لە ڕۆژئاوا هەرێمێک بەڕێوەیە
12/5/2019 2:26:00 PM
هێرش عەبدولڕەحمان
دوای دووساڵ چاوەڕوانی کۆمیتەی نووسینەوەی دەستوری تازە بۆ ئایندەی سوریا بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، کە نوێنەرایەتی ملیۆنان کەس دەکات، لەسەر داواکاری و خواستی تورکیا بەشدارییان پێنەکراوە، دەستی بە کارەکانی کرد!.
تائێستا ئەو لیژنەیە ھیچ بەرچاو ڕوون نیین، ئەجێندای کۆبونەوەکان دیارە کە حکومەتی سوریا ئامادە نیە گۆڕانکاری لە دەستورە کۆنەکەدا بکات. ئەوەش ھەمووی پەیوەستە بەوەی ئەو ھێزانەی بەشداری سەرەکییان ھەیە لە نووسینەوەی ئایندەی سوریادا، وەک ڕوسیا و تورکیا و ئێران بەهەموو شێوەیەک ناساندنی ناوچەی خۆبەڕێوەبەری ڕەتدەكەنەوە، خۆیان لەڕاستیی هەبوونی گەلی كوردو تایبەتمەندییەكانی لە سوریا گێل دەكەن. بۆیە لە سەرەتاشدا نوێنەرەكانی كوردیان لە پرۆسەی دانوستان دوورخستەوە لە جنێف و ئەستانە.
ئەوەی ڕوسیا و تاران و ئەنقەرە دەیانەوێت سوریایەكی یەكگرتووە، کە بەخواستی ئەوان بنیات بنرێتەوەو وەک بوكەڵەیەك بێت بەدەستیانەوە. مەرجی ئەردۆغانیش نابێت ھەرێمێکی تری ھاوشێوەی ئەوەی عێراق لە سوریا دروست ببێت.
دوو ئەگەر ھەیە:
بەشارو دیمەشق ئامادەی دانوستان بن و داواکاریەکانیان جێبەجێبکات و تەواوی مافاکانیان لە دەستوردا جێگیر بکرێت، ئەوە دەبنەوە بە بەشێک لە سوریای داھاتوو، بە چاودێری یوئێن و ئەمریکا.
بەشار سوربێت لەو ھەڕەشانەو بیەوێت پەراوێزیان بخات و پێی وابێت بە ھێز دەتوانێت بیانخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی، ئەوە دەبنە ھەرێمێکی سەربەخۆو ئەمریکا دەیانپارێزێت. چانسی دووەم بەھێزترەو ڕۆژئاوا بە ئاراستەی سەربەخۆبوون ھەنگاو دەنێن.!
ئەگەر دانوستانەکانی ئاشتەوایی لەنێوان لایەنە ناکۆکەکانی سوریا سەرکەوتوو نەبن، ئاماژەکان دیارە کە دیمەشق ئەو ئامادەییەی نیە، ئەوا ئەگەری پارچەبوونی ئەو وڵاتە زیاتر دەبێت و ھەرێمێک ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەیە و پشتگیری ئەوروپاو ئەمریکای دەبێت و لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەنگی زۆرینەی بۆ کۆدەکرێتەوە.