سەرسامیی ڕۆژئاواییەکان بە حکومڕانی رۆژئاڤا
10/15/2019 10:55:00 AM
هێرش عەبدولڕەحمان
بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بە بڕیاری ترەمپ، دەریخست كوردی ڕۆژئاڤا خاوەنی دۆستیكی زۆرە لە دونیای دەرەوە. هەر سەربازێكی ئەمریكی یان كاربەدەستێكی حكومەتی ئەو وڵاتە كە شارەزایی تایبەتی لە كەیسی ڕۆژئاڤا داهەیە كاتێك لێی دەپرسی بۆ وا سەرسامن و بەرگری سەرسەخت لە كوردەكانی ئەوێ دەكەن ؟ ئەوا پێت دەڵێن ڕۆژئاوای كوردستان لەماوەی چەند ساڵێكدا توانیویانە دەسكەوتی گەورە بەدەست بهێنن و وێنەیەكی جوان لە حکومڕان بەرفراوان نیشانی جیهان و دەوربەر بدەن. ئەوان دەڵێن دەسەڵاتی ڕۆژئاڤا سەركەوتوانە توانیان زۆربەی هێزە كوردییەكان و عەرەب و نەتەوەكانی تر لە ژێر یەك چەتر و ئاڵادا كۆ بكەنەوە، ئەمەش لەڕوانگەی ئەوانەوە كارێكی هەروا ئاسان نییە لەناوچەیەكی پڕ لە كێشەدا ئەو هەموو نەتەوە جیاوازانە کۆبکەیتەوە.
بەلای كەسانی دیارو بەرچاوی ئەمریكاوە ئەم بڕیارە لەناكاوەی ترامپ جێی بڕواو پێشبینی كراو نەبوو، بگرە وەك كارەساتێك سەیریان كرد. كاتێك ئەم بڕیارە سۆشیال مێدیا، بە تایبەتی تویتەر، و مێدیاكانی دیکەی تەنی، هەر زوو ئەندامی ئەنجومەنی پیران “ لیندزی گرام “ لە تویتێكدا ڕایگەیاند بڕیارەكە بەرامبەر بە كوردەكان هاوشێوەی ١١ سێبتەمبەر بوو و هەموومانی شۆك كرد. ئەمەش نیشانەیە بۆ ئەوەی ئەو جۆرە بڕیارانە پرس و ڕاوێژی لەبارەوە نەكراوە.
یەكەم جارە ناوی كورد بەم فراوانییە و ئەم شێوازی دەستبەرداربوونە لەم نەتەوەیە لە باكوری سوریا باس دەكرێت و دەبێتە بابەتێك كە ڕۆژانە تا دێت كۆدەنگیی و پشتگیری زیاتری بۆ پەیدا دەبێت. كەم كەس هەیە ئێستا بەداخ نەبێت بۆ كوردەكانی سوریا و بەرگری لە رۆژئاڤا نەكات. تەنانەت لە سەرئاستی وەزارەتی دەرەوە و پەنتاگۆن و ئەنجومەنی پیران و كۆنگرس و تەواوی سەنتەرە ستراتیژییەكان و سەدان نوسەر و كەسایەتی واشنتۆن دژایەتی خۆیان بۆ بڕیارەكەی ترامپ دەربڕیووە، ئەم كۆدەنگییەش پێشتر كەمتر بینراوە لەبەرامبەر بەرگریی لە میللەتێكی بێ دەوڵەت و بێ پشت و پەنا.
ئێستا وای لێهاتووە لەسەر ئاستی میللی و خەڵك و لەسەر ئاستی فەرمی و بەتایبەت سیاسییە ژیرەكانی ئەمریكا دەڵێن ئێمە بەرگەی ئەم بێدەنگیە ناگرین بەرامبەر بە كۆمەڵ كوشتنی كورد و لوتبەرزیی تورك. ڕۆژ نییە پەیوەندیی بە نوێنەرەكان نەكرێت لە كۆنگریس و ئەنجومەنی پیران و داوایان لێ نەكرێت ئەم بڕیارە كوێرانەی سەرۆكی ئەمریكا هەڵبوەشێتەوە و لە بەرامبەر ئەمەدا بڕیارێكی كۆنكرێتی بدرێت بۆ مانەوەی ئەمریكا لە رۆژئاوا بۆ ئەوەی ترامپ بە ئارەزووی خۆی و لەرێی سۆشیال میدیاوە پاشەكشە بەو هێزانە بكات.
ئەوەی دەبینرێت ئەوەیە پرسی كورد لە دوای ڕیفراندۆم جارێكی تر دەنگدانەوەیەكی گەورەی دایەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و كێشەی كورد لە ئاستی شەقامی ئەمریكی و ئەوروپی و تەنانەت عەرەبیش كرد بە پرسێكی گرنگ و هەستیار. ئەم دەنگدانەوەیە پێمان دەڵێت خەباتی رۆژئاوا لە رووی سیاسییەوە بوونی خۆی سەلماندووە لە گۆڕەپانەكە و لە ئاستی دیپلۆماسیشدا فۆرمی ناوچەیی جێهێشتووە و بووەتە پرسێكی جیهانی.
ئەم وتارە تایبەت بۆ ڕۆژنامەی "زەمەن" نوسراوە