی خاڵی نەبونەوە لە کەرەستە و پێداویستی خۆراکی، وەک لە وڵاتانی تر بینیمان، دەیان خاوەن مارکێت دەفتەری قەرزیان لابردو دەرگای دوکانەکانیان بۆ هەژاران واڵاکرد. دەیان خاوەن کرێچی لە پارەی کرێکانیان خۆش بون.
ئەم کۆمەڵگەیەم خۆشدەوێ، لێوانلێوە لە مرۆڤی جوان، لەو مرۆڤانەی هیچ دۆخ و چرکەساتێکی سەخت، دونیابینیە پڕ لە ژیاندۆستیەکانی کاڵ ناکاتەوە. ئەم کۆمەڵگەیەم خۆشدەوێ کە پڕیەتی لەو مرۆڤانەی لە کاته تاریکەکاندا وەکو نورێکی جاویدان دەردەکەون و ئومێدو هیوا دەبەخشنەوە.
مەگەر لەبیرمان چو پێشتریش پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعشدا چۆن گیانبازیانکرد و بەرگریان لێ کردین، خۆ پێشتریش گلەییمان لێیان هەبو، بە هێزێکی دابەشکراو بەسەر حیزبمان دەزانین، بەڵام داستانی گیانبازییان بو بە چیرۆکی نەمری و شانازی لە هەمو دونیادا.
ئەم کۆمەڵگەیەم خۆشدەوێ، چونکە پڕە لە مرۆڤی مەزن، ئەو یەک دو روداوە ناخۆشانەى جاروبار لێرەو لەوێ رودەدەن لە چیرۆکی ناشرین و پڕ لە ئازار گوزارشت نین لە کۆى ئەم کۆمەڵگەیە، ئاخر چ کۆمەڵگەیەک ئەو هەمو نەهامەتی و ئازارە ببینێ و هێشتا بەها کۆمەڵایەتییەکانی پرشنگ بدەن، چ کۆمەڵگەیەک هەیە ئەو هەمو قەیرانەی بەسەردا بێ و هێشتا ئاشتی کۆمەڵایەتی لە ترۆپکدا بێ.
ئێمە کۆمەڵگەیەکی جوانمان هەیە ئەگەرچی خاوەنی ئیدارەیەکی خراپیش بین، ئەگەرچی سیستمی حکومڕانیمان پڕی بێت لە نادادپەروەری. ئەگەر حیزب و سیاسەت لێگەڕێن جوانخاسیی رەفتاری تاکی کورد بە کوێی خەڵکی ئەم هەسارەیە بەراورد دەکرێ. کە سەیری کۆمەڵگەکەم و سیستمی حوکمڕانییەکەی دەکەم بێ ویستی خۆم خەیاڵم دەچێ بۆ چیرۆکی ئەو باوکە لاسار و نابەرپرسیارەی خێزان و منداڵەکانی خاوەنی جوانترین پەروەردەن و گیریان خواردوە بە دەست رەفتارە ناشرینەکانی باوکیانەوە.